ئەنجامنەدانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی لەدوای واژۆكردنی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی میدیاکارانی نیگەران کرد

هەواڵ / کوردستان :: 05/05/2019‌ :: 311‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت: لەكاتی واژۆكردنی رێككەوتننامەی پارتی و یەكێتی، تەنیا رێگەیان بە كەناڵەكانی نزیك خۆیان داوە روماڵی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیان بكەن.


دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان (ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ی ئایاری 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی هەردوو شاندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی واژۆكردنی رێككەوتنی نێوانیان كۆبونەوە، بەڵام لەمیانەی كۆبونەوەكەدا تەنیا رێگە بە كەناڵەكانی نزیك خۆیان دراوە روماڵی كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەیان بكەن.

وتیشى: "سەنتەری میترۆ پێیوایە شاردنەوەی زانیاری و رێگریكردن و جیاكاری لەنێوان كەناڵەكانی راگەیاندندا پێچەوانەی هەردوو یاسای كاری رۆژنامەوانی و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، دەبوو ئەو دوو لایەنە بەشێوازێكی ئاشكرا رێوڕەسمی واژۆكردنی رێكکەوتننامەكەی نێوانیان نیشانبدایە، بۆیە ئاشكرانەكردنی بەندەكانی ئەم رێككەوتنە و هەوڵدان بۆ دورخستنەوەی بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن دەبێتە هۆی ئەوەی لای هاووڵاتیان راڤەی جیاوازی بۆ بكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، پێشتر پڕۆتۆكۆڵی واژۆكردنی رێككەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی بەو جۆرە بووە كە سەرەتا رێگە بە چەند كەناڵێكی نزیك لەهەردوو حیزب بدەن روماڵی گواستنەوەی واژۆكردنەكە بكەن، بەڵام دوای ئەو رێوڕەسمە، كۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ هەردوو وتەبێژ ببەسترێت، بەڵام دوای نزیكەی 3 كاتژمێر چاوەڕوانی پەیامنێران و تەنانەت دانانی مایكی كەناڵەكانیش بۆ كۆنگرەی رۆژنامەوانی، کەچی له‌ شوێنێكى دیكه‌ و دوور لە میدیاکان کۆنگرەکەیان بۆ کەناڵەکانی نزیک لە خۆیان ئه‌نجامدا.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure