روداوى هاتوچۆ زیاتر لە 87 هه‌زار هاووڵاتی هه‌رێمى كردووه‌ته‌ قوربانی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 04/05/2019‌ :: 2494‌ جار بینراوە

دواڕۆژ ، محەمەد مستەفا

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵدا بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆوه‌ زیاتر لە 7 هەزار کەس گیانیان لە دەستداوەو زیاتر لە 80 هەزار کەسیش برینداربوون و زۆرینەی قوربانیانی روداوەکانی هاتوچۆش لە رەگەزی نێرن.

40 هه‌زار ووداوی هاتوچۆ رویانداوه‌

هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ی بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، "لە ماوه‌ی نزیكه‌ی 10 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 40 هەزار ڕووداوی هاتوچۆ لە هەرێم ڕوویانداوە".

کارزان محەمەد بەرپرسی ڕێکخراوی چرای چەوساوەکانی نیشتیمان بە دواڕۆژی راگەیاند: لەگەڵ زۆربوونی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان، ئەوان وەک رێکخراوێکی ناحکومی لە ماوەی سێ مانگی رابردوو، بەدواداچونی وردیان کردووە لەسەر بەڕێوبەرایتیەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی زانینی ئاماری قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەری تیرۆری سپی لە هەرێم.

وتیشی: "بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێم لە ماوەی نزیکەی 10 ساڵی رابردوودا، 40 هه‌زار و 275 رووداوی هاتوچۆ لە هەرێم ڕوویانداوە، بەوهۆیەشەوە 7193 کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات 84 هه‌زار و 36 کەسیش برینداربوون کە زۆرینەی قوربانیان لە ڕەگەزی نێرن.

یاساکانی هاتوچۆی عێراق و هەرێم بەکەڵکی ئێستا نایەن
مەریوان محەمەد موقەدەمی هاتوچۆی مافپەروەر و بەرپرسی بەشی یاسا لە بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەو یاسایانەی کە لە ئێستادا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت لە سەردەمی حاکمی مەدەنی عێراق (پۆڵ بریمەر ) نوسراون لە ساڵی 2004 و دواتر لە پەرلەمانی کوردستان هەموارکراونەتەوە و تا ئێستاش کاریان پێدەکرێت کە ئەو کات عێراق لەسەردەمی شەڕدا بووە و یاساکان زۆر بەپەلە نوسراون و تێپەڕێنراون.

مەریوان محەمەد جەختیشیکردەوە: ئەو یاسانەی سەردەمی جەنگ بەکەڵکی ئێستای رەوشی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان نایەن و دۆخی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان پێویستی بە دانانی یاسای نوێیە، وەک پەیڕەوکردنی یەک سیستمی شۆفێری لەسەرتاسەری هەرێم و هاوکات دانانی پلانێک هاوشێوەی وڵاتی سوید کە ئەو وڵاتە بەنیازە تا دوای ساڵی 2020 ئاستی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بۆ ئاستی سفر کەمبکاته‌وه‌، ئێمه‌ش بەرنامەمان هەیە لە ساڵی ئایندەوە داوا لە زانکۆکانی هەرێم بكه‌ین کە خوێندکاران لە قۆناغی کۆتایی خوێندنیان توێژینەوەی زانستی لەسەر ڕەوش و ئامار و رووداوەکانی هاتوچۆی هەرێم بکه‌ن و دواتر توێژینەوەکان ئاڕاستەی حکومەت بکرێت بۆ کار له‌سەرکردنیان.

شۆفێرانیش هۆکاری بەشێکی روداوەکانن
خۆشناو حەسەن وتەبێژی هاتوچۆی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: راستە بەشێکی زۆری رێگاکانی هاتوچۆ لە هەرێم بە گشتی و دەڤەری راپەڕین خراپن و هۆکاری بەشێک لە روداوەکانی هاتوچۆن، بەڵام لە بەرامبەریشدا بە داخەوە زۆرینەی شۆفێران وەک پێویست پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ نابن، هەر ئەمەش وایکردووە زۆرینەی ژمارەی قوربانیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێرانه‌وه‌ بووە بە رێنماییەکانی هاتوچۆ، بە تایبەتی تیژڕەوی کە زۆرینەی قوربانیان بەم هۆکارە گیانیان لە دەستداوە.

پابەندنەبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆ "حەرامه‌"
عەبدوڵا حەسەن بەرپرسی لقی ڕانیەی یەکێتی زانایانی ئایینی کوردستان باس له‌وه‌ده‌كات: ئەوان وەک یەکێتی زانایان لە ئێستادا لە رێگەی مینبەری مزگەوتەکان کار لەسەر وشیارکردنەوەی هاووڵاتیان دەکەن بۆ پابەندبوون بە رێنماییەکانی هاتوچۆ.

عەبدوڵڵا حەسەن وتیشی: "بە گوێرەی بڕیاری لیژنەی باڵای فتوای کوردستان، پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ بە هەموو شێوەک حەرام و رێگەپێنەدراوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان و شۆفێران بە تەواویی پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن و بەپێچەوانە لە ڕووی ئایینیەوە گوناهبار دەبن، چونکە یاساکانی هاتوچۆ بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤه‌كانه‌".

به‌هۆی خراپی شه‌قامه‌كانه‌وه‌، زۆربه‌ی رێگای نێوان شاره‌كان ناونراون رێگای مه‌رگ و رۆژ نییه‌ رووداوی هاتوچۆ خه‌ڵك نه‌كاته‌ قوربانیی، هه‌ربۆیه‌ قوربانییه‌كانی هاتوچۆ ئه‌وه‌نده‌ زیادیانكردووه‌ پێیده‌وترێت "مه‌رگی سپی".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure