فێربوونی زمانی بیانی رێگره‌ له‌ خڵه‌فان؟

تەندروستی :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 229‌ جار بینراوە
dwarozh
توشبوویه‌كى نه‌خۆشى زه‌هایمه‌ر


تاگ :: تەندروستی

دواڕۆژ

ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ت بیستبێت كه‌ فێربوونی زمانێكی بیانی ده‌بێته‌ هۆی رێگریكردن یان لانی كه‌م دواخستنی خڵه‌فان.


خڵه‌فان حاڵه‌تێكی ته‌ندروستییه‌ كه‌ تیایدا نه‌خۆشه‌كه‌ توانا ئه‌قڵییه‌كانی له‌ده‌ست ده‌دات و یه‌كێك له‌ جۆره‌ به‌ربڵاوه‌كانی خڵه‌فان نه‌خۆشیی زه‌هایمه‌ره‌. هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌ روونی ده‌ستنیشان نه‌كراون، به‌ڵام چه‌ندین هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ رێگری و دواخستنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ و هه‌ندێك لێكۆڵه‌ر پێیان وایه‌، فێربوونی زمانێكی بیانی هۆكاره‌ بۆ دواخستنی تووشبوون به‌و حاڵه‌ته‌.

خڵه‌فان مه‌رج نییه‌ له‌ هه‌موو به‌ساڵاچوویه‌كدا رووبدات، به‌ڵكو زۆر كه‌س به‌ درێژایی ته‌مه‌نێكی درێژ به‌ توانایه‌كی ئه‌قڵیی به‌هێزه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها خڵه‌فان جیاوازه‌ له‌ بیرچوونه‌وه‌ی ئاسایی. بیرچوونه‌وه‌ی وشه‌یه‌ك یان له‌بیركردنی شتێك ئاساییه‌، به‌ڵام هه‌ست كردن به‌ ونبوون له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆتدا یان بیرچوونه‌وه‌ی چۆنێتیی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل نیشانه‌ن بۆ حاڵه‌تێكی جیاواز له‌ بیرچوونه‌وه‌ی ئاسایی، كه‌ خڵه‌فانه‌.

ئه‌و كه‌سانه‌ی پێیان وایه‌، فێربوونی شتی نوێ مێشك به‌هێز ده‌كات ئه‌وانه‌ن كه‌ مێشك به‌ ماسولكه‌ به‌راورد ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌، تاوه‌كو مێشك به‌ چالاكی بهێڵرێته‌وه‌ به‌هێز ده‌بێت، به‌ڵام مێشك وه‌كو ماسولكه‌ نییه‌ و خۆی به‌رده‌وام چالاكه‌. ته‌نانه‌ت هێشتا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ نازانین ئایا مێشك راهێنانی پێ ده‌كرێت یان نا. به‌دڵنیاییه‌وه‌ راهێنان له‌سه‌ر چالاكییه‌كی دیاریكراوی مێشك ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی زیادبوونی توانای مێشك له‌و چالاكییه‌دا، به‌ڵام نازانرێت ئایا تا چه‌ند تواناكانی تری مێشكیش به‌گشتی به‌هێز ده‌بێت.

هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك كه‌س پێیان وایه‌، زانینی دوو زمان یان زیاتر مێشك له‌ خڵه‌فان ده‌پارێزێت، به‌ڵام له‌ راستیدا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دوو زمان و زیاتر ده‌زانن له‌ جیهاندا له‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ زیاتره‌ كه‌ ته‌نیا یه‌ك زمان ده‌زانن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خڵه‌فان هێشتا دیارده‌یه‌كی به‌ربڵاوه‌. 

لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریده‌خات زانینی دوو زمان ده‌بێته‌ هۆی دواكه‌وتنی نیشانه‌كانی خڵه‌فان بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ و نیو، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه‌سه‌كه‌ به‌رده‌وام هه‌ردوو زمانه‌كه‌ به‌كار بهێنێت. لێكۆڵینه‌وه‌ی تر ده‌ریده‌خه‌ن چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی و گفتوگۆ یارمه‌تیده‌رن بۆ دواخستنی خڵه‌فان. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ زانینی زمانێكی تر ئه‌و كاته‌ به‌سووده‌ كه‌ گفتوگۆ و چالاكیی كۆمه‌ڵایه‌تی پێ ئه‌نجام بده‌یت.

و: س ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure