تەنیا بۆ خانمان... چەند زانیارییەک لەسەر تەڕایی زێ

تەندروستی :: 15/05/2019‌ :: 25494‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ
زێی ئافرەت ئەندامێكە خۆی خۆی پاك دەكاتەوە. دەردراوی تایبەتی هەیە كە سەرئەنجام دەبێت لە جەستە بێتە دەرەوە و بە جلی ژێرەوە هەستی پێدەكەیت.


بڕ و پێكهاتەی دەردراوەكانی زێ‌ لە ماوەی سووڕی مانگانەدا دەگۆڕێت و هەندێكجار ئەمە وەك رێگایەك بەكار دەهێنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی كە ئایا ئافرەتەكە نەزۆكە یان نا.

پرسیارە گرنگەكە لەوەدایە كە ئایا چ كاتێك ئەو دەردراوانە ئاساییە و چ كاتێك نیشانەی نەخۆشییە. گرنگترین خاڵ لەم مەسەلەیەدا كە مایەی نیگەرانییە ئەوكاتەیە كە تەڕایی و دەردراوەكە كتوپڕ بگۆڕێت. بەتایبەت ئەگەر كتوپڕ دەردراوەكە بۆنەكەی بگۆڕێت یان بۆنەكەی ناخۆش بووبێت.

بۆنی تیژ و بەهێز زۆرجار نیشانەی هەوكردنی ئەو ناوچەیەیە كە هەندێكجار ئازار و خوورانیشی لەگەڵدا دەبێت.

بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر هەستت كرد گۆڕانێكی نائاسایی روویداوە لەو دەردراوەدا لەڕووی بۆن و لینجییەوە یاخود بڕەكەی كەم و زیادی كردووە شایستەی ئەوەیە كە سەردانی پزیشكێكی پسپۆڕی ژنان بكەیت تا دڵنیابیت لەوەی هەوكردن و هیچ جۆرە نەخۆشییەكی ترت هەیە یان نا.

بێگومان هەموو گۆڕانێك نیشانەی هەبوونی كێشەیەك نییە و ئامانجەكە تەنیا بۆ دڵنیابوونە. هۆكارە باوەكانی دەردانی نائاسایی زێ‌:
1- كەڕوو
هەوكردنی كەڕوو یەكێكە لە هۆكارەكە هەرە باوەكانی دەردانی زێ‌. لەم حاڵەتەدا دەردراوەكە رەنگی سپییە و كڵۆ كڵۆیە. بەڵام هەندێك جاریش زەردە و لینجییەكەی كەمترە.
ئەگەر هۆكارەكە كەڕوو بێت دەردراوەكەی زێ‌ بۆنێكی تایبەتی لێ‌ دێت، وەك بۆنی كەڕووی نان و خورانێكی زۆر زۆر بێزاركەری لەگەڵدایە.
2- هەوكردنی بەكتریی
لەم جۆرە هەوكردنەشدا بۆن زۆر گرنگە بۆ ناسینەوەی. ئەگەر هۆكارەكە بەكتریا بێت ئەوا دەردراوەكە بۆنی ماسی لێ‌ دێت بەتایبەت لەدوای كرداری ناوجێیی.
دەردراوەكە جگە لەوەش زۆر شلە و هەندێكجار ئاڵۆشی لەگەڵدایە و لەكاتی میزكردندا كەسەكە هەست بە ئازار دەكات.
3- هەوكردن بەهۆی مشەخۆری ترایكۆمۆنۆسەوە
ئەم هەوكردنە یەكێكە لەو جۆرە نەخۆشییانەی كە بەهۆی سێكسەوە دەگوازرێتەوە و زۆرجار هیچ نیشانەیەكی نییە بەتایبەت لە پیاودا. لە ئافرەتدا ئەم جۆرە هەوكردنە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەردراوێكی بۆن ناخۆش كە رەنگەكەی سەوزی مەیلە و زەردە وەكو كەف وایە. هەروەها دەبێتە هۆی ئاڵۆش و چەند نیشانەیەكی تر لەوانە هەستكردن بە ئازار لەكاتی جووتبوندا.
3- سوزەنەك
زۆرجار ئەم نەخۆشیە لە ئافرەتدا هیچ نیشانەیەكی نییە بەڵام هەندێك جار دەبێتە هۆی هەستكردن بە ناڕەحەتی ناوگەڵ و سووتانەوە لەكاتی میزكردندا و دەردراوەكە بۆنی نایەت و ناتوانرێ‌ تەنیا لەڕێی تەڕایی زێوە ئەم نەخۆشییە دەستنیشان بكرێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure