شه‌وان پێش نووستن ئه‌م 7 كاره‌ بكه‌

هەمەڕەنگ :: 16/06/2019‌ :: 2991‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: ئامۆژگاری

دواڕۆژ
نووستنی باش یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی. مرۆڤ پێویستی به‌ 6-8 كاتژمێر نووستنی باش هه‌یه‌، نووستنی باشیش پێویستی به‌ له‌ش و مێشكێكی ئاسووده‌ هه‌یه‌. ئه‌م 7 رێگه‌یه‌ی خواره‌وه‌ یارمه‌تیت ده‌ده‌ن بۆ خه‌وێكی ئارام:


1. لیستێك دروست بكه‌ له‌و كارانه‌ی كه‌ ده‌ته‌وێت ئه‌نجامیان بده‌یت، ته‌نانه‌ت كاره‌ زۆر لاوه‌كییه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ له‌بیرت نه‌چن. جگه‌ له‌وه‌ش نووسینه‌كه‌ نیگه‌رانیت له‌باره‌ی كاره‌كه‌وه‌ ناهێڵێت و خه‌وێكی ئاسووده‌ترت ده‌بێت.

2. خۆت بكێشه‌ره‌وه‌ و چه‌ند جووڵه‌یه‌كی راكێشانی ماسولكه‌كانت بكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ماسولكه‌كانت خاو ببنه‌وه‌ و ئاسانتر خه‌وت لێ ده‌كه‌وێت.
3. بایه‌خ به‌ خاوێنیی پێست و ددانت بده‌. پێش چوونه‌ جێگا روخسارت بشۆ و كرێمی شێداركه‌ری لێ بده‌ و ددانت بشۆ و به‌ پاكی رایبگره‌. ئه‌مه‌ یارمه‌تیت ده‌دات به‌ گه‌نجی بمێنیته‌وه‌.
4. له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و خۆشه‌ویسته‌كه‌تدا قسه‌ بكه‌ چونكه‌ هه‌ستكردن به‌ نزیكی له‌ خێزان و خۆشه‌ویستان ئاسووده‌ییت پێ ده‌به‌خشێت.
5. بخوێنه‌ره‌وه‌ چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی پێش نووستن سه‌رنجت له‌سه‌ر نیگه‌رانییه‌كان لاده‌بات و ده‌یگۆڕێت بۆ سه‌ر بابه‌تی كتێبه‌كه‌، به‌وه‌ش ناڕه‌حه‌تیت نامێنێت.
6. خۆت له‌ شاشه‌ دوور بخه‌ره‌وه‌ و ته‌له‌فونه‌كه‌ت مه‌به‌ره‌ ژووری نووستن و با ژووری نووستنه‌كه‌ت ته‌له‌فزیۆن و كۆمپیوته‌ریشی لێ نه‌بێت. شه‌وانه‌ش ته‌له‌فونه‌كه‌ت بكوژێنه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی زه‌نگ و كورته‌نامه‌ خه‌وت لێ تێك نه‌دات.
7. سوپاسگوزار به‌ و بیر له‌ 5 شت بكه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و رۆژه‌دا سوودیان پێ گه‌یاندوویت و سوپاسگوزاریت كه‌ هه‌ن. بیركردنه‌وه‌ له‌ لایه‌نی ئه‌رێنی ئاسووده‌ییت پێ ده‌دات و خه‌وێكی ئارامت پێ ده‌به‌خشێت.

و: س.ر
پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure