بڕوانامە چی لە ژیانی ئێمە دەگۆڕێ؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 04/05/2019‌ :: 100‌ جار بینراوە

هۆرڤان رەفعەت

کاتێک هەر وڵاتێک بیەوێت باس لە پێشکەوتنی وڵاتەکەی بکات، راستەوخۆ دەست بۆ نیشاندانی ئامارەکانی ڕێژەی خوێندەواری لە وڵاتەکەی یاخود نیشادانی ڕێژەی بوونی زانکۆ و پەیمانگا و ناوەندە ئەکادیمییە لێکۆڵینەوە پێشکەوتووەکانی دەبات، چونکە بوونی هەر تاکێکی خوێندەوار و بوونی هەر ناوەندێکی ئەکادیمی، وەکو پلیکانەیەک وایە بۆ سەرکەوتن و بەرزبوونەوەی ناوی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی تۆمارە زانستییەکانی جیهان.


لەڕاستیشدا ئەگەر تەماشای خەڵکانی بڕوانامەدار بکەیت ئەوا ئەو کەسانە دەبنە کەسانی بڕواپێکراو، هەتا پلەی زانستیی کەسەکەش بەرزتر بێت بەکاریگەرتر و گوێلێگیراوتر تەماشا دەکرێت.

 لەڕوویی فەلسەفیشەوە ئەو کەسەی کە خاوەنی بڕوانامەیەکی دبلۆم یان بەکالۆریۆس یان بەرزترە لە دەرئەنجامی شەونخوونی و ماندووبوون و هەوڵدانێکی زۆر بووەتە خاوەنی ئەو بڕوانامەیە، هەڵبەت ئەگەر بەڕێگای دروست بەدەستی هێنابێت، ئەوا ئیتر لە شوێنکەوتنی قەرەباڵغی و بوون بە مەڕی ژێردەستەیی و بێ ئامانجی، رزگاری دەبێت.

بە مانایەکی دیکە ئەو کەسەی بڕوانامەدارە دەبێت بە تەواوی جیاواز بێت لەو کەسانەی کە بڕوانامەیان نییە یاخود قۆناغەکانی خوێندنیان تەواو نەکردوە.

ئێمە کە بەخۆمان دەڵێن بڕوانامەدار یان بە وشە ناوخەڵکییەکەی "شەهادەدار" دەبێت هیچ دەرفەتێک نەهێڵینەوە بۆ ئەو رستەیەی کە دەڵێت "عەقڵ بە بڕوانامە نییە" یان ڕێگە بە وتنی ئەو رستەیە نەدەین کە دەڵێت "نەخوێنەواریی واهەیە بە قەدەر ١٠ مامۆستای زانکۆ و بڕوانامەدار عاقڵترە".

نامەوێت بابەتەکە بەو شێوەیە ببینرێت کە دروستکردنی جیاوازیی بێت لە نێوان کەسانی بڕوانامەدار و بێ بڕوانامە، بەڵکو ئەوەی دەمەوێت بڵێم:
"ئەگەر تۆ ئامادەبوویت ماوەی زیاتر لە ١٦ ساڵی ژیانت بەفیڕۆ بدەیت، بۆ بەدەست هێنانی بڕوانامەیەکی وەک بەکالۆریۆس، ئەوا دەبێت بەهیچ شێوەیەک رازیی نەبیت کە شوێن کۆمەڵە یان تاکێکی دیاریکراوی سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا فیکری بکەویت کە دەستیان هەبێت لە تێکدان و کاولکردن و خراپکردنی ژیان و گوزەرانی تۆی بڕوانامەدار و خەڵکی دیکەی بێ بڕوانامە و کۆمەڵگاکەت". 

"ئەگەر تۆ ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی تەمەنت بەفیڕۆ دەدەیت لە بەدەستهێنانی بڕوانەمەیەکدا ئەوا نابێت رازیی بیت بە شێوەی هەمان ئەو کەسانە بژیت کە ئەو ماوەی ٢٠ ساڵە نەیانخوێندووە و دەبێت بە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی هونەرێکی نوێ لە خوێندنەکەی خۆتدا و دروستکردنی جیاوازییەک بە بەراورد بە هاوبڕوانامەدارەکانی خۆت جیاوازییەک دروست بکەیت و خۆت ڕەنگڕێژکەری ڕێگای سەرکەوتنی خۆت بیت". 

"لە هەمووی گرنگتریش ئەوەیە لە هەر قۆناغێکی ژیانتدا ئەگەر هاتو زانیت ئەو بڕوانامەی لەڕێگای بەدەستهێنانیدایت، ناتوانێت خزمەتێکی ئامانجەکانی خۆت و ژیانت بکات، راستەوخۆ وازی لێبێنە و بڕۆ ئیشێکی دیکە بکە، کە لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە یارمەتی خۆت بدات و هەرگیزیش چاوەڕێی دامەزراندنێک مەکە کە بە مووچەیەکی دیاریکراوەوە سەرجەم ژیانت بەو شێوەیە بەڕێ بکەیت".

بەڕای من باشترین کاریش کە مرۆڤ بیکات، دەبێت خۆی بکات بە ناوەند و ببێت بە تاکێکی کاریگەر و ببێتە ناوەندی دابەشکردنی ئومێد و زانست و سەرمایە، هەڵبەت ئەویش لەسەر بنەمای ئەو هەوڵدانەی کە لە ژیانتدا داوتە بۆ گەیشتنە بە ئامانجەکانت.

هەروەها هەرگیز ئامادە مەبە نرخێک لەسەر خۆت و بڕوانامەکەت و ئامانجەکەت دابنێیت بۆ بەدەستهێنانی پاداشتێکی پارەیی، بەڵکو بە ڕەنگڕێژکردنی ڕێگاکانی سەرکەوتنی خۆت هەوڵی بەدەستهێنانی نیشاندانی گرنگی کەسایەتی خۆت و بڕوانەمەکەت و هەموو شتە خودییەکانی خۆت بدە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە بەڵێ بڕوانەمە شتێک لە ژیانی تۆ دەگۆڕێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure