ناكۆكى په‌رله‌مانتاران دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق دواده‌خات

هەواڵ / عێراق :: 02/05/2019‌ :: 266‌ جار بینراوە
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ-ه‌

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

دانیشتنى بڕیاردراوى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مان به‌هۆى ته‌واونه‌بوونى رێژه‌ى یاسایى و ناكۆكى په‌رله‌مانتاران سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ بۆ ماوه‌ى نیو كاتژمێر دواكه‌وت و (كه‌مێك پێش ئێستا) ده‌ستیپێكرد.


حه‌سه‌ن ئالى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى یه‌كێتى (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2ى ئایارى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بڕیاره‌ ئه‌نجومه‌ن له‌ دانیشتنى ئه‌مڕۆدا تاوتوێى 13 بڕگه‌ بكات، له‌وانه‌ش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ كه‌ پێشتر 178 په‌رله‌مانتار واژۆیان له‌سه‌رى كردووه‌ به‌دوریشیزانى سه‌رجه‌م بڕگه‌كان ئه‌مڕۆ تاوتوێ بكرێن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رونیشیكرده‌وه‌: گفتوگۆ و ناكۆكى له‌باره‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ هه‌یه‌.

دوپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دانیشتنه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا تاوتوێى وه‌زاره‌ته‌ به‌تاڵه‌كانى كابینه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى ناكرێت.

لاى خۆیه‌وه‌ دیار به‌روارى، ئه‌ندامى په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنى پارتى له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند: هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ نایاساییه‌.

هاوكات مه‌یاده‌ نه‌جار، ئه‌ندامى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى نه‌ینه‌وا، كارێكه‌ دژى به‌ كورد سوننه‌ ده‌كرێت، ئه‌و پارێزگایه‌ ئێستا نه‌ پارێزگارى هه‌یه‌، ده‌سه‌ڵاتێكى كارگێڕى باش، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نه‌كه‌شى هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌، گورزى گه‌وره‌ترى به‌رده‌كه‌وێت".

وتیشى: "به‌و هه‌وڵه‌ ده‌یانه‌وێت هه‌ژموونى كورد و سوننه‌ له‌و ناوچانه‌ لاواز بكه‌ن، بێگومان ئه‌م كاره‌یان بۆ بڕواته‌سه‌ر، ناوچه‌ى تریش دێته‌پێشه‌وه‌".

پێشتر عه‌لا روبه‌یعى، په‌رله‌مانتار له‌ هاوپه‌یمانى سائیرون وتى: ئه‌وان ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌ده‌ن.

به‌ڵام بنیان جه‌ربا، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ رایگه‌یاند: رێوشوێنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران "له‌ رووى یاساییه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ى یاسا و ده‌ستوره‌".

ئه‌وه‌شى وت: ئه‌و رێوشوێنانه‌ "واپێده‌چێت فشاربێت له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى موسڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى سیاسى بۆ لایه‌نى سیاسى دیاریكراو".

و: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure