ره‌وتى سه‌در هۆشدارى ده‌داته‌ ده‌وڵه‌تى به‌حره‌ین

هەواڵ / عێراق :: 02/05/2019‌ :: 335‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

ره‌وتى سه‌در په‌یامێكى ئاراسته‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌حره‌ین كرد  و تیایدا دەڵێن: "چاره‌نووسى ئه‌وان وه‌كو چاره‌نووسى سه‌دام حسێن سه‌رۆكى رژێمى پێشووى عێراق و موعه‌ممه‌ر قه‌زافى سه‌رۆكى لیبیا دەبێت".


پێشتر موقتەدا سەدر لە پاكێجه‌كدا داوایکردبوو ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌حره‌ین ده‌سه‌ڵات جێبهێڵن، له‌ وه‌ڵامى ئه‌و هێرشانه‌شدا وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و به‌رپرسانى ئه‌و وڵاته‌ هێرشیانکردەسەر سەدر و جارێکیتریش رەوتەکە وەڵامی دانەوە.

حاكم زاملى سه‌ركرده‌ لە ره‌وتى سه‌در (ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی ئایاری 2019) به‌ سایتى (بغداد الیوم)ى راگه‌یاندووه‌: موقته‌دا سه‌در له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ فه‌رمانى پێبكرێت، هه‌موو بڕیاره‌كانى عێراقییانه‌یه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌زانرێت".

زاملى رونیشیكردووەته‌وه‌: خالد بن ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین و وڵاته‌كه‌ى بێڕێزییان به‌رامبه‌ر سه‌در كرد، ئه‌وان له‌ پێشدا ده‌ستپێشخه‌رى پێشێلكارى بوون، موقته‌دا سه‌در ته‌نیا ئامۆژگارى و رێنمایى بۆ هه‌ندێك وڵات ده‌ربڕیوه‌، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستى سه‌قامگیرى.

وتیشى: "هه‌موو لایه‌ك ده‌زانێت كه‌ به‌حره‌ین كێشه‌ى ناوخۆیى هه‌یه‌، به‌ده‌ستیه‌وه‌ گرفتاره‌، ستەم و زۆردارى و چه‌وسانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر گه‌لى خۆیان، بێگومان ئه‌و بارودۆخه‌ به‌رده‌وام نابێت".

ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد: ئه‌و سته‌مانه‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌حره‌ین له‌ گه‌لى خۆیانی ده‌كه‌ن، به‌رده‌وام نابێت، بێگومان رۆژێك دێت چاره‌نووسى ئه‌وانیش وه‌ك سه‌دام حسێن و موعه‌ممه‌ر قه‌زافى و ئه‌وانى تر ده‌بێت.

پ: ن.ر
 بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure