ئاستی گۆشت خواردن لە جیهاندا زۆر بەرز بووەتەوە

هەمەڕەنگ :: 4 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 97‌ جار بینراوە
dwarozh


تاگ :: گشتی

دواڕۆژ

دەزگا نێودەوڵەتییەكان هۆشداری دەدەن لە بەرزبوونەوەی ئاستی خواردنی گۆشت لەلایەن مرۆڤەوە.


ئەو سەرچاوانە دەڵێن: لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا رێژەی گۆشت خواردن پێنج هێندەی جاران بەرزبووەتەوە، كە لە ساڵانی شەستەكاندا ساڵانە 70 ملیۆن تەن بووە و ئێستا گەیشتووەتە 330 ملیۆن تەن.

رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەڵێن: زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی زەوی بەتەنیا هۆكاری ئەو زیادبوونە گەورەیە نییە, بەڵكو هۆكارەكە ئەوەیە مرۆڤ بەگشتی زۆر لە جاران زیاتر گۆشت دەخوات, چونكە داهاتی تاك لەماوەی 50 ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

راپۆرتە شیكارییەكان دەڵێن: لە 25 ساڵی كۆتایی سەدەی رابردوودا داهاتی تاك سێ هێندەی جاران بەرزبووەتەوە.

بۆ نموونە لە ساڵانی شەستەكاندا هەر تاكێكی چینی لە ساڵێكدا كەمتر لە 5 كیلۆ گۆشتی خواردووە، بەڵام لە ساڵانی هەشتاكاندا ژمارەكە بەرزبووەتەوە بۆ 20 كیلۆ لە ساڵێكدا و ئێستا بووە بە زیاتر لە 60 كیلۆ، ئەمەش مانای وایە نەوەی ئێستا لە چین ساڵانە 12 هێندەی نەوەی پێشخۆی گۆشت دەخوات.

ئەم ژمارەیە لە وڵاتانی وەك ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئوستوڕالیا و نیوزلەندا و ئەرجەنتین زیاتر لە 100 كیلۆگرام لە ساڵێكدا واتە نیو مانگای تەواو یان 50 مریشك بۆ هەرتاكێك، بەڵام لە زوربەی وڵاتانی ئەفریقیا رێژەكە كەمترە لە 10 كیلۆگرام لە ساڵێكدا كە كەمترینیان ئێستا وڵاتی ئەسیوبیایە، لەوێ هەرتاكێك ساڵانە كەمتر لە 7 كیلۆ گۆشت دەخوات، هەرچەندە خواردنی گۆشت و بەرهەمەكانی شیر لە ئاستێكی ناوەنددا گەلێك سوودی تەندروستییان هەیە بەتایبەت لە وڵاتە هەژارەكاندا.

زیادەڕەویكردن لە خواردنی گۆشتدا چەندین كێشەی تەندروستی لێ دەكەوێتەوە بە تایبەت گۆشتی سوور و گۆشتی قوتو كە بە هۆكارێكی ترسناك دادەنرێن بۆ نەخۆشییەكانی دڵ و خوێنبەرەكان و جەڵتەی دڵ و هەندێك نەخۆشیی شێرپەنجە، ئەمە وای لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی كرد كە لە رێی ئاژانسی نێودەوڵەتی توێژینەوەكانی شێرپەنجەدا رایبگەیەنێت گۆشتی پیشەسازیكراو ئەژمار بكرێت بە یەكێك لە هۆكارەكانی شیرپەنجە.

مەبەست لە گۆشتی پیشەسازیكراو ئەو گۆشتەیە كە گۆڕانكاری بەسەردا دەهێنرێت  لە رێی سوێركردن و ترشكردن و گۆڕینی تام و هەروەها جۆرەكانی گۆشتی قوتو و كاڵباس و تادوایی.

لەلایەكی دیكەوە بەخێوكردنی رەشەوڵاغ بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت باجێكی ژینگەی گەورەی دەوێت، چونكە ئەم جۆرە ئاژەڵە توانای باش نییە لەوەی ئاڵف بكات بە گۆشت، بۆ بەرهەمهێنانی یەك كیلۆ گۆشت، هەرمانگایەك پێویستی بە 25 كیلۆ ئاڵفە، ئەمەش واتە چاندن و بەرهەمهێنانی هەزاران ملیۆن تەن ئاڵف بۆ بەدەستهێنانی سەدان ملیۆن تەن گۆشت كە ئێستا دەخورێت، ئەمەش پێویستی بە سەرچاوەی ئاوی زۆر و زەوی كشتوكاڵی هەیە جگە لە بەكارهێنانی پەینی كشتوكاڵی و دەرمانی مێروو كە دەبنە هۆی بەرهەمهێنانی گازەكانی قەتیزبوونی گەرما.

پ: پەری



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure