خەوی چاك چۆنە؟

هەمەڕەنگ :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 401‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

هەموومان ئەوەمان بەسەرهاتووە كە بە ماندوبونێكی زۆرەوە دەچینە ناو جێگا و دەخەوین، بەڵام پاش بێداربوونەوە هێشتا هەر هەست ئەكەین هیلاك و بێحاڵین، یان كاتێك كە خەبەرمان دەبێتەوە ئەوانەی دەوروبەرمان پێمان دەڵێن بەدەم خەوەوە قسەت كردووە. ئەم دوو حاڵەتە و چەند كێشەیەكی دیكن بەشێكە لە تێكچوون و ناڕێكوپێكی خەو.

خەوی چاك لەڕووی پزیشكییەوە پێویستە دوو خەسڵەتی تێدا بێت، ماوەكەی و جۆری خەوەكە.

پێویستی مرۆڤ بە خەو لە شەو و رۆژێكدا لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت. كەسانی ئاسایی پێویستیان بە 7 بۆ 9 كاتژمێر خەو هەیە، كە ئەگەر لەم ماوەیە كەمتر بخەوێت هەست بە ماندویەتی و خەواڵویی دەكات. هەندێكجار روودەدات مرۆڤەكە ئەو 7 بۆ 9 كاتژمێرە خەوتووە بەڵام جۆری خەوەكەی باش نەبووە و پاش بێداربوونەوە هەست بە هیلاكیی و خەواڵویی دەكات.

جەستەی مرۆڤ بە ریتمێكی دیاریكراو دروست بووە كە شەو بخەوێت و بە رۆژ چالاك بێت. گۆڕینی كاتەكانی خەو كاریگەری خراپ لەسەر چۆنایەتی خەوەكە دادەنێت چونكە خەوی رۆژ بە بەراورد بە خەوی شەو كوالیتییەكی كەمتری هەیە. هەڵبەتە هەندێك كەس وا دروست بون كە دەتوانن شەو نەخەون و زوربەی كاتەكانی رۆژ بە خەو بەسەر ببەن، خەڵكی تریش هەیە شەو زوو ئەخەوێت و بەیانیان زوو لە خەو هەڵدەستێت. بەشێوەیەكی گشتی باشتر وایە سیستمی خەوی هیچ كەسێك دەستكاری نەكرێت بە مەرجێك كە كارنەكاتە سەر ژیانی رۆژانەی ئەو كەسە. 

ئەو هۆكارانەی كە بەرپرسیارن لە تێكچوونی چۆنایەتی خەو جۆراوجۆرن، بۆ نموونە كێشەی دەماریی و دەروونیی و هەبوونی ئازار و نەخۆشی و بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، هەروەها هۆكارە فیزیاییەكانی وەك رووناكی و دەنگەدەنگ و پلەی گەرمی شوێنەكە. كەمی ماوەی تەرخانكراو بۆ خەو و خراپی جۆری خەوەكە هەردووكیان دەتوانن هۆكاری ئەوەبن كە بۆچی هەندێك جار خەو هیلاكیمان ناڕەوێنێتەوە.
كێشەیەكی دیكە كە لەكاتی خەودا سەرهەڵدەدات وەستانی هەناسەیە كە رەنگە جەڵتەی دڵ و مێشكی لێ‌ بكەوێتەوە. هەروەها پرخەپرخ كردن دەرئەنجامی ئەوەیە كە بۆرییەكانی هەناسەدان تەنگ دەبنەوە بەهۆی خراپی باری نووستنەوە یان هەناسەدان لە دەمەوە. 
قسەكردن لە خەودا لە منداڵدا مەسەلەیەكی چاوەڕواننەكراو نییە و لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵدا ئەم دیاردەیە كەمدەبێتەوە. بەڵام ئەگەر لە گەورەساڵدا سەریهەڵدایەوە رەنگە پێویست بكات ئەو كەسە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكات.

پ: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure