حەوت خراپترین خۆراك بۆ مێشك

تەندروستی :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 3120‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

مێشك گرنگترین ئه‌ندامی له‌شه‌. له‌ش به‌بێ مێشك ناتوانێت بژی و مێشك كۆنترۆڵی هه‌موو چالاكییه‌كانی له‌ش ده‌كات و واده‌كات دڵ لێ بدات و سییه‌كان كار بكه‌ن. هه‌موو هه‌ست و سۆز و بیركردنه‌وه‌ و یاده‌وه‌رییه‌كانت له‌ مێشكدان.

1. چه‌ورییه‌ گۆڕاوه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌و چه‌ورییه‌ ده‌ستكردانه‌ی‌ بۆ خۆراكه‌ ئاماده‌كراوه‌كان به‌كارده‌هێنرێن و به‌ رۆنه‌ هایدرۆجینكراوه‌كان ناسراون مه‌ترسیی ئه‌لزه‌هایمه‌ر و خڵه‌فان زیاد ده‌كه‌ن. خواردنی بڕێكی زۆر له‌م چه‌ورییه‌ هۆكاره‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی توانای ئه‌قڵی، بچووكبوونه‌وه‌ی قه‌باره‌ی مێشك و لاوازبوونی یاده‌وه‌ری.

2. خواردنه‌وه‌ شیرینكراوه‌كان وه‌ك خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان و وزه‌به‌خشه‌كان و ته‌نانه‌ت شه‌ربه‌تی میوه‌ش ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ شه‌كره‌ی جۆری 2 و فشاری به‌رزی خوێن و به‌رزبوونه‌وه‌ی كۆلیسترۆڵ و ئه‌لزه‌هایمه‌ر زیاد ده‌كه‌ن. شه‌كری زۆر توانای فێربوون و یاده‌وه‌ری و چالاكییه‌كانی مێشك لاواز ده‌كات و ره‌نگه‌ هۆكاریش بێت بۆ هه‌وكردنی مێشك.
3. كاربۆهیدراتی چاككراو ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ دانه‌وێڵه‌ ئاماده‌ ده‌كرێن و له‌ له‌شدا به‌خێرایی ده‌گۆڕێن بۆ شه‌كر. كاریگه‌رییه‌كه‌یان وه‌ك كاریگه‌ریی زۆر خواردنی شه‌كر وایه‌ و ده‌بێته‌هۆی تێكدانی توانای یاده‌وه‌ری و هه‌وكردن و ئه‌گه‌ری زیاتری خڵه‌فان.

4. خۆراكی ئاماده‌كراو و له‌قوتوونراو بڕێكی زۆری به‌ها خۆراكییه‌كه‌یان له‌ده‌ستده‌ده‌ن و جێگه‌كه‌ی به‌ شه‌كر و چه‌وری و خوێ پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م جۆره‌ خۆراكه‌ كه‌ به‌ خۆراكی رۆژئاوایی ناسراون به‌ خێرایی ئاماده‌ ده‌بن، به‌ڵام ده‌بنه‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی چه‌وری له‌ ده‌وری ئه‌ندامه‌كانی هه‌ناودا، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ زیانگه‌یاندن به‌ توانای مێشك و بچووككردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی مێشك، ره‌نگه‌ بشبێته‌هۆی نه‌هێشتنی ئه‌و ناوپۆشه‌ی كه‌ مێشك له‌ ماده‌ زیانبه‌خشه‌كان ده‌پارێزێت.

5. خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان زیان به‌ مێشك ده‌گه‌یه‌نن و خواردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی كحول هۆكاره‌ بۆ بچووككردنه‌وه‌ی مێشك و پچڕاندنی په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌ماره‌خانه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌بێته‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ڤیتامین B1 كه‌ كۆنیشانه‌ی كۆرساكۆفی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ نیشانه‌كانی بریتین له‌ زیانی زۆر به‌ مێشك و بیرچوونه‌وه‌ و نائارامی و له‌ده‌ستدانی پچڕپچڕی بینایی چاو.

6. ماسیی پڕ له‌ جیوه‌ یه‌كێكی تره‌ له‌ هۆكاره‌كانی زیانگه‌یشتن به‌ مێشك. هه‌رچه‌نده‌ ماسی خۆی ته‌ندروسته‌ و ئۆمیگا 3 و ڤیتامین B12 و زینك و ئاسن و مه‌گنسیۆمی زۆری تێدایه‌، به‌ڵام هه‌ندێك جۆری ماسی بڕێكی زۆر جیوه‌یان تێدایه‌ كه‌ بۆ كۆئه‌ندامی ده‌مار وه‌كو ژه‌هر وان. هه‌ربۆیه‌ زیاده‌ڕۆیی له‌ ماسییه‌كانی وه‌ك تونا و قرش و ماسیی زه‌ریاكاندا مه‌كه.

7. زیانه‌ زۆره‌كه‌ی شه‌كر بۆ ته‌ندروستیی مرۆڤ وایكردووه‌ شیرینكه‌ری ده‌ستكرد دروستبكرێت، به‌ڵام ئه‌میش بێ زیان نییه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ بڕی زۆری شیرینكه‌ری ده‌ستكرد كێشه‌ی ره‌فتاری و ئه‌قڵی بۆ مرۆڤ دروستده‌كات. توانای فێربوون و هاوسه‌نگكردنی هه‌ست و سۆزه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه.

و: س ر
پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure