ئەحمەد تورک: قەیومەکان بە ملیۆنان دۆلار شاره‌وانییه‌كانیان قه‌رزاركردووه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 339‌ جار بینراوە
ئەحمەد تورک

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان و سەرۆکی شارەوانی مێردین لە چاوپێکەوتنێکی دواڕۆژدا وتی: "قەیومەکانی تورکیا بە ملیۆنان دۆلار شارەوانیەکانیان قەرزاركردووه‌ و ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات: ئەگەر لەناو سیاسەتمەدارانی کورددا یەکێتی و دیالۆگ نەبێت، کێشەکان زوو چارەسەرناکرێن.


دواڕۆژ: ئەنجامی ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە تورکیا چ کاریگەرییه‌کى لەسەر کورد ھەبووە؟
ئەحمەد تورک:
پڕۆسەی ھەڵبژاردنی شارەوانیەکان لەژێر زه‌خت و فشارێکی زۆری تورکیادا بەڕێوەچوون، لە ھەموو شار و ناوچە و گوندەکان فشاریان خستەسەر گەلەکەمان، بەڵام گەلەکه‌مان ئیرادەی خۆیان پێشخست، بەڕاستی تورکیا لە ھەموو شوێنێک ویستی رێژەی دەنگی کوردان کەمبکات، بەڵام گەل ئیرادەی خۆیان پێشخست لە بەرامبەر ئەوان و گەلەکەمان خاوەنداری لە ژیان و سیاسەت و ماف و دواڕۆژی خۆی كرد، ئێمە سوپاسی گەلی خۆمان دەکەین.

دواڕۆژ: گەلێک شار و ناوچەی کوردنشین لە تورکیا وێرانکران و پێشتر شەڕ روویدا و قەیوم دانران، پلانەکانی ئێوە چین وەکو ھەدەپە بۆ زیاتر گەشەپێدان و ئاوەدانکردنی ئەو شوێنانە؟
ئەحمەد تورک:
ھەر چ توانا و دەرفەتێکمان ھەبێت لە خزمەتی گەلەکەمان جێبەجێیدەکەین، ئێمە باش دەزانین ئەو سیاسەتەی ئەوان بەکاریانھێناوە و دانانی قەیوم كه‌ بە ملیۆنان دۆلار شارەوانیەکان قەرزارکراون، ئامانجیان ئەوەبوو ئێمە و گەلەکەمان بێننە بەرامبەری یەکتر و نەتوانین خزمەتیان بکەین، لەڕووى ئابوورییەوە گەلێک ئاڵۆزی لە پێشمانن، گەلەکەمان بە ئیرادەیەکی بەرز سیاسەتی دانانی قەیومیان لەناوبرد، ئێستا بە قەرزێکی زۆر شارەوانی مێردینمان وەرگرتووە، بەڵام ئەوەی لە تواناماندابێت و پێمانبکرێت بۆ گەلەکەمان وەکو ئەرکی خۆمان دەیکەین.

دواڕۆژ: بە بۆچوونی ئێوە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەمدواییە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئاکەپە نابێت لە بەرامبەر پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)؟
ئەحمەد تورک:
بەڕاستی کاریگەری ھەیە، نەک تەنیا لە باکوری کوردستان بەڵکو گەلی تورکیاش ئیرادەی خۆیان دەرخست، لە چەند شارێکی گەورەی تورکیا بە دەنگی گەلی کورد گۆڕانکاری ھاتوونەتە پێشەوە، تا ئەوکاتەی ئەردۆغان دوژمنایەتی گەلی کورد بکات ناگەینە ئازادی و دیموکراسی و ناتوانین برایەتی پێکبێنین، ئێمە دەمانەوێت لەناو گەلانی تورکیادا سیاسەتێکی ھاوبەش و برایەتی ئاوابکەین، ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ ئه‌نجامیده‌ده‌ن لە بەرامبەر مافی گەلی کورد جێبەجێدەکرێت. لە ھەندێک ناوچە بەھۆی فشاری پۆلیس و سەربازی تورکیا دەنگەکانمان فەوتاون.

دواڕۆژ: ئێوە چاوەڕێ ناکەن قۆناغێکی نوێی  پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستپێبکات؟
ئەحمەد تورک:
بۆ ئێمە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا زۆر گرنگ و پێویستە، ئێمە دەزانین بەم تێگەیشتن و سیاسەتەی ئەمڕۆ کێشەکان چارەسەرناکرێن، رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزی و تەجرید زیاتر دەبن، ئێمه‌ش داوادەکەین سیاسەتێکی دیموکراتیک و سیاسەتی کوردان قبوڵبكرێت و ببێتە واقع، لەئێستادا بە تایبەت لەم رۆژانەدا ھیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی نابینین، ئەمڕۆ سیاسەتی دژی مرۆڤایەتی لە بەرامبەر گەلی کورد لە تورکیا جێبەجێدەکرێت.

دواڕۆژ: بەپێى زانیارییەکان بەشێک لە سیاسەتمەدار و ئاقڵمەندانی تورکیا دەڵێن (بۆ تورکیا دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی پڕۆسەی ئاشتی گرنگە) ئایا ئەم داوایەی ئەوان راستە؟
ئەحمەد تورک:
بەڵێ ئەمە راستە، ھیچ کێشەیه‌ک بەبێ ئاشتی و دیالۆگ چارەسەرناکرێت، ئەگەر ئەمڕۆ گەلانی رۆژھەڵاتی ناوین یەکتر قبوڵنەکەن لە رۆژی ئایینی و باوەڕی و ئەتنیک ناتوانین بڵێین دیموکراسی لە رۆژھەڵاتی ناوین ھەیە، کێشەی ئەم ناوچەیە ئەمەیە، سیاسەتی لەناوبردن (ئەسمیلاسیون)یان جێبەجێکردووە، کەسانی باوەڕمەند و خاوەن ویژدان و دیموکرات باش تێدەگەن بەبێ ئاشتی و ئارامی و سیاسەتێکی ھاوبەش کێشەکان چارەسەرناکرێن، ئێستا دەبینین ئەو دەنگە رۆژ لە دوای رۆژ بەرزدەبنەوە و گەلێک مرۆڤی باوەڕمەندی تورک ئەوانیش ئەیبینن ئینکاری گەلی کورد و ئەو سیاسەته‌ی لە بەرامبەر کورد جێبەجێدەکرێت زیانێکی گەورە بە تورکیاش دەگەیەنێت. 

دواڕۆژ: لەناو حزبەکەی سەرۆک کۆماردا گەلێک سەرکردە و کەسایەتی سیاسی لە ئەدای سیاسی سەرۆکی ئاکەپە ناڕازین، لەمەودوا ئەم ھەڵسوکەوتەی سەرۆکەکەیان پێگەی ئۆپۆزسیۆن بەھێزتر ناکات بەتایبەت لەم قۆناغەدا؟
ئەحمەد تورک:
بەڕاستی ئەمڕۆ گفتوگۆیه‌ک لەناو حزبەکەی ئەردۆغاندا ھەیە، ئێمەش ھەندێک قسەوباسی لەو جۆرەمان بیستووە گەلێک کەس لەو سیاسەتەی جێبەجێدەکرێت ناڕازین، ئێستا ناتوانین بڵێین کەی سیاسەتێکی ئازاد و دیموکرات دێتە پێشەوە.

دواڕۆژ: لە ئێستادا چەند گرنگە سیاسەتمەدارانی پارچەکانی تری کوردستان رۆڵیان ھەبێت بۆ دوبارە دەسپێکردنەوەی قۆناغێکی دیکەی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان و تورکیا و دەست بخەنە ناو دەستی یەکتر و یەکبگرن؟
ئەحمەد تورک:
باوەڕمانوایە ئەگەر لەناو سیاسەتمەدارانی کورد دا یەکێتی و دیالۆگ نەبێت، کێشەکان زوو زوو چارەسەرناکرێن، ئێمە لە سەرەتادا وتمان دەبێت لەناو حزب و سەرکردە و سیاسیەکانی گەلی کورددا یەکێتی و دیالۆگ ھەبێت، کاتێک دیالۆگ نەبێت ئەو کەسانەی ئێستا لە دژی مافی گەلی کوردن ئەوانیش ھیچ ھەنگاوێک نانێت، ئەوانیش بۆ پڕۆسەکە ھیچ ھەنگاوێک نانێن، بەراستی ئەو کەموکوڕیانە لەلای ئێمەن، دەبێت خۆمان ئەو ھەنگاوانە بنێین و بتوانین سیاسەتێکی نوێ و ھاوبەش جێبەجێبکەین.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure