هاوڵاتیانی ناوچەیەکی هەرێم بەیانیان دەچنە ئێران و ئێواران دەگەڕێنەوە

هەواڵ / کوردستان :: 03/05/2019‌ :: 11880‌ جار بینراوە
وێنه‌ى مه‌رزى سه‌یران به‌ن سه‌ربه‌ قه‌زاى پێنجوێن له‌نێوان عێراق و ئێران

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

لەدوای نەمانی ڤیزای نێوان ئێران و عێراق، لەئێستادا رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لەدانیشتوانی قەزای پێنجوێن، لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە سەردانی وڵاتی ئێران دەكەن، بەشێکی زۆریان بەیانیان دەڕۆن و ئێواران دەگەڕێنەوە.


یادگار محەمەد، دانیشتووی قەزای پێنجوێن (ئەمڕۆ هەینی 3ی ئایاری 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی نەمانی ڤیزا، وەك دانیشتووی قەزای پێنجوێن و نزیكیمان لە ئێران و شارەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان، كەم رۆژ هەیە سەردانی ئەودیو نەكەین و نانێكی گەرم لەدەریاچەی زرێبار و شاری مەریوان نەخۆین.

وتیشی "پێشتر بۆ چوونمان بۆ ئێران و مانەوەمان بۆ ماوەی یەك مانگ بڕی 60 هەزار دیناری عێراقیمان خەرج دەكرد، بەڵام ئێستا ئەو نرخە كەمبووەتەوە بۆ تەنیا 10 هەزار دینار ئەویش ئەگەر لە رێگەی نوسینگەكانی گەشتیاری پێنجوێنەوە ڤیزای ئەلیكترۆنی وەربگرین".

روونیشیكردەوە: بەیانیان زوو بەشێكی زۆری پێنجوێنیەكان بۆ خواردنی ماسیەكی دەریاچەی زرێبار دەچینە مەریوان و ئێواران دەگەڕێنەوە، كە ئەوەش تاموچێژێكی تایبەتی هەیە و بەلامانەوە زۆر خۆشە".

هاوكات بەختیار تۆفیق، خاوەنی نوسینگەی گەشتیاری سویسرا لە پێنجوێن، بۆ دواڕۆژی روونکردەوە: لەئێستادا رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناو قەزای پێنجوێن، سەردانمان دەكەن و ئێمەش لەماوەی یەك رۆژدا ڤیزای ئەلیكترۆنی یەك مانگیان بۆ وەردەگرین و دەتوانن بچنە خاكی ئێران.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەو 10 هەزار دینارەی کە وەردەگیرێت پێنج هەزاریان بۆ كرێ تەكسیە و ئەوەی تریش بەشێكی بۆ كونسڵخانەی سلێمانی كۆماری ئیسلامی ئێرانە،  كارئاسانی بۆ گەشتیارانی پێنجوێن كردووە و خەڵك بەماڵ و مندڵ یان هەر خۆی یان لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێیان بەیانی زوو لەباشماخەوە دەچنە ئەو بەر و ئێوارانیش دەگەڕێنەوە".

بڵاوکردنەوە: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە