ئێران رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا بەدور نازانێت

هەواڵ / جیهان :: 04/05/2019‌ :: 155‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


وەزیری دەرەوەی ئێران، رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان تاران و واشنتن بە دوور نازانێت و دەڵێت: "ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ روداوه‌ پێشبینی نه‌كراوه‌كان".


رۆژنامەی ئیندیپێندێنتی بریتانی، دوێنێ هەینی لێدوانێکی محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانی بڵاوکردەوە کە لەکاتی سەردانەکیدا بۆ نیویۆرک وتویەتی چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوە دەکرێت کە پەیوەستە بە هاتوچۆی ژمارەیەک کەشتییەوە لە کەنداو و بەتایبەت لە گەروی هورمز.

زەریف ئاماژەی بەوەداوە کە سوپای پاسداران کۆنتڕۆڵی بەری ئێرانی گەرووەکەی کردووە و بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەشتییانەدا هەیە کە بە ناوچەکەدا تێپەڕدەبن، بۆیە نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا لەو شوێنە رەنگە بە ئاسانی ببێتە هۆی دروستبوونی پێکدانان لە نێوانیاندا.

وەزیری دەرەوەی ئێران دەشڵێت: "ترس لەوبارەیەوە زیادی کردووە، ئەوەش بەهۆی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوهێنانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆری ئەمریکادا و تارانیش بەهەمان شێوە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکای بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناوبردووە".

زەریف ئاماژەی بەوەشداوە: رووداوی هاوشێوەی رووداوەکەی ساڵی 2016 کاتێک دەسەڵاتدارانی ئێران ژمارەیەک دەریاوانی ئەمریکیان لە ئاوی کەنداو دەستگیرکرد، رەنگە ببێتە هۆی پێکدادانی سەربازی لەنێوانیاندا، ئەوەش بەهۆی خراپبوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن.

ئا: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure