"ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران فریانه‌كه‌وێت رێگاكانى سلێمانى ده‌بنه‌ رێى مه‌رگ"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 02/05/2019‌ :: 485‌ جار بینراوە
ئیبراهیم عه‌زیز

دواڕۆژ، سامان قوبادى

به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ سلێمانى هۆشدارى ده‌دات له‌وه‌ى رێگه‌وبانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان ده‌بنه‌ رێى مه‌رگ، ئیبراهیم عه‌زیز، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنى پارێزگاى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا داواش له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كات فریاى رێگه‌وبانه‌كان بكه‌ون، ئه‌گه‌رنا به‌ره‌و له‌ناچوون ده‌چن.


دواڕۆژ: پارێزگاى سلێمانى له‌ رووى رێگه‌وبانى ده‌ره‌وه‌ى شاره‌كان وێرانه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا له‌ئێستادا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى رێگه‌وبان له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێت؟ كه‌واته‌ ئێوه‌ چى ده‌كه‌ن؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
سێكته‌رى رێگه‌وبان له‌ هه‌موو كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ سلێمانى له‌ داڕماندایه‌، هه‌فته‌ى رابردوو له‌ كۆبونه‌وه‌ماندا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ئاوه‌دانكرده‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم راپۆرتێكمان خسته‌ڕوو له‌سه‌ر دۆخى رێگه‌وبانه‌كانى پارێزگاى سلێمانى كه‌ له‌ چ ئاستێكدایه‌، هۆشداریم دا ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ى پێنج ساڵى داهاتوودا بوودجه‌ى ته‌واو ته‌رخان نه‌كرێت بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن، داوامانكرد وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌وڵێكى جدى بدات له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و دۆخه‌كه‌یان تێبگه‌یه‌نێت، بوودجه‌ بۆ رێگه‌وبانه‌كانى پارێزگاى سلێمانى ته‌رخانبكرێت، به‌گوێره‌ى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زانستى بوودجه‌ى بۆ ته‌رخان بكرێت، به‌پێى ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ى كردومانه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت رێگه‌وبانه‌كانى پارێزگاى سلێمانى نۆژه‌ن بكه‌ینه‌وه‌ له‌ ماوه‌ى 20 ساڵدا، ئه‌وا ساڵانه‌ پێویستمان به‌ زیاتر له‌ 10  ملیۆن دۆلاره‌، ئه‌گه‌ر ئه‌م بودجه‌یه‌ ته‌رخان نه‌كرێت سه‌رجه‌میان ده‌بنه‌ رێگه‌ى مه‌رگ. 

دواڕۆژ: ئه‌و بودجه‌یه‌ى ساڵانه‌ بۆتان ته‌رخانده‌كرێت چه‌نده‌؟ به‌شى چى ده‌كات؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
ئێستا بودجه‌ى ساڵانه‌مان یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلاره‌ كه‌ زۆر كه‌مه‌، له‌كاتێكدا له‌ خانه‌قینه‌وه‌ تا پشده‌ر و به‌شێك له‌ كۆیه‌ش سه‌ر به‌ ئێمه‌یه‌، مانگانه‌ 10 ده‌فته‌ر دۆلاره‌ ته‌نیا به‌شى 10 كیلۆمه‌تر رێگا ده‌كات به‌ قیركردنى یه‌ك چین، له‌كاتێكدا ئێمه‌ سێ هه‌زار كیلۆمه‌تر رێگاى قیرمان هه‌یه‌، به‌و بودجه‌ كه‌مه‌ ته‌نیا چه‌ند چاكسازییه‌كى پێى ئه‌نجام ده‌ده‌ین، وه‌ك  پڕكردنه‌وه‌ى چاڵ و چاككردنى رێگه‌كان.

دواڕۆژ: ده‌وترێت جیاوازی زۆر ده‌كرێت له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانى له‌ دابینكردنى بوودجه‌ بۆ پڕۆژه‌كان، ته‌نانه‌ت وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ى به‌ده‌م پڕۆژه‌كانى هه‌ولێره‌وه‌یه‌ سه‌ردانى سلێمانى ناكات، بۆچى؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
پێموانییه‌ وابێت، چونكه‌ رێگه‌وبانه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ولێر و دهۆكیشم بینیوه‌ له‌ ئاستێكى خراپدان، هه‌ندێك رێگه‌یان باشه‌، ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر بوجه‌یان بۆ ته‌رخان نه‌كرێت له‌ناوده‌چن، كێشه‌مان له‌ دروستكردنى رێگه‌وبان نییه‌، به‌ڵكو چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یه‌تى، له‌ ساڵى 2013وه‌ هیچ رێگه‌یه‌ك له‌ پارێزگاى سلێمانى نۆژه‌ن نه‌كراوه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ى رێگه‌وبانه‌كانیش رژێمى به‌عس دروستى كردوون، ئه‌وانه‌ى خۆشمان كردومانه‌ به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن.

دواڕۆژ: كه‌ى رێگه‌ى جووت سایدى سه‌یدسادق - پێنجوێن ته‌واوده‌كرێت؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
رێگه‌كه‌ دوو قۆناغه‌، یه‌كه‌مى ته‌نیا پردی شانه‌ده‌رى ماوه‌ و له‌ كۆتایى ئه‌مساڵ  ته‌واو ده‌بێت، به‌شى دووه‌مى له‌ كه‌وڵۆسه‌وه‌ ده‌چێت بۆ پێنجوێن، كه‌ تونێلێكیشى تێدا دروستده‌كرێت ته‌نده‌ر نه‌كراوه‌ بۆ به‌ڵێنده‌ر، سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ین  گۆڕانكارى له‌ دیزاینه‌كه‌یدا ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: به‌هه‌مان شێوه‌ تونێلى ده‌ربه‌ندیخان به‌ره‌و وێران بوون ده‌چێت، بۆچى خه‌مى ناخورێت؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
هه‌ندێك كێشه‌ى ته‌كنیكى تێدایه‌، داوامان له‌ وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ كردووه‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كى پڕۆفیشناڵ بهێنرێته‌ كوردستان كه‌ له‌بوارى تونێلدا كاریان كردبێت، هاوكات پرۆپۆزه‌ڵێك ئاماده‌بكرێت، دواتر له‌رێگه‌ى وه‌زاره‌تى داراییه‌وه‌ هه‌وڵى ته‌رخانكردنى بودجه‌ى بۆ ده‌ده‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ كۆمپانیاى بیانى ئه‌م كاره‌ له‌ئه‌ستۆبگرێت. 

دواڕۆژ: قه‌یرانى دارایى به‌ره‌و كۆتایى ده‌چێت، ده‌توانین ئه‌مساڵ به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى پڕۆژه‌كان ناوبنێین؟ به‌تایبه‌ت به‌جووتسایدكردنى رێگاكانى مه‌رگ؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كى رێگه‌وبان كه‌ به‌جووتسایدكردنه‌، ده‌ستیان پێكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش رێگه‌ى دوكان-چواڕقوڕنه‌ به‌ دوو قۆناغ كارى تێداده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها رێگه‌ى ده‌ربه‌ندیخان-كه‌لار ده‌ستبه‌كاركرایه‌وه‌ و دواتر راگیرا چاوه‌ڕوانى بودجه‌ین و ئه‌مساڵ ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ رێگه‌ى سه‌یدسادق-هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆتایى ئه‌مساڵدا ته‌واوده‌بێت، رێگه‌ى كه‌لار-رزگارى قۆناغى یه‌كه‌مى ده‌ستى پێكردووه‌ته‌وه‌، كابینه‌ى نوێ ده‌ستبه‌كاربێت سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كان كارى تێدا ده‌كرێت.

دواڕۆژ: پاره‌ى رێگه‌وبان له‌ شۆفێران وه‌رده‌گیرێت، ئایا ئه‌م داهاته‌ بۆ رێگه‌وبان خه‌رج ده‌كرێت؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
تائێستا یه‌ك دینارمان وه‌رنه‌گرتوه‌، له‌ئێستادا بڕیارێكى نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ كه‌ ئه‌و داهاته‌ بدرێت به‌ شاره‌وانییه‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، بودجه‌یه‌كى باشه‌ ئه‌گه‌ر پێمان بدرێت ده‌توانین چاكسازى باشى له‌رێگه‌وباندا پێبكه‌ین، ئه‌و داهاته‌ى له‌م رێگه‌یه‌وه‌ كۆده‌كرێته‌وه‌ ساڵان زیاتر له‌ 4 ملیۆن دۆلار تێپه‌ڕده‌كات، لیژنه‌یه‌كى باڵا پێكده‌هێنرێت بۆ چۆنیه‌تى وه‌رگرتنى ئه‌و بودجه‌یه‌، ئه‌م پاره‌یه‌مان پێبدرێت كاره‌كانمان كه‌ ئێستا 10%یه‌ به‌و داهاته‌ رێژه‌ى كاركردنمان بۆ زیاتر له‌ 50% له‌ رێگه‌وباندا به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ كه‌ تائێستا ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌دراوه‌ به‌ ئێوه‌ چى لێكراوه‌؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
نه‌هاتوه‌ته‌ لاى ئێمه‌، ناشزانین چى لێده‌كرێت.

دواڕۆژ: وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بڕى 95 ملیۆن دۆلارى داوه‌ بۆ كۆمپانیاى جێبه‌جێكارى پڕۆژه‌ى یه‌كه‌كانى (كه‌ڵه‌وانان) له‌ نزیك تاسلوجه‌، به‌ڵام ماوه‌یه‌كى زۆره‌ راگیراوه‌ و جێهێڵدراوه‌، وه‌ڵامتان چییه‌؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ بوودجه‌ى بۆ دیاریكردووه‌، ته‌نیا خزمه‌تگوزاریى بۆ نه‌كراوه‌ كه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت بیكات، به‌ڵام قه‌یرانى دارایی رێگر بووه‌، له‌ كارداین بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌ و رێگه‌وبان و كاره‌با و ئاو و ئاوه‌ڕۆى بۆ بكه‌ین.
  
دواڕۆژ: چه‌ند پڕۆژه‌ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى راگیراوه‌؟
ئیبراهیم عه‌زیز:
قه‌یرانى دارایى بووه‌ هۆى وه‌ستانى له‌ 70%ى پڕۆژه‌كان كه‌ شوقه‌ و پرد و رێگه‌وبان ده‌گرێته‌وه‌، جگه‌له‌وه‌ كۆمپانیایه‌كى توركى به‌شێك له‌ رێگه‌ى دوكان-چوارقوڕنه‌ى له‌ئه‌ستۆبوو، به‌ڵام به‌جێیهێشت و له‌پڕ دیارنه‌ما، دواتر درا به‌ كۆمپانیایه‌كى تر، ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایه‌ پاره‌ى خه‌ڵكى لابێت ئێمه‌ ته‌داخولى تێداناكه‌ین.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure