بۆچی نه‌هه‌نگ تووشی شێرپه‌نجه‌ نابێت؟

تەندروستی :: 16/05/2019‌ :: 377‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ
هه‌رچه‌نده‌ له‌ مرۆڤدا زیادبوونی ته‌مه‌ن و كێش په‌یوه‌ندیدارن به‌ نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌وه‌، به‌ڵام نه‌هه‌نگ كه‌ گه‌وره‌ترین شیرده‌ری جیهانه‌ ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ی تێدا به‌دی ناكرێت و كه‌مترین ئه‌گه‌ری تووشبوون به‌ شێرپه‌نجه‌ی هه‌یه‌.

شێرپه‌نجه‌ بریتییه‌ له‌ بازدانێكی نائاسایی خانه‌ و گه‌شه‌كردنی به‌شێوه‌یه‌كی كۆنترۆڵنه‌كراو كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی تێكدانی فرمانه‌كانی ئه‌ندامه‌كه‌. شێرپه‌نجه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان دووه‌م هۆكاری مردنه‌ له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێكدا.

هۆكاره‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌ نوێیه‌دا زۆرن وه‌ك پیسبوونی ژینگه‌ و گۆڕانكارییه‌كانی ژینگه‌ به‌هۆی مرۆڤه‌وه‌. به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ریش ئه‌م نه‌خۆشییه‌ هه‌بووه‌. یه‌كێك له‌ پاشماوه‌ دێرینه‌كان كه‌ بۆ 1.7 ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئێسكی مرۆڤێكه‌ كه‌ تووشی شێرپه‌نجه‌ی ئێسك بووه‌.

ئاژه‌ڵانی نزیك له‌ مرۆڤیش وه‌ك پشیله‌ و سه‌گ و باڵنده‌ و خشۆكه‌كان و ماسیش تووشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بن و شێرپه‌نجه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی مردنیانه‌. دۆزینه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ ته‌نانه‌ت دایناسۆره‌كانیش تووشی شێرپه‌نجه‌ بوون.

ته‌مه‌ن و كێش و مه‌ترسیی شێرپه‌نجه‌
له‌گه‌ڵ زیادبوونی ته‌مه‌ندا ئه‌گه‌ری شێرپه‌نجه‌ زیاد ده‌بێت هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ تا مرۆڤ زیاتر بژی خانه‌كانی زیاتر بازدانیان تێدا رووده‌دات و ئه‌گه‌ری بازدانی خراپیش زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها هه‌تا مرۆڤ كێشی زیاتر بێت یان باڵای به‌رزتر بێت واته‌ خانه‌ی له‌شی زیاتره‌ و ئه‌وه‌ش دووباره‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ بازدان زیاتر رووده‌دات. 
به‌ڵام هه‌ندێك گیانه‌وه‌ر هه‌ن كه‌ به‌ ده‌گمه‌ن تووشی شێرپه‌نجه‌ ده‌بن، بۆ نمونه‌ فیل و دۆلفین و نه‌هه‌نگ. لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ فیل جینێكی هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت گرێی شێرپه‌نجه‌یی له‌ناو ببات و ناهێڵێت شێرپه‌نجه‌ گه‌شه‌ بكات. مرۆڤیش ئه‌م جینه‌ی هه‌یه‌ به‌ڵام مرۆڤ یه‌ك كۆپی له‌و جینه‌ی هه‌یه‌ له‌كاتێكدا فیل بیست كۆپی هه‌یه‌. 
هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر نه‌هه‌نگ ده‌ریده‌خات كه‌ نه‌هه‌نگ كۆمه‌ڵێك پێكهاته‌ی بۆماوه‌یی هه‌یه‌ كه‌ چه‌ند جینێكی تێدایه‌ ده‌توانن سووڕی خانه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی و چاككردنه‌وه‌ی DNA له‌ خانه‌دا رێك بخه‌ن و به‌وه‌ش خانه‌كان به‌ ته‌ندروستی بهێڵنه‌وه‌.
لێكۆڵه‌ران به‌نیازن له‌داهاتوودا له‌سه‌ر كاریگه‌ریی ئه‌م جین و شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ بكۆڵنه‌وه‌ و بزانن ئایا مرۆڤ چۆن ده‌توانێت به‌ سوود وه‌رگرتن له‌م رێگه‌یانه‌ بتوانێت چاره‌سه‌ر بۆ شێرپه‌نجه‌ بدۆزێته‌وه‌.

و: س ر
پ: رێباز

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure