یاسایەکی نوێ، تا 10 دار نه‌ڕوێنیت خوێندن ته‌واو ناكه‌یت

ژینگە :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 159‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: ژینگە

دواڕۆژ

یاسایه‌كی نوێی هه‌موو خوێندكارێك ناچار ده‌كات لانی كه‌م 10 دار بڕوێنن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خوێندنی ئاماده‌یی یان زانكۆ ته‌واو بكه‌ن.


ئه‌م یاسایه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌ یاساییكردنی ئه‌و نه‌ریته‌ی كه‌ هه‌یه‌ و خوێندكاران له‌كاتی ده‌رچوونیاندا وه‌كو كارێكی ژینگه‌ دۆستانه‌ دار ده‌ڕوێنن.

له‌ ئێستادا فلیپین زیاتر له‌ 12 ملیۆن خوێندكاری هه‌یه‌ كه‌ خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كه‌ن و 5 ملیۆن خوێندكاریش ئاماده‌یی و 500 هه‌زاریش كۆلێج ته‌واو ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش واده‌كات ساڵانه‌ لانی كه‌م 175 ملیۆن دار بڕوێنرێت. جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ئه‌م یاسایه‌ واده‌كات له‌ماوه‌ی یه‌ك نه‌وه‌دا 525 ملیار دار بڕوێنرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر 10%ی داره‌كان بڕوێن، ئه‌وا 525 ملیۆن داری نوێ ده‌ڕوێت و ئه‌وه‌ش سوودی زۆری بۆ ژینگه‌ی داهاتوو ده‌بێت.

شوێن و جۆری ئه‌و دارانه‌ی ده‌ڕوێنرێن له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستنیشان كراون و پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌دا بگونجێن و بتوانن هه‌وا له‌ دوكه‌ڵ و پاشماوه‌ی كاربۆن پاك بكه‌نه‌وه‌.

فلیپین یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین دارستانی له‌ناوچووه‌ و له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا 70%ی وڵاته‌كه‌ دارستان بووه‌ به‌ڵام به‌هۆی داربڕینی زۆر و نایاساییه‌وه‌ ئێستا ته‌نیا 20%ی وڵاته‌كه‌ دارستانه‌ و ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری رووداوه‌ سروشتییه‌كانی وه‌ك داڕمانی زه‌وی و لافاو زیاد كردووه‌.

و: س.ر
پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: سۆران نورەدین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure