دوانزەگرێ چییە؟ چۆن توش ئەبیت؟ دکتۆر دواڕۆژ وەڵام دەداتەوە

تەندروستی :: 15/05/2019‌ :: 574‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ

کەسێک پرسیارێک لەسەر دوانزەگرێ ئاڕاستەی بەشی دکتۆر دواڕۆژ دەکات و لەلایەن پزیشکەوە وەڵام دەدرێتەوە.

کەسەکە دەپرسێت: نەخۆشی دوانزەگرێ‌ چییە؟ چۆن تووش ئەبیت و نیشانەكانی چین؟ ئایا ئەبێتە هۆی كێش زیاد نەكردن؟

دکتۆر دواڕۆژ: دوانزەگرێ‌ نەخۆشی نییە بەڵكو بەشێكە لە ریخۆڵە باریكەی مرۆڤ و بەستراوە بە گەدەوە. ئەم دوانزەگرێیە بۆیە وای پێدەوترێت چونكە درێژییەكەی 12 ئینجە. ئەم ریخۆڵەیە زۆرجار تووشی هەوكردن و برین دەبێت پێی دەوترێ قورحەی دوانزەگرێ‌ لەئەنجامی ئەوەی ترشی گەدە دیواری ناوەوەی ئەم ریخۆڵەیە بریندار دەكات.

ئێستا دەركەوتووە هۆكارەكەی جۆرێكە لە بەكتریا كە ئەگەر بارودۆخی گونجاوی بۆ بڕەخسێت ئەو برینە دروست دەكات. نیشانەكانیشی بریتین لە هەستكردن بە ئازار لە ناوچەی سەرو ناوك بەتایبەت لەكاتی برسێتیدا. هەندێك جار ئەم ئازارە لە ناوەڕاستی پشتدا هەستی پێدەكرێت و جاری وا هەیە ئازارەكە زۆر بەهێزە بەجۆرێك كە لە خەو خەبەرت دەكاتەوە.

ئەم ئازارە بە خواردن كەمدەبێتەوە. ئەگەر نەخۆشییەكە درێژە بكێشێت رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی كە برینەكە تووشی خوێنبەربوون ببێت و لەئەنجامدا ئەو كەسە خوێن هەڵدەهێنێتەوە، هەروەها پیساییەكەی رەش دەبێت. خواردنی قورس بەتایبەت توونی و ترشی ئازارەكە زیاد دەكەن. ئەم نەخۆشییە هەندێك جار لەگەڵیدا دڵەكزێ‌ و ناڕەحەتی سنگیش دروست دەبێت، دەستنیشانكردنی بەدڵنیاییەوە تەنیا بەوە دەكرێت پزیشكێكی پسپۆڕ نازوڕی گەدەت بۆ بكات و برینەكە ببینێت. قورحەی دوانزەگرێ‌ راستەوخۆ پەیوەندی نییە بە زیاد نەبوونی كێشی مرۆڤەوە بەڵام دەركەوتووە ئەوانەی ئەم نەخۆشیەیان هەیە كەسانی هەستیار و ناسكن كە هەمیشە لەژێر دڵەڕاوكێ‌ و گوشاردان و بەگشتی كێشیان كەمە.

کلیک لێرە بکە بۆ ئەوەی پرسیارەکانت ئاڕاستەی بەشی دکتۆر دواڕۆژ بکەیت

ئا: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure