چەمچەماڵ: نەخۆشیەک هەڕەشە لەهەنجیری سنوورەکە دەکات

ژینگە :: 08/07/2019‌ :: 319‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ، بەختیار شەریف
لەسنووری ناحیەی تەکیەی قەزای چەمچەماڵ، زیاتر لە ۱۰ باخی هەنجیر تووشی نەخۆشییەکی کشتوکاڵی بوون و هەڕەشەی لەناوچوونی بەرهەمی ئەمساڵی لێدەکرێت.

وریا قشڵاخی خاوەن یەکێک لەباخەکانی سنوورەکە ئەمڕۆ (دووشەممە ٨ی تەموز) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەسنوورەکە و بەتایبەتی لەگوندی قشڵاخ، نەخۆشییەک لەناو باخەکانماندا بڵاوبۆتەوە، کە گەڵا و بەرەکان وشک دەکاتەوە.

وتیشی: ئەو نەخۆشییە زیاتر هەنجیرەکان و کەمێک لە هەنارەکانی گرتۆتەوە و ناشزانرێت چی نەخۆشیەکە.

لەبارەی هۆکارەکانی نەخۆشیەکەوە عیسا جەلال بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چەمچەماڵ بەدواڕۆژی راگەیاند: لیژنەی رێنماییە کشتوکاڵییەکانمان ناردووە و رێنمایی پێویست و  شێوازی چارەسەرمان پێداون.

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی قەزاکە دەشڵێت: "دوای سەردانیکردنی لیژنەکان دەرکەوت نەخۆشیەکە زیاتر هۆکاری ئاو و خاکەکەیە".

لەبەرامبەردا ئەو باخەوانە دەڵێت "ئەگەر هۆکارەکە کەم ئاوی و وشک بوون بێت، کاتێک ئاوی زۆر دەخەینە ژێر هەنجیرەکان، ئەو بەرانەشی دەوەرێت کە تازە سەر هەڵدەدەنەوە".

گوندی قشڵاخ دەکەوێتە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، ۱۲ باخی هەنجیری هەیە ، کەنزیکەی ۱٥ دۆنمە و ئێستا مەترسی وشک بوون و لەناوچوونی لەسەرە.

پ: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure