ناوى ده‌رچووانی پارێزگایه‌ک تۆمارده‌كرێت و هه‌لى كاریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: 03/05/2019‌ :: 2560‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

قایمقامیه‌تى قه‌زاى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕێكخراوێكى ئه‌ڵمانى، سه‌رژمێرى سه‌رجه‌م بێكارانى هه‌ڵه‌بجه‌ تۆمارده‌كه‌ن به‌ تایبه‌ت ده‌رچووانى په‌یمانگا و زانكۆكان و چین و توێژه‌كان، به‌ مه‌به‌ستى ڕه‌خساندنى هه‌لى كار بۆیان.


نوخشه‌ ناسیح، قائیمقامی ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی ره‌خساندنی هه‌لی كار،  بۆ ده‌رچوانی زانكۆ و په‌یمانگا و گشت چینه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه‌ كه‌ تا ئێستا بێكارن، به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كارو كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و  ڕێكخراوى GIZى ئه‌ڵمانى ده‌ست به‌ تۆماركردنى ناوه‌كانیان ده‌كه‌ین به‌مه‌به‌ستى ڕه‌خساندنى هه‌لى كار بۆیان.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ ڕۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ (5 و 6/ 5/ 2019) كاتژمێر 10ی به‌یانی تاكو 2:30 پاشنیوه‌رۆ تیمێكی گه‌ڕۆكی وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ هاوكاری ڕێكخراوی (giz)ی ئه‌ڵمانی دێنه‌ پارێزگاكه‌ بۆ تۆماركردنی ناوی بێكاران.

قایمقامى ناوه‌ندى پاریزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: كه‌ ناونووسینه‌كه‌ كه‌سانی ته‌مه‌ن (18 بۆ 60 ساڵ) و ده‌رچووی زانكۆ و په‌یمانگا و سه‌رجه‌م چینه‌كانی دیكه‌ به‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی نێر و مێ ده‌گرێته‌وه‌، هاوكات تیمه‌كه‌ له‌ نزیك بینای سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ داده‌نیشن و ده‌ست به‌ تۆماركردنى ناوى بێكارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure