بۆچی زۆرینەی منداڵی ساوا توشی زەردووی دەبن؟دکتۆر دواڕۆژ وەڵامدەداتەوە

تەندروستی :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 1059‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: تەندروستی

دواڕۆژ

دایكێک لە رێگای  دکتۆر دواڕۆژەوە دەپرسێت زەردووی منداڵی تازە لەدایکبوو چییە؟ بۆچی روودەدات؟ دکتۆر دواڕۆژ وەڵامی تەواوی دەداتەوە.

دکتۆر دواڕۆژ لە وەڵامی پرسیاری ئەو هاوڵاتییەدا دەڵێت:

ئەو جۆرە زەردوییەی كە لە منداڵی تازە لەدایكبوودا سەرهەڵدەدات بەتایبەت پاش تێپەڕبوونی 24 كاتژمێر بەسەر لەدایكبوونیدا حاڵەتێكی ئاسایی و سروشتییە.

هۆكاری ئەم حاڵەتە ئەوەیە خوێنی كۆرپە لە سكی دایكیدا جۆرە هیمۆگڵۆبینێكی تێدایە كە لەدوای لەدایكبوون وردە وردە ئەو جۆرە هیمۆگڵۆبینە تێك دەشكێت و هیمۆگڵۆبینێكی تر دروست دەبێت. زەردوییەكە دەرئەنجامی تێكشانی ئەو جۆرە هیمۆگڵۆبینەی قۆناغی كۆرپەلەییە. بۆیە ئەم جۆرە زەردوییە پێی دەوترێت زەردویی فیسیۆلۆجی.

دیارە ئەم جۆرە زەردوییە بەهێزتر دەبێت ئەگەر منداڵەكە پێش وادەی خۆی لەدایك بووبێت. هەرچەندە ئەو جۆرە زەردوییە لەبەر رووناكی باشدا بە ئاشكرا دیارە، بەڵام ئێستا بووە بە نەریت لە هەموو نەخۆشخانەكاندا پێش ئەوەی دایك و منداڵەكە ئیزن بدرێن پشكنین بۆ كۆرپەكە دەكرێت.

لەڕووی شیرپێدانەوە پێویستە ئەو منداڵەی كە شیری دایكی پێ‌ دەدرێت رۆژانە 8 بۆ 12 جار شیری پێبدرێت لە رۆژە سەرەتاكانی ژیانیدا.

ئەگەر شیری قوتوی پێ‌دەدرێت پێویستە دوو سێ‌ كاتژمێر جارێك نزیكەی 60 میلیلتر شیری بۆ بگیرێتەوە و بیدرێتێ‌.

باشترین ئاماژە بۆ بەرزی و نزمی زەردووییەكە پشكنینی خوێنە بەتایبەت پشكنینی بیلیرۆبین كە لە 24 كاتژمێری یەكەمدا هەتا 5.2 ئاساییە و لە رۆژانی داهاتووشدا بەرز دەبێتەوە، بەتایبەت ئەگەر منداڵەكە شیری دایكی بخوات. ئەم جۆرە زەردوییە لە دوو هەفتەی یەكەمی تەمەندا نامێنێت. 

بۆ حاڵەتە ئاساییەكانی زەردویی فیسیۆلۆجی چارەسەر بە رووناكی باشترین رێگایە، واتە منداڵەكە بە جلی تەنكەوە بخرێتە ژێر گڵۆپێكی سپییەوە، ئەو تیشكە زەردوییەكە خێراتر ناهێڵێت.

بەڵام ئەگەر زەردوییەكە هەر لەكاتی لەدایكبووندا هەبوو یاخود كۆمەڵێك نیشانەی لەگەڵدا بوو وەك بێ‌ ئارامیی و گریانی بەردەوام و سەربردن بۆ پشتەوە و شیر نەخواردن ئەوا پێویستە ببرێتە نەخۆشخانەی تایبەت و لە هەندێك حاڵەتدا رەنگە پێویست بكات خوێنەكەی بۆ بگۆڕدرێت.

تۆش دەتوانیت کلیک لێرە بکەیت و پرسیارەکەت بۆ دکتۆر دواڕۆژ بنێریت.

بڵاوکردنەوە:ئەڤین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure