تەنیا بۆ خانمان: گرنگترین کێشەکانی کاتی سوڕی مانگانە

تەندروستی :: 16/05/2019‌ :: 2785‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: تەندروستی

دواڕۆژ

سووڕی مانگانە لە ئافرەتاندا مەسەلەیەكە كە گوێت لێی دەبێت دیاردەیەكی سەرنجڕاكێش و سیحراویت دێتە بەرگوێ‌.


ئافرەت كە لەدایك دەبێت سەدان هەزار هێلكەی لەگەڵدا لەدایك دەبێت. پاش باڵقبوون رژێنێك لە مێشكدا مانگانە نامەیەك دەنێرێت بۆ هێلكەدانەكان و دەڵێت هێلكەیەك ئازاد بكە. لە ماوەی ژیاندا ئەم پڕۆسەیە 450 جار دووبارە دەبێتەوە.

بەڵام بۆ خودی ئافرەت، سووڕی مانگانە ئەوەندە مایەی خۆشی و شانازی نییە، چونكە هەموو مانگێك ئەو ئافرەتە دەبێت بە كەسێكی دیكە هەم لەڕووی جەستەییەوە و هەم لە رووی سۆزدارییەوە.

لەو چەند رۆژەدا ئافرەت هەست بە باشی ناكات، بەڵام پێویست ناكات ئەو رۆژانە كاربكەنە سەر ژیانت بەمەرجێك بزانیت سووڕی مانگانە چییە و چۆن دروست دەبێت و چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

بەشێوەیەكی گشتی سووڕی مانگانە بەوە دەستپێدەكات كە ئافرەتەكە لە دامێنییەوە خوێنێكی كەمی لێدەڕوات پاشان خوێنەكە زیاتر دەبێت ئینجا نامێنێت.

لە هەموو سووڕێكی مانگانەدا بەشێوەیەكی تێكڕایی ئافرەت دوو بۆ چوار كەوچك چێشت خوێنی لێدەڕوات. واتە هەر دوو كاتژمێر جارێك سانتییەك دەگۆڕێت. ئەگەر هەستت كرد پێویستت بە گۆڕینی كەمتری سانتی هەیە یان خوێنەكەت كڵۆی گەورەی تێدایە پزیشكەكەت ئاگاداربكەرەوە. كڵۆی خوێنی ورد ئاساییە.

لەكاتی سووڕی مانگانەدا جەستەی ئافرەت ماددەی دژەمەیین دەردەدات بۆ ئەوەی خوێنەكە نەمەیەت و بە ئاسانی بە كەناڵی زاوزێدا تێپەڕببێت. 

سكئێشە
بۆ ئەوەی خوێنەكە لە منداڵدانەوە بچێتە دەرەوە، ماسولكەكانی منداڵدان گرژدەبن و خاودەبنەوە. ئەمە ئەو ئازارە تیژەیە كە لەنێوان گەدە و خواروو پشتدا هەستی پێدەكەیت. هەندێك جار ئازارەكە پێش دەستپێكردنی سووڕی مانگانە دەستپێدەكات و بەدرێژایی ماوەی خوێنەكە دەتبێت.

ئەگەر ئازارەكە سووك بوو واتە وەك ئەوە وابوو كەسێك هێلكەدانەكانت بگوشێت ئەوە ئاساییە. دەتوانیت حەبی ئازار بەكاربهێنیت، بەڵام ئەگەر ئازارەكە هەناسەی لەبەربڕیت یان وەكو ئەڵێن ئەگەر لوولی كردیت سەردانی پزیشك بكە.

تێكچوونی مەزاج
بەهۆی گۆڕانكارییە هۆڕمۆنییەكانەوە لەو چەند رۆژەدا ئافرەت زۆر مەزاجیی دەبێت. هەم هەموو كەسێكی خۆش دەوێت و هەم تەحەمولی هیچ كەسێكی پێناكرێت. ئەم هەڵبەز و دابەزەی مەزاج رەنگدانەوەی هەڵبەز و دابەزی هۆڕمۆنەكانە.

لە قۆناغی پێش دەستپێكردنی سووڕی مانگانەدا و لە رۆژانی سووڕی مانگانەشدا چاوەڕێی تێكچوونی مەزاج و تاقەتت بكە هەر لە توڕەییەوە هەتا دڵەڕاوكێ‌ و بێتاقەتی.

بۆ كەمكردنەوەی لایەنە خراپەكانی ئەم كێشەیە خەوی باش و نواندنی چالاكی و دوركەوتنەوە لە چا و قاوەی زۆر و خۆراكی ناتەندروست یارمەتیدەرن. هەر ئەم رێكارانەشە ئازاری مەمك و زیپكەی روخسار و غازاتی سك كەمدەكاتەوە كە لەكاتی سووڕی مانگانەدا دەردەكەون.

درێژی سووڕی مانگانە لە یەكەم رۆژی بینینی خوێنەوە دەستپێدەكات بە یەكەم رۆژی خوێنی سووڕی داهاتوو كۆتایی دێت. ماوەكە تێكڕا 28 رۆژە، بەڵام ئاسایە 21 رۆژ تا 35 رۆژ بخایەنێت.

سووڕی مانگانە هەموو جارێك رێكوپێك نییە. سترێس و نەخۆشی و كێش و پارێز و تێكچوونی خۆراك هەموویان كاردەكەنە سەر سووڕی مانگانە.

هەروەها دەردانی هێلكەش پەیوەندی پێوە هەیە، واتە كاتێك لە ناوەڕاستی سووڕی مانگانەدا هێلكەیەك لە هێلكەدانەوە ئازاد دەكرێت مەرج نییە هەموو جارێ ئەم هێلكە ئازادكردنە رووبدات بەتایبەت لەسەرەتای قۆناغی باڵقبووندا.

ئەگەر مانگێك لە مانگەكان خوێنت نەبوو مەرج نییە نیشانەی دووگیانی بێت. ئاساییە ناوبەناو ئافرەت تووشی ئەو حاڵەتە ببێت بەتایبەت ئەگەر وەرزشی سەخت بكات یان نەخۆشییەكی قورس بگرێت یان دڵەڕاوكێیەكی زۆری هەبێت. ئەگەر دوو مانگ لەسەریەك خوێنت نەبوو و پشكنینی دووگیانی دەریخست كە دووگیان نیت زوو سەردانی پزیشك بكە.

زۆرجار تێكچوونی ئارەزووی خواردن و تەنانەت دڵتێكەڵهاتنیش لەكاتی سووڕی مانگانەدا روودەدات بەهۆی هۆڕمۆنێكەوە كە پێی دەوترێت (پرۆستا گلاندین). دەرمانە ئازارشكێنەكان دەتوانن دروستكردنی ئەم هۆرمۆنە كەم بكەنەوە و سەرئەنجام دڵتێكەڵهاتنەكە چارەسەر بكەن.

كاتی دەستپێكردنی سووڕی مانگانە لە تەمەنێكدایە زۆر جیاوازە لەو تەمەنەی كە سووڕی مانگانە دەوەستێ‌ و ئافرەتەكە دەگاتە قۆناغی نائومێدی.

لەو ماوەیەدا گۆڕانی زۆر دێت بەسەر جەستەی ئافرەتەكەدا بەهەمان شێوەش گۆڕان بەسەر سووڕی مانگانەیدا دێت.

سوڕی ناڕێكوپێك
جیاوازی سووڕی مانگانە لەناو ئافرەتاندا زۆر بەربڵاوە. لە هەندێكیاندا وەكو سەعات كاردەكات لە هەندێكی تریشیاندا پێشبینی نەكراوە یان زووتر روودەدات یان هەر روونادات.
بەشێوەیەكی گشتی هەر 24 بۆ 38 رۆژ جارێك ئافرەت دەكەوێتە سەر خوێن ماوەكەش لەنێوان 2 بۆ 8 رۆژدایە.

سووڕی ناڕێكوپێك بەوە دەگوترێت كە كاتی دەستپێكردنی سووڕەكە هەر مانگە و بەجۆرێك بێت یاخود ئافرەتەكە خوێنی كەمتر یان زۆر زیاتری لە ئاسایی لێ‌ بڕوات یان رۆژانی خوێنەكەی لە مانگێكەوە بۆ مانگێكی تر جیاواز بێت.

چەندین هۆكار هەیە بۆ ئەم ناڕێكوپێكیەی سووڕی مانگانە بۆ نموونە گۆڕینی حەبی مەنع، بەكارهێنانی هەندێك دەرمان، دانانی لەولەب، وەرزشی زۆر، كۆنیشانەی كیسی زۆری هێلكەدان، دووگیانی یان شیردانی سروشتی، سترێس، كێشەی رژێنی دەرەقی، هەبوونی زیادەگۆشت لەناو روپۆشی ناوەوەی منداڵداندا، هەبوونی فایبرۆید و دیارە چەند هۆكارێكی دیكەش هەن چارەسەریان بەپێی هۆكارەكەیە.

ئافرەت پێویستە ئەم راستیانەش سەبارەت بە سووڕی مانگانە بزانێت:
1- لەكاتی بێنوێژیشدا بۆی هەیە دووگیان ببێت. 
2- لەسەرەتای تەمەنی باڵقبووندا ماوەی نێوان سووڕێك و سووڕێكی تر درێژترە لە قۆناغەكانی دواتری تەمەن.
3- لەپێش دەستپێكردنی سووڕی مانگانەدا چەند نیشانەیەك دەردەكەون وەك گۆڕانی مەزاج، خاوبوونەوە، تێكچوونی ئارەزووی خواردن، كە تائێستا میكانیزمەكانیان نەزانراوە. 
ئەگەر ئەم نیشانانە هێندە بەهێز بوون ژیانی رۆژانەیان تێكدایی سەردانی پزیشك بكە. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure