حاکم گۆران پێش خۆكوشتنی چی وتووه‌؟

هەواڵ / کوردستان :: 03/05/2019‌ :: 4195‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

حاكم گۆران كه‌ هه‌فته‌ی پێشوو له‌ راسته‌وخۆی فه‌یسبووكدا كۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێنا، لەسەرەتای لایڤەکەیدا بە چەکێکی جۆری کلاشینکۆف دەردەکەوێت و چەند چرکەیەک دادەنیشێت، جارێکی تر ده‌چێته‌ لای مۆبایلەکەی و ئەو رووناکیەی بۆ خۆی دایناوەو رێكی دەکات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشیی ده‌ربكه‌وێت.


حاكم گۆران کاتێک دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی، دوو فیشەک بە ئاسماندا دەتەقێنێت و دادەنیشێتەوەو دەست بە قسەکردن دەکات و دەڵێت: "رێز و سڵاو بۆ کوردستان و کوردستانیانی ھێژا و خۆشەویست، بۆ ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەموو خێزانێکی کورد و کوردستان".

به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ قسه‌كانی و ده‌ڵێت: "ببورن گڵۆپم ھەڵکرد چونکە جێگاکەم ئاشكرا دەبێت و ئێستا به‌وهۆیه‌وه‌ ئاسایش و پۆلیس دێن، بەگوڕی شەھیدان ئەوەی 200 مەتر خۆی نزیکی من بکاته‌وه‌ تەقەی لێدەکەم و مەترسی لە سەر ژیانی دروست دەبێت".

باس له‌وه‌شده‌كات: بەخێرایی قسە دەکەم لە بەر ئەم بارودۆخە خراپە، لەوکاتەی لە چیا گەڕامەوە ئامانجم ئەوەبوو بەردەوام بم لە مانگرتن و خێمە له‌ناو شاری دهۆك هه‌ڵبده‌م و ھەموو شارەکانی بادینان بگەڕێم، بەڵام ھەمووتان دەزانن دەسەڵات دەرفەتی پێنه‌دام.

هه‌ر له‌و وتانه‌یدا حاكم گۆران ده‌ڵێت: "زیاتر لە مانگێکه‌ چاوەڕێی بەپرسی لقی 1ی پارتی و جەنابی پارێزگاری دھۆک بووم وەڵامیان نەبوو، مەجبور بووم بچمە دەڤەری سلێمانی، ھەرچۆنێک بێت پێویست بوو بچمە دەڤەری سۆرانیش، چونکە ئەوە یەکیک بوو لە ئامانجەکانم".

هه‌ر چه‌ند خوله‌كێك پێش خۆكوشتنی، جگه‌ره‌یه‌ك داده‌گیرسێنێت و ده‌ڵێت: "کاتێک چوومە سلێمانی یەک ئامانجی سەرەکیم ھەبوو، ئەویش نەمانی ناكۆكی ناوماڵی کوردی بڵاوبکەومەوه‌و لە ھەموو دەڤەرەکانی کوردستان، ھیچ جۆرە ئامانجێکی شه‌خسی خۆم نه‌بوو".

"ھەرچەندە چوومە سلێمانی و پەیامم بڵاوکردەوە، رەخنەی زۆرم لێگیرا، کوردستانیانی بەرێز چۆن پارتی یەکێکه‌ لە حیزبە سەرەکییەکان لەم وڵاتەدا، یەکێتی و بزوتنەوەی گۆرانیش دوو حیزبی سه‌ره‌كین"، ئه‌مه‌ درێژه‌ی قسه‌كانی حاكم گۆران بوو له‌ كاتی لایڤه‌كه‌یدا، به‌ڵام لەوکاتەدا کەسێک بەناوی (رەشۆ) پەیوەندی پێوه‌دەکات، ئەویش پێی دەڵێت "کاک رەشۆ پەیوەندیم پێوه‌ مەکە لایڤەکە دەپچڕێت".

دواتر وتی: "لێم ببوون ئه‌وه‌ ئاسایش و پولیس لە دەوروبەری منن، بەخوا رێگە نادەم کەس نزیکم بببێتەوە".

له‌كاتی به‌رده‌وامبوونی له‌ قسه‌كانی، چەکەكه‌ی دەستی بەرزدەکاتەوە و دەڵێت "کەس نزیکم نه‌بێته‌وه‌، بە قورئان تەقە دەکەم".

وتیشی: "دژایەتی ناوماڵی کوردی دژایەتییه‌کی مێژووییە و زۆر زۆر ئەستەمە ئەم دژایەتییە نه‌مێنێت"، دواى چه‌ند قسه‌یه‌كی تر، لەوکاتەدا حاکم گۆران دوو فیشەک دەتەقێنێت و دەڵێت "شوێنەکەم ئاشکرابوو و دەوروبەرم گیراون، مەجبوربووم زوو لایڤەکەم بکەمەوە"، (جارجار حاکم گۆران سەیری ئەملاو ئەولای خۆی دەکرد).

له‌ به‌ردامبوونیدا به‌ قسه‌كانی هاوار ده‌كات و ده‌ڵێت: "داوا لە ھەموو کورد و کوردستانیان دەکەم با ببنه‌ خاوەن قسە و بڕیار و ھەڵوێست، بەسە سەرشوڕی، بەسە گەندەڵی و بەسە دزی و بەسە قبۆڵکردنی زۆڵم و غەدر و تەجاوز و نادادپەروەری و بێ مافی و جیاوازی لە سەر مووچەیەکی ئاسایی".

"کوردستانیانی بەرێز دوای دوو ساڵی مانگرتم كه‌ په‌یامم نەھێشتنی دژایەتی ناوماڵی کوردی و ئاواکردنی یەکڕێزی و چاکسازی بوو، بەڵام بەداخەوە دوای دوو ساڵ لە چاوەروانیدا نە کابرایەک نەک کومەڵگای کوردستان پشتیوانی منیان نەکرد، نە حیزب و نە حکومەتی کوردستان، ئه‌وه‌ شەش مانگیش تێپه‌ڕبوو حکومەتی کوردستانی پێکنەھات و دانامەزرێت، ھەرکارێک ئەنجامبدرێت لە سەرەوە فیلم و چیرۆکە".

لەوکاتەدا کەسێک نزێکی دەبێتەوەو حاکم گۆران دەنگی دەبیستێت، پێی دەڵێت "سەرنەکەوی کورە، ھاوڕێ و ھاوڕێیەتی ناخوات، لە خۆم دەدەم"، لەوکاتەدا چەکەکەی دەخاتە سنگی خۆی و دەڵێت "لەخۆم دەدەم، کەسێک پێی دەڵێت بووەستە، ئەویش دەڵێت بە قۆرعان لە خۆم دەدەم، ئەو کەسەش بە دەنگی بەرز بە حاکم گۆران دەڵێت بووەستە بووەستە، ئەویش چەکەکەی ده‌خاته‌ سه‌ر سنگی خۆی و دوو فیشه‌ك ده‌نێت به‌خۆیه‌وه‌و دوای چه‌ند كاتژمێرێك مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌، گیان له‌ده‌ستده‌دات".

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure