دادگا ژنە میدیاکارێکی لوبنانی سزادا

هەواڵ / جیهان :: 05/05/2019‌ :: 1557‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

رۆژى پێنجشەممەى رابردوو دادگاى تاوانەکانى کوه‌یت بە سەرۆکایەتى راوێژکار ئەحمەد یاسین بڕیاریدا بە سزادانى میدیاکاری لوبنانى (جۆرجیت ئەبو موراد) بە یەک ساڵ زیندانیکردن و پێنج هەزار دینار-یش پێبژاردن، بە تاوانى سوکایەتیکردن بە تواناکانى خودا.


ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە مانگى کانونى یەکەمى ساڵى ٢٠١٧ ئەو ژنە میدیاکارە لوبنانییە میوانى بەرنامەى (سوالف ضحى) بووە و باسى لەوەکردووە کە مرۆڤ دەتوانێت پشت بەخوا ببەست، بێئەوەى هیچ  هەوڵێک بدات بۆ ئەو ئامانجانەى لە ژیاندا پێویستن؟.

لەوبارەیەوە جۆرجیت وتى: "ساڵ و نیوێک پێش ئێستا من لەو بەرنامەیە وەک میوانێک بەشداریم کرد و بێ هیچ مەبەستێک وتم نابێت مرۆڤ لەماڵەوە دانیشێت و لەخودا بپارێتەوە کە رزقى بدات، پێویستە خۆى کار بکات و بجوڵێت بۆ ئامانجەکەى.

وتیشى: "دواى بڵاوبوونەوەى ئەو هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتاوانى کەمکردنەوەى تواناکانى خودا لێکۆڵینەوەم لەگەڵ کرا و وتم من ژنێکى مەسیحیم و مەبەستم لەوە نەبووە کە هێرش بکەمە سەر خودا و بەرەسمى داواى لێبوردنم کرد و دواى سێ رۆژ جارێکى دیکە لەسەر شاشەى تەلەفزیۆن داواى لێبوردنم لە بینەران کرد و ئەو دۆسیەیە داخرا".

لەکۆتاییدا ناوبراو وتى: "من ئێستا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م لە بەیروتم بۆ به‌سه‌ربردنی کاتێکى خۆش و دەبوایە رۆژى هەینى بگەڕامایه‌تەوە بۆ کوه‌یت، بەڵام دواى بیستنى ئەو هەواڵە تووشى شۆک بووم و پێشتر پێم نەوترابوو کە ئەو دۆسیەیە دانەخراوەو لە دادگا تەمییز دەکرێتەوە".

و: ئاکۆ زەنگەنە
پێداچوونه‌وه‌: ئـیحسانی مەلا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure