لەناوچوونی شەشەم.. ئایا زەوی لە كۆتایی نزیك بۆتەوە؟

ژینگە :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 150‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: ژینگە

دواڕۆژ


لەناوچوون یان قڕتێكەوتن زاراوەیەكی نامۆیە كە ماوەیەكە زۆر بەر گوێمان دەكەوێت. لە ڕاستیدا مێژووی مرۆڤایەتی لەگەڵ (لەناوچووندا) مێژوویەكی تازەیە سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەهەم كە زاناكان جەختیان كردەوە بوونەوەری تر هەبوون كە لە سەردەمانی زوودا لەم جیهانەدا ژیاون پێش ئەوەی ئێمە دروست بین. سەرەتا وا دەزانرا ئەم بوونەوەرانە لە جیهانێكی دیكەوە هاتوون كە پێش ئەم جیهانە هەبووە، بەڵام وردە وردە ئەم بیرۆكەیە گەشەی كرد بەتایبەت پاش هەڵكەوتنی داروین.

چارڵس داروین بەناوبانگترین زانایە و خاوەنی پڕ مشتومڕترین بیرۆكەیە داروین لێكدانەوەیەكی ڕوونی دۆزییەوە بۆ ئەو بوونەوەرە كۆنانە واتە یەكێك لە كۆڵەكەكانی سروشت بریتیە لە زۆربوونی بوونەوەرێك لەسەر حیسابی لەناوچوون و دیارنەمانی بوونەوەرێكی تر بەو مانایەی كە تێكڕای دەركەوتنی دیارنەمانی بوونەوەرە كۆنەكان لەم ڕێگەیەوە داروین چارەسەرێكی سحراوی دۆزیەوە بۆ لێكدانەوەی لەناوچوون، بەڵام مەسەلەكە تەنیا هەر لەناوچوون نییە.

لە بارودۆخی سروشتیدا لەناوچوونی بوونەوەرەكان پڕۆسەیەكە زۆر بە هێواشی ڕوودەدات، واتە لە یەك ملیۆن جۆردا ساڵانە تەنیا 0.25 جۆر بوونەوەر لەناودەچێت، بەڵام لێكۆڵینەوە تایبەتەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە چەندین قۆناغ لە مێژووماندا هەبووە بوونەوەرەكان بە ژمارەی زۆر زۆر لەناوچوون، بۆ نموونە پێش 65 ملیۆن ساڵ نزیكەی لە %75 ی گیانلەبەران كت و پڕ لەناوچوون و ئێستا دەركەوتووە كە ئەو كارەساتە هاوكات بووە لەگەڵ بەربوونەوەی تەنێكی زۆر مەزن كە لە بۆشایی ئاسمانەوە هاتووە و داوێتی لە زەوی بە هێزێكی هێندە زەبەلاح كە زیاتر بووە لە سەدان هەزار بۆمبی هایدرۆجینی.

450 ملیۆن ساڵیش لەمەوپێش شەپۆلێكی تری لەناوچوون بووەتە هۆی قڕتێكەوتنی لە %85 ی شێوازەكانی ژیان، بەڵام نەك بەهۆی بەربوونەوەی تەنێكی زەبەلاحەوە، بەڵكو ئەم جارەیان بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆنەوە لە ڕووپۆشی زەویدا و هۆكارەكەشی تا ئێستا نەزانراوەو ناشزانرێت سەرچاوەی ئەو هەموو دووانە ئۆكسیدە لە كوێوە بووە.

دوای ئەوەی زەوی چۆتە قۆناغێكی سەهۆڵبەندانی گەورەوە دەگوترێت چەندین سەدە ژیان هەر لەژێر سەهۆڵدا بووە و پاشان وردە وردە ئەو قۆناغە تێپەڕیوە.

توێژینەوەكان دەڵێن لە ماوەی 500 ملیۆن ساڵی ڕابردوودا 5 شەپۆلی گەورەی لەناوچوون ڕوویانداوە.

هەندێك لە زاناكان دەڵێن حاڵی حازر ئێمە لە شەشەمین قۆناغی لەناوچووندا دەژین. لەناوچوونەكانی پێشوو لە دەرەنجامی ڕووداوی سروشتیدا بوون، بەڵام ئەمەی ئێستا هۆكارەكەی مرۆڤە لەوەتەی مرۆڤ دروست بووە تا ئێستا واتە لە ماوەی 300 هەزار ساڵی ڕابردوودا مرۆڤ لە %85 ی شیردەرەكانی سەر زەوی و لە %50 ی ڕووەكە گرنگەكانی لەناوبردووە.

كەواتە ئەگەر ئەمە لەناوچوون نەبێت چییە.
لە 100 ساڵی ڕابردوودا 200 جۆر گیانلەبەری بڕبڕەدار و زیاتر لە 27 هەزار جۆر لە وشكاوەكی لەناوچوون خشۆك و شیردەریش بەڕێژەی لە %50 كەمیان كردووە . 177 جۆر شیردەر بە ڕێژەیەكی زۆر بەرچاو ژمارەیان كەم بووەتەوە تەنیا لە 20 ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی شێری ئەفریقی لە %40 كەمی كردووە لە خۆرئاوای ئەفریقادا تەنیا 400 شێر ماون كە جاران هێندە زۆر بوون لە ئەفریقا و  باشوری ئەوروپاوە دەچوون بۆ هیندستان. 

ڕێژەی لەناوچوونی گیانلەبەرەكان ئێستا لە % 2000 ی زیاترە لە ڕێژە سروشتییەكەی. ئەمە بێجگە لە لەناوچوونی مێروو... باشە مرۆڤ چی دەكات وا ئەم كارەساتە سەریهەڵداوە؟

مەسەلەكە زۆر ساكارە قەتیسبوونی گەرما و گۆڕانی كەش و هەوا دەرەنجامی چالاكییەكانی مرۆڤە.

لە باری ئاساییدا تیشكی خۆر دەیدات لە زەوی و زەویش جارێكی تر دەیگەڕێنێتەوە بۆ بۆشایی ئاسمان، بەڵام كاتێك كە ڕێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە ڕووپۆشی زەوی بەرزدەبێتەوە بەشێكی ئەو تیشكە قەتیس دەبێت و ناتوانێت دەربچێت لە ئەنجامدا زەپۆش گەرم دەبێت و كارەساتی جۆراوجۆر ڕوودەدەن.

مرۆڤ ساڵانە ئێستا لە 100 ملیار تۆنی مەتریدا كاربۆن فڕێدەداتە ڕووپۆشی زەوییەوە ئەمەش مانای وایە ئەگەر دیاردەكە لەسەر ئەم خێزانە بەردەوام بێت ئەوا لە كۆتایی ئەم سەدەیەدا ڕێژەی دووانە ئۆكسیدی كاربۆن دەگاتە ئاستێك كە لە 15 ملیۆن ساڵی ڕابردوودا ڕووی نەداوە. 

ئەم گەرم بوونە هێندە مەترسیدارە ئەگەر تێكڕای پلەی گەرما 3 پلە بەرزبێتەوە، ئەوا لە %47 ی مێروو لە %26 بڕبڕەدار و لە %16ی ڕووەك لە ناوچە جوگرافییەكانی ئێستایاندا نامێنن و لەناودەچن و هەمەچەشنی لەسەر زەوی زۆر بچووك دەبێتەوە هەر ئەم گەرم بوونەی كەش و هەوا دەبێتە هۆی ترش بوونی ئۆقیانوسەكان ئەمەش ژیانی گیانلەبەرانی ناو ئاو دەخاتە بەر مەترسییەكی گەورە. ئەم مەترسییانەی مرۆڤ وای كردووە زانا جیۆلۆجییەكان قۆناغی ئێستای زەوی ناو بنێن بە سەردەمی مرۆڤ.. ئێمەی مرۆڤ نیوەی ڕووكاری وشكانی زەویمان گۆڕیوە.

شێوەی ڕووبارە سەرەكییەكانی جیهانمان دەستكاری كردووە و لە هەموویاندا بەنداومان داناوە. 

هەروەها لەڕێی دروستكردنی پەینی كیمیاوییەوە هێندە نایترۆجین بەرهەم دەهێنین كە هەموو سیستمە سروشتییەكانی تێپەڕاندووە. هەموو شتێك لە گۆڕاندایە. كە شۆڕشی كشتوكاڵی دەستی پێكرد مرۆڤ زۆر جۆر ڕووەكی لەناوبرد لەپێناو چاندنی جۆرێكی تایبەتدا ئەویش نەك تەنیا لە پێناوی خواردندا، بەڵكو بۆ مەبەستی دیكە كە لاوەكین.

دەگوترێت نزیكەی 8.7 ملیۆن گیانلەبەر لەسەر ئەم ئەستێرەیە هەیە كە مرۆڤ توانیویەتی لە %10 ی بناسێت تێكڕای ئەم بوونەوەرانە نە بەشدارن لەوەی ژیان بە شێوازێك بڕوات بەڕێوە كە بۆ هەموویان گونجاو بێت. بە بێ ڕووەك ئۆكسجین نابێت، بە بێ مێروو میوە و دانەوێڵە نابێت، چونكە ئەمانن گوڵەكان دەپیتێنن.

ئەمە ڕوونكردنەوەیەكی سادەی ڕاستییەكانی ژیانە و لە ڕاستیدا سیستمە ژینگەییەكان زۆر لەوە ئاڵۆزترن. بۆ نموونە لەناوبردنی مێروویەكی بچووك لەسەر شاخێكی وڵاتی كینیا پەیوەندی ڕاستەخۆی هەیە بەسەر ژیانی مرۆڤەوە لە میسر و كوەیت و ... هتد.

ئێمە ئاژەڵەكان تەنیا بۆ مەبەستی خواردنی ناكوژین، بەڵكو لەپێناوی چەند ئامانجێكی بازرگانییەوە كە هیچ پەیوەندییەكیان نییە بە پێویستییە بنەڕەتییەكانمانەوە. بە كورتییەكەی ئەوەی ئێمەی مرۆڤ كردوومانە و تا ئەم چركەساتە دەیكەین لەناوبردنی ژیانە لەسەر زەوی.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

ب: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure