چ مۆسیقایه‌ك به‌هێزت ده‌كات؟

تەندروستی :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 262‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: ئامۆژگاری

دواڕۆژ

ئاشكرایه‌ كه‌ مۆسیقا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌روونی مرۆڤ هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێكۆڵه‌ران بایه‌خی پێده‌ده‌ن، كاریگه‌رییه‌كانی مۆسیقایه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ و وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت مۆسیقا به‌ چه‌ند رێگه‌یه‌ك جه‌سته‌ به‌هێز ده‌كات.


یه‌كه‌م كاریگه‌ریی مۆسیقا له‌سه‌ر مرۆڤ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌یاڵی ده‌بات و به‌وه‌ش واده‌كات ئه‌و ئه‌ركه‌ جه‌سته‌ییه‌ی له‌و كاته‌دا ئه‌نجامی ده‌دات، ئه‌وه‌نده‌ سه‌خت ده‌رنه‌كه‌وێت.

لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ریخستووه‌ كاتێك مرۆڤ وه‌رزش ده‌كات، گوێگرتن له‌ مۆسیقا واده‌كات 10%ی جاران ئاسانتر بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌رزشه‌كه‌ زۆر سه‌خت بێت، ئه‌و ئاسانبوونه‌ زۆر كاریگه‌ریی نابێت، به‌ڵكو له‌و كاته‌دا مۆسیقا ده‌توانێت له‌بری ئاسانكردن، ببێتەهۆی چێژ وه‌رگرتن له‌ وه‌رزشه‌كه‌.

كاریگه‌رییه‌كی تری مۆسیقا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوێگرتن له‌ مۆسیقای خێرا ده‌بێته‌هۆی خێراكردنی لێدانی دڵ له‌ 5-15 لێدان له‌ خوله‌كێكدا، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌هۆی رشتنی هۆرمۆنی ئه‌دریناڵین كه‌ واده‌كات له‌شت ئاماده‌ی سه‌ختیی زیاتر بێت و به‌هێزتر ببێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ختییه‌كان.

گرنگییه‌كی تری مۆسیقا ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ گۆرانیدا تێكه‌ڵ بكرێت و ئه‌وه‌ش واده‌كات مێشك و له‌ش له‌گه‌ڵ وشه‌كانی گۆرانییه‌كه‌دا جووڵه‌كانیان بگونجێنن. 

به‌وه‌ش كاره‌كان ئاسانتر و خێراتر رووده‌ده‌ن، ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ گوێگرتن له‌ مۆسیقای خێرا وه‌رزشی راكردن ده‌كه‌ن 20%ی خێراییان له‌و كه‌سانه‌ زیاتره‌ كه‌ به‌ بێده‌نگی راده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر وه‌رزش ده‌كه‌یت و ده‌ته‌وێت به‌هێز بیت، بۆ وه‌رزشی قورسایی واباشه‌ مۆسیقای 110-145 لێدان له‌ خوله‌كێكدا بۆ نمونه ‌ (Another One Bites the Dust)ی هونه‌رمه‌ند كوین گوێ لێ بگریت. 

ئه‌گه‌ر راكردن ده‌كه‌یت سه‌ره‌تا به‌ گۆرانیی 120 لێدان له‌ چركه‌یه‌كدا ده‌ستپێبكه‌ بۆ نمونه ‌ ( Raise Your Glass)ی هونه‌رمه‌ند پینك و پاشان به‌ره‌و لێدانی 140 وه‌ك (Somebody Told Me) ی زه‌ كیڵه‌رز و پاشان 170 لێدان وه‌ك (Paper Planes)ی ئێم ئای ئه‌ی بچۆ.

ئه‌گه‌ر وه‌رزشی پاسكیل ده‌كه‌یت گوێ له‌و گۆرانییانه‌ بگره‌ كه‌ 90-168 لێدانیان هه‌یه‌ له‌ خوله‌كێكدا و ئه‌گه‌ر به‌نیازی لێخوڕینی خێراتریت ئه‌وا گوێ له‌ گۆرانییه‌كانی 80-120 لێدان بگره‌.

بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی لێدانه‌كانی ئه‌و گۆرانییانه‌ بزانیت كه‌ حه‌ز ده‌كه‌یت گوێیان لێ بگریت سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ بكه‌: https://songbpm.com/
و: س ر

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure