پیاسه‌كردنی رۆژانه‌ زه‌هایمه‌ر هێواش ده‌كاته‌وه‌

تەندروستی :: 19/07/2019‌ :: 246‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

پسپۆڕان بڕوایان وایه‌ وه‌رزش و جووڵه‌ی رۆژانه‌ ده‌توانێت كه‌مبوونه‌وه‌ی توانای ئه‌قڵیی ئه‌و كه‌سانه‌ هێواش بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ری تووشبوونی نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك زه‌هایمه‌ریان هه‌یه‌.


لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك به‌م دواییه‌ ده‌ریخستووه‌ رۆژانه‌ رۆیشتن بۆ ماوه‌ی 8900 هه‌نگاو ده‌بێته‌ هۆی هێواشكردنه‌وه‌ی توانای ئه‌قڵی له‌و كه‌سانه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ری نه‌خۆشییه‌كه‌یان هه‌یه‌ و پرۆتینی ئامیلۆید بێتا له‌ مێشكیاندا زۆره‌ كه‌ به‌ هۆكارێكی زه‌هایمه‌ر ده‌زانرێت.

لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ ده‌ریده‌خات كه‌ چالاكیی وه‌رزشی ده‌بێته‌ هۆی پاراستنی توانای ئه‌قڵیی مرۆڤ و نه‌خۆشییه‌كانی بۆرییه‌كانی خوێنیش كه‌م ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هۆكارن بۆ جه‌ڵته‌ی مێشك وه‌ك به‌رزیی فشاری خوێن و قه‌ڵه‌وی و شه‌كره‌.

ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ 182 كه‌سی به‌ته‌مه‌نی له‌خۆ ده‌گرت و ماوه‌ی 7 ساڵ به‌رده‌وام بوو. رۆژانه‌ جووڵه‌ و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ تۆمار ده‌كرا و نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك فشاری خوێن و شه‌كره‌ و هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی وه‌ك جگه‌ره‌كێشانیش دیاریده‌كران. به‌شداربووان ساڵانه‌ پشكنینی توانای ئه‌قڵییان بۆ ده‌كرا بۆ دۆزینه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی له‌نێوان چالاكیی وه‌رزشی و توانای ئه‌قڵیدا.

لێكۆڵینه‌وه‌كانی پێشوو ده‌ریانخستبوو كه‌ وه‌رزش ده‌بێته‌ هۆی پاراستنی ناوچه‌ی خۆڵه‌مێشیی مێشك و كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئامیلوید بێتا كه‌ به‌ هۆكارێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ زه‌هایمه‌ر ده‌زانرێت. لێكۆڵینه‌وه‌ نوێیه‌كه‌ ده‌ریخست كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی جووڵه‌ و چالاكیی جه‌سته‌ییان زیاتره‌ له‌ ته‌مه‌نێكی دره‌نگتردا تووشی له‌ده‌ستدانی تواناكانی یاده‌وه‌ری و له‌ده‌ستدانی خانه‌كانی مێشك ده‌بن و رێژه‌ی ئامیلۆیدیشیان كه‌متره‌.

پسپۆڕان پێیان وایه‌ بۆ بڕیاردان له‌وه‌ی ئایا وه‌رزش ده‌توانێت رێگر بێت له‌ تووشبوون به‌ خڵه‌فان یان نا پێویستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی درێژخایه‌نتره‌.

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ پاراستنی توانای ئه‌قڵی واباشه‌ خۆراكی ته‌ندروست بخۆین و خواردنه‌وه‌ی كحول سنوردار بكه‌ین و مێشك به‌ چالاكی بهێڵینه‌وه‌ و ئاگاداری كێش بین و خۆمان له‌ جگه‌ره‌كێشان به‌دوور بگرین، هه‌روه‌ها ئاگاداری راده‌ی كۆلیسترۆڵی خوێن بین بۆ رێگری كردن له‌ جه‌ڵته‌ی مێشك كه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی تواناكانی مێشك.

و: س.ر
پ: ن.ر
ب: س،ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure