دەست بەتۆماركردنی ناوی دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان و بێكارانی هەڵەبجە كرا

هەواڵ / کوردستان :: 05/05/2019‌ :: 416‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید


قایمقامییەتی قەزای ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و ڕێكخراوێكی ئەڵمانی، تۆماركردنی ناوی سەرجەم بێكارانی هەڵەبجەیان دەستپێكرد.
 
نوخشە ناسیح قائیمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ (یەكشەممە 5ی ئایار) بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بەمەبەستی ڕەخساندنی هەلی كار بۆ بێكاران و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە تا ئێستا هەلی كاریان بۆ نەڕەخساوە، لە ئەمڕۆوە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و ڕێكخراویGIZ ی ئەڵمانی دەستمان كردووە بە تۆماركردنی ناوەكانیان بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی كار بۆیان.
 
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ تیمێكی ڕێكخراوە ئەڵمانییەكە و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هاتوونەتە هەڵەبجە و دەستیان كردووە بە تۆماركردنی ناوی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان و هاوكات ئەو كەسانەشی كە بێكارن و تۆماركردنی ناوەكانیشان تا كاتژمێر 2:30  بەردەوامی دەبێت و هەروەها سبەینێ‌ دوو شەمەش بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ دەستدەكرێتەوە بە تۆماركردنی ناوی بێكارانی ناوەندی هەڵەبجە.
 
قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، كە ناونوسینەكە كەسانی تەمەن (18ساڵ بۆ 60 ساڵ) و دەرچووی زانكۆ و پەیمانگا و سەرجەم چینەكانی دیكە بەهەردوو ڕەگەزی نێر و مێ دەگرێتەوەو هاوكات تیمەكە لە نزیك بینای سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە ناوی بێكاران و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی دانیشتووی هەڵەبجە تۆمار دەكەن.
پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure