رۆژانه‌ بۆ ماوه‌ی دوو مانگ ترێ بخۆ و كاریگه‌رییه‌ سه‌یره‌كه‌ی ببینه‌

هەمەڕەنگ :: 12/06/2019‌ :: 2175‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

ترێ خۆراكێكی به‌تامه‌ و هه‌زاران ساڵه‌ مرۆڤ سوودی لێ وه‌رده‌گرێت. ترێی سه‌وز و سوور و ره‌ش و زه‌رد و په‌مه‌یی به‌ربڵاون. ده‌توانرێت به‌ كاڵی و به‌ شه‌ربه‌ت و به‌ وشككراویش بخورێت. سوودێكی زۆری ته‌ندروستیشی هه‌یه‌:


1. رێگره‌ له‌ نه‌خۆشی: ترێ بڕێكی زۆر دژه‌ ئۆكسێنی تێدایه‌ كه‌ ده‌توانێت خانه‌ له‌ زیانی ته‌نۆلكه‌ به‌ره‌ڵاكان بپارێزێت كه‌ هۆكارن بۆ نه‌خۆشییه‌ درێژخایه‌نه‌كانی وه‌ك شێرپه‌نجه‌ و نه‌خۆشیی دڵ و شه‌كره‌. ترێ جگه‌ له‌ بوونی دژه‌ ئۆكسێنی زۆر، بڕێكی زۆر ڤیتامین C و بێتا كارۆتین و لوتین و كورسێتین و لایكۆپین و ترشی ئیلاجیكی تێدایه‌ كه‌ به‌رگریی له‌ش به‌رامبه‌ر نه‌خۆشی به‌هێز ده‌كه‌ن.
2. ته‌ندروستیی چاوت باشتر ده‌بێت: پێكهاته‌ی ریڤێرساترۆڵی ناو ترێی ره‌ش چاو له‌ نه‌خۆشیی ئاوی سپی و ئاوی ره‌ش و نه‌خۆشیی شه‌كره‌ له‌ چاودا ده‌پارێزێت. هه‌روه‌ها تۆڕی چاو له‌ زیانی تیشكی سه‌روو وه‌نه‌وشه‌یی ده‌پارێزێت. هه‌روه‌ها به‌هۆی بوونی دوو دژه‌ ئۆكسێن به‌ناوه‌كانی لوتین و زیكسانتینه‌وه‌ ترێ ده‌توانێت ته‌ندروستیی چاو بپارێزێت به‌تایبه‌تی له‌و تیشكه‌ شینه‌ی كه‌ له‌ شاشه‌ی مۆبایله‌وه‌ دێت.
3. پیری دوا ده‌خات: مرۆڤ حه‌ز ده‌كات تا ده‌توانێت دره‌نگتر پیر ببێت و ترێ بۆ ئه‌م كاره‌ به‌سووده‌. پێكهاته‌كانی ناو ترێ پیری دوا ده‌خه‌ن و ته‌مه‌نی خانه‌ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ها ڤیتامین Cی ناو ترێ پێستیش ته‌ندروست ده‌كات و گرنگه‌ بۆ دروستبوونی كۆلاجین كه‌ پێست نه‌رم ده‌كات و چرچی ناهێڵێت.
4. هه‌وكردن كه‌م ده‌كاته‌وه‌: هه‌وكردنی درێژخایه‌ن هۆكاری زۆر نه‌خۆشیی درێژخایه‌نه‌ له‌وانه‌ش نه‌خۆشیی رۆماتیزم. هه‌وكردن كاردانه‌وه‌یه‌كی گرنگی كۆئه‌ندامی به‌رگرییه‌ به‌ڵام كاتێك درێژخایه‌ن بێت زیانبه‌خشه‌ و ده‌شێت نه‌خۆشییه‌كانی وه‌ك شێرپه‌نجه‌ و نه‌خۆشیی دڵ و ناڕێكیی به‌رگریی خۆكار دروست بكات. خواردنی رۆژانه‌ی هێشوویه‌ك ترێ هه‌وكردن زۆر كه‌م ده‌كاته‌وه‌.
5. یاده‌وه‌رییه‌كی به‌هێزتر: چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ترێ زۆر به‌سووده‌ بۆ فێربوون و یاده‌وه‌ری. لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی 3 مانگی له‌سه‌ر 111 كه‌سی ته‌ندروست ده‌ریخست كه‌ خواردنی رۆژانه‌ی ترێ زیره‌كیی مرۆڤ زیاد ده‌كات. هه‌روه‌ها مه‌زاج باش ده‌كات و توانای به‌بیرهێنانه‌وه‌ به‌هێز ده‌كات و ره‌نگه‌ دژی ئه‌لزه‌هایمه‌ریش بێت.
6. ته‌ندروستیی ئێسك به‌هێز ده‌كات: ترێ چه‌ندین پێكهاته‌ی تێدایه‌ كه‌ بۆ ته‌ندروستیی ئێسك گرنگن، یه‌كێك له‌ گرنگترینیان ڤیتامین Kیه‌. ئه‌م ڤیتامینه‌ ده‌بێته‌ هۆی هێشتنه‌وه‌ی كالسیۆم له‌ ئێسكدا و به‌وه‌ش ئێسك به‌ به‌هێزی ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ترێ كالسیۆم و فسفۆر و مه‌گنسیۆم و پۆتاسیۆم و مه‌نگه‌نیزی تێدایه‌ كه‌ چڕیی ئێسك زیاد ده‌كه‌ن.
7. به‌رگریی له‌ش به‌هێز ده‌كات: به‌رگریی له‌ش ئه‌ركی ئه‌وه‌یه‌ له‌ش له‌ به‌كتریا و ڤایرۆس و ته‌نی ده‌ره‌كی بپارێزێت. بوونی به‌رگرییه‌كی به‌هێز له‌ش له‌ نه‌خۆشكه‌وتن ده‌پارێزێت. خواردنی رۆژانه‌ی ترێ ده‌بێته‌ هۆی نه‌خۆش نه‌كه‌وتن. ڤیتامین Cی ناو ترێ دژی هه‌وكردنی ڤایرۆس و به‌كتریایه‌. هه‌روه‌ها ترێ دژی هه‌وكردنی كه‌ڕوو و ڤایرۆسی مێخه‌كه‌ و بالوكه‌ و ڤایرۆسی سورێژه‌یه‌. 
ترێ بڕێكی زۆر ڤیتامین و توخم و ریشاڵ و پرۆتین و دژه‌ ئۆكسێنی تێدایه‌ كه‌ ده‌بنه‌ هۆی ته‌ندروستی و توانای به‌هێزتری ئه‌قڵ و ته‌مه‌ندرێژی. 

و: س ر

پ: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure