زانیاری ورد له‌باره‌ى سكاڵاكه‌ی عێراق له‌سه‌ر هه‌رێم ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / کوردستان :: 03/05/2019‌ :: 3720‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

حكومه‌تى عێراق دوو سكاڵاى له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وتى هه‌رێم تۆماركردووه‌، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر زۆره‌ حكومه‌تی عێراق ئه‌و سكاڵایانه‌ له‌ هه‌رێم بباته‌وه‌".


غالب محه‌مه‌د په‌رله‌مانتارى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: حكومه‌تى عێراق، دوو سكاڵاى تۆماركردووه‌، یه‌كێكیان له‌ دادگاى فره‌نسا له‌ دژى حكومه‌تى توركیا و داواى 26 ملیار دۆلار قه‌ره‌بوو ده‌كات، له‌سه‌ر ئه‌و به‌هه‌ده‌ردانه‌ى كه‌ له‌ نه‌وتی هه‌رێمدا هه‌یه‌.

روونیشیكرده‌وه‌: حكومه‌تى عێراق حسابى كردووه‌، جیاوازى نیوان خۆى و ئه‌و ژماره‌یه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌یفرۆشێت ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ ده‌كات، جگه‌ له‌وه‌ش زیاده‌یان وه‌كو قه‌ره‌بوو خستووه‌ته‌سه‌رى، داواى ده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: سكاڵاكه‌ى سه‌ر توركیا، حكومه‌تى عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌رى، هاتنى به‌رپرسانى توركیاش بۆ عێراق به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌و سكاڵایه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێكى تریش ئه‌وه‌یه‌ داواى نه‌وت له‌ عێراق ده‌كه‌ن.

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ى نه‌وت و غاز له‌ په‌رله‌مانى عێراق وتیشی: "ئه‌گه‌ر عێراق ئه‌و سكاڵایه‌ بباته‌وه‌، ده‌بێت توركیا ئه‌و پاره‌یه‌ بدات، ئه‌گه‌ر نه‌شیدات، عێراق ده‌توانێت، رێگه‌ى تر بگرێته‌به‌ر، وه‌ك راگرتنى بازرگانى له‌گه‌ڵ توركیادا، نه‌وتى پێنه‌فرۆشێت، ئه‌و نه‌وتانه‌ى ده‌یفرۆشێت نه‌هێڵێت له‌ توركیاوه‌ بڕوات، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى ده‌بێت له‌سه‌ر ئابوورى توركیا، ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌ندى به‌ عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌".

باسی له‌وه‌شكرد: سكاڵایه‌كى تریش هه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تى عێراق له‌ سه‌ر فرۆشتنی نەوت سکاڵای لەسەر حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى تۆمارکردووه‌، له‌ دادگاى فیدراڵى كه‌ چه‌ندجارێك دادبینى بۆ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌و سكاڵایه‌ خراوه‌ته‌ مانگى 7ى ئاینده‌.

غالب محه‌مه‌د هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و سكاڵایه‌ى عێراق كه‌ له‌ سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم تۆماری كردووە، له‌به‌ره‌ ئه‌وه‌ى بڕیارى دادگاى فیدراڵى پیاچوونه‌وه‌ى نییه‌، بۆیه‌ دواخراوه‌ بۆ دواى پێكهێنانى حكومه‌تى هه‌رێم، ئه‌وه‌ش به‌بڕواى من بۆ ئه‌وه‌یه‌ تا هه‌ردوولا رێكبكه‌ون، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دادگاى فیدراڵى بڕیاربدات، ده‌بێت جێبێبكرێت.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure