روخسارت به‌م 5 شێوه‌یه‌ كه‌میی كانزا و ڤیتامینت پێ ده‌ڵێت

تەندروستی :: 15/05/2019‌ :: 3416‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: تەندروستی

دواڕۆژ


زۆر كه‌س یه‌كێك یان چه‌ند ڤیتامین و كانزایه‌كی پێویستی له‌شیان كه‌مه‌ و وه‌كو پێویست به‌ده‌ستی ناهێنن. كه‌میی ئه‌م ڤیتامین و كانزایانه‌ هۆكاره‌ بۆ نه‌خۆشی و ره‌نگه‌ هه‌ندێكجار مردنیشی لێ بكه‌وێته‌وه‌. ئێستا ملیۆنه‌ها كه‌س ڤیتامینه‌كانی A و D یان كه‌مه‌.

به‌ڵام ده‌ستنیشانكردنی كه‌میی هه‌ندێك له‌م ڤیتامین و كانزایانه‌ ئاسانه‌ و ده‌توانرێت ته‌نیا به‌ ته‌ماشاكردنی روخسار ئه‌گه‌ری ئه‌و كه‌مییه‌ ده‌ستنیشان بكرێت، له‌وانه‌ش:

1. بێ ره‌نگیی لێو نیشانه‌یه‌ بۆ كه‌میی ئاسن كه‌ خرۆكه‌ سووره‌كانی خوێنی لێ دروستده‌بێت و ئۆكسجین ده‌گوێزێته‌وه‌ بۆ له‌ش. ئه‌گه‌ر لێوت بێ ره‌نگه‌ و زوو ماندوو ده‌بیت نیشانه‌ی كه‌مخوێنییه‌. خۆراكی وه‌ك سه‌وزه‌ گه‌ڵاداره‌كان و كشمیش و شۆكۆلاتی تاڵ بخۆ.

2. قژی بێهێز و وشكبوونه‌وه‌ تاڵه‌كانی قژ نیشانه‌یه‌ بۆ كه‌میی ڤیتامین B7. هه‌ر ئه‌م ڤیتامینه‌ كاری كۆئه‌ندامی ده‌مار و زینده‌پاڵی جگه‌ر رێكده‌خات. ئه‌گه‌ر قژت بێهێزه‌ و ده‌شكێت ئه‌وا نۆك و پاقله‌مه‌نی و گوڵه‌به‌ڕۆژه‌ بخۆ.

3. ئاوساویی چاو نیشانه‌یه‌ بۆ ناڕێكیی خه‌و كه‌ ره‌نگه‌ هۆكاره‌كه‌ی بریتی بێت له‌ كه‌میی یۆد. رژێنی ده‌ره‌قی یۆد به‌كارده‌هێنێت بۆ چاككردنه‌وه‌ی خانه‌ زیانپێگه‌یشتووه‌كان. یۆد له‌ ماسی و شیره‌مه‌نی و خوێی یۆدداردا هه‌یه‌.

4. خوێنبه‌ربوونی پووك نیشانه‌یه‌كی دڵنیایه‌ بۆ كه‌میی ڤیتامین C. خوێنبه‌ربوونی لووت و ئاوسانی جومگه‌كانیش نیشانه‌ی ئه‌و كه‌مییه‌ن. هه‌روه‌ها نه‌خۆشیی (ئه‌سكه‌رپووتی)شی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ كه‌ نیشانه‌كانی بریتین له‌ ماندوێتی و ئازاری ماسولكه‌ و كه‌میی خڕۆكه‌ی سوور. سه‌وزه‌كانی وه‌ك برۆكلی و سپێناخ و سه‌وزه‌ گه‌ڵاداره‌كان و مزره‌مه‌نییه‌كان سه‌رچاوه‌ی ڤیتامین Cن.

5. بێ ره‌نگیی و زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕانی روخسار نیشانه‌یه‌ بۆ كه‌میی ڤیتامین B12. ئه‌م ڤیتامینه‌ له‌ش به‌ ته‌ندروستی ده‌هێڵێته‌وه‌ و یارمه‌تیده‌ره‌ له‌ دروستكردنی DNA له‌ هه‌موو خانه‌كانی له‌شدا. كه‌میی ڤیتامینه‌كه‌ هۆكاره‌ بۆ هه‌ستكردنی به‌ بێهێزی و ماندوێتی. هێلكه‌ و په‌نیر بڕێكی زۆر ڤیتامین B12یان تێدایه‌.

و: س ر

پ: پەری

ب: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure