پاش 2 هەزار ساڵ لاشەی پیاوێک بەمجۆرە دەدۆزرێتەوە

هەمەڕەنگ :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 4269‌ جار بینراوە
dwarozh


دواڕۆژ
له‌ ساڵی 1952 دوو هه‌ڵكۆڵه‌ر له‌ ناوچه‌ی جوتلاند له‌ داینمارك پاشماوه‌ی پیاوێكیان دۆزییه‌وه‌ كه‌ ته‌مه‌نی بۆ 2 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.


لاشه‌ی ئه‌م پیاوه‌ كه‌ دواتر به‌ پیاوی زۆنگاو ناسرا زۆر به‌باشی ماوه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ پیاوانی خێڵه‌ جه‌رمانییه‌كانی سه‌ده‌ی 3ی پێش زایین. ئه‌و دوو هه‌ڵكۆڵه‌ره‌ قوڕاوی زۆنگاوێكیان هه‌ڵده‌كه‌ند و دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌م لاشه‌یه‌ چه‌ند رۆژێك شوێنه‌كه‌یان به‌جێهێشت. به‌ڵام باسی ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ بڵاو بووه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ دوای دوو هه‌زار ساڵ مانه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر باش پێیه‌كی پێدا نا و ده‌موچاوی لاشه‌كه‌ی تێكدا.

ئه‌م زۆنگاوانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كانزای ترش و خاكێكی ئیسفه‌نجییان هه‌یه‌ و له‌ شیبوونه‌وه‌ی سه‌دان ساڵی بوونه‌وه‌ر و رووه‌ك و ماده‌ ئۆرگانییه‌كان دروست بوون، لاشه‌ی ئه‌م كه‌سه‌یان زۆر به‌باشی پاراستبوو، وه‌ك بڵێی به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی مۆمیایان كردبوو. ئه‌م جۆره‌ زۆنگاوانه‌ له‌ ئه‌وروپا زۆرن و خه‌ڵك قوڕی ئه‌م زۆنگاوانه‌ وه‌كو په‌یین و سووته‌مه‌نی به‌كارده‌هێنن.

ئه‌م لاشه‌یه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه‌ هی كه‌سێكی ته‌مه‌ن 30 ساڵ بووه‌. كه‌سه‌كه‌ به‌هۆكاری سروشتی نه‌مردبووه‌ به‌ڵكو ژێر ملی بڕدراوه‌ و رووت كراوه‌ته‌وه‌. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی له‌ش و په‌نجه‌كانی زۆر به‌باشی ماونه‌ته‌وه‌ لێكۆڵه‌ران توانییان زیاتر لێی ورد ببنه‌وه‌ و دواجار گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ كرێكار و جوتیار نه‌بووه‌ چونكه‌ ده‌سته‌كانی نه‌رم بوون. به‌ ورد بوونه‌وه‌ له‌ ددانه‌كانی ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌م كه‌سه‌ له‌ مناڵیدا زۆرجار برسی بووه‌. به‌ڵام نازانن ئه‌م كه‌سه‌ بۆچی كوژراوه‌، به‌ڵام پێیان وایه‌ ده‌شێت كرابێته‌ قوربانی. 

لاشه‌ی ناو زۆنگاوه‌كان به‌زۆری یان قوربانی بوون، یان تاوانبار یاخود به‌هۆی كه‌میی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ كوژراون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ تۆمارێكی خێڵه‌ جه‌رمانییه‌كانی چاخی ئاسن نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆیه‌ زاناكان هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م كرداره‌ سه‌یره‌یان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌.

پێداچوونەوە: سۆران نورەدین



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure