7 خوو کە مێشك له‌ناو ده‌به‌ن

تەندروستی :: 19/06/2019‌ :: 1481‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

راسته‌ جاروبار حه‌ز ده‌كه‌ین مێشكمان راگرین و به‌ كه‌مێك خواردنه‌وه‌ یان خه‌و یان ته‌ماشاكردنی به‌رنامه‌ی لاوه‌كیی ته‌له‌فزیۆنی پشوو بده‌ین. به‌ڵام هه‌ندێك خوو و شێوازی ژیان هه‌ن كه‌ واده‌كه‌ن مێشك به‌ڕاستی زیانی پێ بگات و توانای كار و چالاكییه‌كانی نه‌مێنێت. وه‌ك له‌ خواره‌وه‌ ده‌یبینین هه‌ندێك خوو هه‌ن خانه‌كانی مێشك له‌ناو ده‌به‌ن و هه‌ندێكی تریش ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی مێشك زیاد ده‌كه‌ن:


1. نه‌خواردنی نانی به‌یانی: ئه‌م خووه‌ ناته‌ندروسته‌ شه‌كری خوێن كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش زیانی زۆر به‌ مێشك ده‌گه‌یه‌نێت به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌م نان نه‌خواردنه‌ی به‌یانیان زۆر دووباره‌ ببێته‌وه‌. مێشك زۆرترین وزه‌ی له‌ش به‌كارده‌هێنێت و پێویستی به‌ 20%ی شه‌كری ناو خوێنه‌.

2. بێخه‌وی: بێخه‌وی و كه‌مخه‌وی واده‌كه‌ن ده‌ماره‌خانه‌كان به‌باشی كار نه‌كه‌ن و به‌وه‌ش هه‌ستی ناچالاكیی مێشك و خراپی یاده‌وه‌رییت تێدا دروست ده‌بێت كه‌ ده‌شێت ببنه‌ هۆكار بۆ هه‌ڵه‌ و رووداوی نه‌خوازراو له‌ رۆژی دواتردا.

3. زۆر خۆری: په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌رنجڕاكێش له‌نێوان قه‌ڵه‌وی و خڵه‌فاندا دۆزراوه‌ته‌وه‌. ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كان ئه‌وه‌ بێت له‌كاتی زۆر خۆریدا ده‌شێت به‌شێكی پێكهاته‌ خۆراكییه‌ پێویسته‌كان نه‌خۆین كه‌ بۆ ته‌ندروستیی له‌ش و مێشك پێویسته‌. هه‌روه‌ها له‌ ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ی نێوان ساڵی 1990 و 2015، ژماره‌ی كه‌سانی تووشبوو به‌ خڵه‌فان بووه‌ته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ و رێژه‌ی كه‌سانی قه‌ڵه‌ویش له‌ 11.1%ه‌وه‌ زیادی كردووه‌ بۆ 30.6% كه‌ ئه‌م زیادبوونه‌ له‌ یه‌ككاتدا پێویستی به‌ سه‌رنجی زیاتره‌.

4. جگه‌ره‌كێشان: لێكۆڵینه‌وه‌ی زۆر له‌سه‌ر زیانه‌كانی جگه‌ره‌كێشان كراوه‌ و به‌ روونی ده‌زانین كه‌ جگه‌ره‌كێشان زیانی زۆر به‌و ناوچانه‌ی مێشك ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌رپرسیارن له‌ راگرتنی هاوسه‌نگی و هاوئاهه‌نگی و توانای جوڵه‌. جگه‌ره‌كێشان هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی ته‌نككردنه‌وه‌ی به‌رگی مێشك كه‌ تیایدا زمان و یاده‌وه‌ری و بینین رووده‌ده‌ن. 

5. وشكبوونه‌وه‌: 70%ی له‌شی مرۆڤ له‌ ئاو پێكهاتووه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات خواردنه‌وه‌ی ئاو و شله‌مه‌نیی بۆ چالاكییه‌كانی مێشك پێویست بێت. كاتێك وشكبوونه‌وه‌ رووده‌دات به‌خێرایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێشك دروست ده‌بێت و توانای ئه‌قڵی ده‌ستبه‌جێ كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و هاوئاهه‌نگی و سه‌رنجدان زۆر لاواز ده‌بن.

6. شه‌كری زۆر:
له‌ش و مێشكی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی كار بكات پێویستی به‌ شه‌كره‌ به‌ڵام خۆراكی ئێستا شه‌كری زۆر تێدایه‌. شه‌كری زۆر و به‌رده‌وام ده‌بێته‌ هۆی هه‌وكردنی درێژخایه‌نی خانه‌كانی له‌ش به‌ خانه‌كانی مێشكیشه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ی شه‌كری زۆرتر ده‌خۆن توانای یاده‌وه‌رییان كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌گه‌ری خڵه‌فانیان زیاتره‌.

7. گوشاری ده‌روونیی درێژخایه‌ن: كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌موو له‌ش هه‌یه‌. گوشاری ده‌روونی به‌هۆی بارودۆخی ئه‌و چركه‌ساته‌وه‌ زۆر گرنگه‌ و واده‌كات مرۆڤ هه‌نگاوی پێویست بنێت بۆ پاراستنی ژیانی خۆی، به‌ڵام كاتێك ئه‌و گوشاره‌ ده‌روونییه‌ به‌هۆی كار و شێوازی ژیانه‌وه‌ بێت ده‌بێته‌ گوشاری ده‌روونیی درێژخایه‌ن و ئه‌وه‌ش واده‌كات هۆرمۆنی كۆرتیزۆڵ له‌ مێشكدا كه‌ڵه‌كه‌ ببێت و كاریگه‌ریی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر مێشك دابنێت. ته‌نانه‌ت ده‌شێت ببێته‌ هۆی بچووكبوونه‌وه‌ی مێشك و لاوازكردنی هه‌ندێك له‌ تواناكانی وه‌ك فێربوون و یاده‌وه‌ری.

و: س.ر
پ: ن.ر
پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure