كێ‌ تووشی دەوالی قاچ دەبێت؟

تەندروستی :: 15/06/2019‌ :: 9564‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: تەندروستی

دواڕۆژ

 

دەوالی بریتییە لە خوێنبەری ئاوساوی پێچاوپێچ كە رەنگە تووشی هەموو خوێنبەرێك ببێت بەڵام زیاتر لە خوێنبەرەكانی پەلی خوارەوەدا روودەدەن.

 

ئەم كێشەیە زیاتر لەڕووی جوانكارییەوە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی كەسەكە بەڵام هەندێك جاریش ئازار و دڵەڕاوكێی لێدەكەوێتەوە. بەدەگمەنیش روودەدات كە ببێتە هۆی خوێنبەربوون و دروستبوونی كێشە لە كۆئەندامی سووڕی خوێندا.

 

بەشێوەیەكی سروشتی خوێن لەڕێی خوێنبەرەكانەوە دەگەڕێنەوە بۆ دڵ تا لەوێوە بچێتەوە بۆ كۆئەندامی هەناسەدان و لە سییەكاندا پاكبكرێتەوە. ئەو خوێنبەرانە چەندین دەرچەی تێدایە كە رێگری دەكەن لەوەی كە خوێنەكە بگەڕێتەوە. كەموكوڕیی و دروستبوونی كێشە لەو دەرچانەدا میكانیزمی گەڕانەوەی خوێن تێك دەدەن ئەمەش كاتێك دروست دەبێت كە مرۆڤەكە قەڵەو بێت یان زیاد لە پێویست بەپێوە بوەستێت چونكە ئەو دەرچانە گوشاری زۆریان دەكەوێتە سەر.

 

كەواتە دەوالی قاچ زیاتر لە كەسانی قەڵەو و ئافرەتی دووگیاندا دەردەكەوێت. نیشانەكانیشی بریتین لە هەستكردن بە ئازار و ماندویەتی لە قاچدا. هەندێك جاریش ئاوسانی لەگەڵدا دەبێت كە دواتر تووشی برینیش دەبێت. لە زوربەی زۆری حاڵەتەكاندا كە نەخۆشییەكە زۆر گەشەی نەسەندبێت بە بەكارهێنانی گۆرەوی تایبەت و دابەزاندنی كێش ئەم نەخۆشییە چارەسەر دەكرێت كە پێویستە نەخۆشەكە لەگەڵ ئەوانەدا هەوڵ بدات كەمتر بەپێوە بوەستێت و پێڵاوی گونجاویش بكاتە پێی.

 

پسپۆڕان دەڵێن نابێت ئەم كێشەیە پشتگوێ‌ بخرێت چونكە ئەگەر هەیە كڵۆی خوێن دروست بكات و ئەو كڵۆ خوێنە تێكەڵی سووڕی خوێن ببێت و سەرئەنجام كەسەكە تووشی جۆرێك لە جۆرەكانی جەڵتە دەکات. ئەگەر نەخۆشییەكە زۆر پێشڕەوی كردبێت ئەوا پێویستە نەشتەرگەری بۆ بكرێت.

 

پ: پەری

بڵاوکردنەوە: سۆران نورەدین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure