خوێندکارێک له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى زانكۆى سلێمانى گیانی لەدەستدا

هەواڵ / کوردستان :: 02/05/2019‌ :: 15355‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محه‌مه‌د

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2ى ئایار، له‌ یه‌كێك له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى زانكۆى سلێمانى خوێندكارێك لە ناو جێگاکەیدا گیانی لەدەستدا، به‌پێى زانیارییه‌كان-یش "به‌هۆى جه‌ڵته‌ى دڵته‌وه‌ گیانى له‌ده‌ستداوه‌".


په‌یامنێرى دواڕۆژ له‌ شوێنى روداوه‌كه‌ رایگه‌یاند :به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌ یه‌كێك له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى كۆلێژى پزیشكى زانكۆى سلێمانى، خوێندكارێك به‌ناوى (ئه‌حسه‌ن مه‌حمود قادر) ته‌مه‌ن 23 ساڵ و خوێندكارى قۆناغى پێنجى پزیشكى گشتى، له‌ناو ژوره‌كه‌ى خۆیدا گیانی لەدەستدا.

له‌باره‌ى ورده‌كارى زیاتره‌وه‌، په‌یامنێرى دواڕۆژ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و خوێندكاره‌ خه‌ڵكى قه‌زاى سه‌یدسادق-ه‌، پاش ئه‌وه‌ى هاوڕێكانى به‌یانى هه‌ستاون له‌خه‌و و بانگیان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بچن بۆ زانكۆ، هه‌ڵنه‌ستاوه‌، دواتر پۆلیسیان ئاگاداركردووته‌وه‌و دواى گه‌یاندنى به‌ نه‌خۆشخانه‌ بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ لەناو جێگاکەیدا گیانى له‌ده‌ستداوه‌".

ئاشكراشیكرد :پاش ئه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌ى ره‌وانه‌ى پزیشكى داوه‌رى كراوه‌ و توێكارى بۆ كراوه‌، ده‌ركه‌وتووه‌ جه‌ڵته‌ى دڵ لێیداوه‌.

هاوكات زانكۆى سلێمانى راگه‌یه‌نراوێكى له‌باره‌ى ورده‌كارى روداوه‌كه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

راگه‌یه‌نراوێك له‌ زانكۆى سلێمانییه‌وه‌
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كى زۆرمانه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین، كه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (2ى ئایارى 2019)، خوێندكارى ئازیزمان (ئه‌حسه‌ن مه‌حمود قادر)ى ته‌مه‌ن 23 ساڵ، كه‌ خوێندكارى قۆناغى پێنجه‌مى كۆلێژى پزیشكى گشتییه‌ و خه‌ڵكى قه‌زاى سه‌یدسادقه‌، به‌رله‌وه‌ى بڕواته‌ ده‌وامى ئاسایى خوێندنكه‌ى له‌ ته‌لارى به‌شه‌ناوخۆیى (مه‌جیدبه‌گ) به‌هۆى جه‌ڵده‌ى دڵ گیانى پاكى سپاردووه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ به‌شه‌كه‌یان له‌ كاتژمێر 12:00ى نیوه‌ڕۆ وانه‌یان هه‌بووه‌، بۆیه‌ دره‌نگ له‌خه‌و هه‌ستاون كاتێك هاوڕێكانى ژووره‌كه‌ى له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستن ده‌بینن هاوژوره‌كه‌یان گیانى سپاردووه‌، ده‌ستبه‌جێ ته‌ندروستى و پۆلیس و ئاسایش ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه‌.

دواى ئه‌وه‌ى تیمه‌كانى ته‌ندروستى و هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایش و به‌ڵگه‌ى تاوان چوونه‌ته‌ ئه‌و ژووره‌ى خوێندكاره‌كه‌مانى لێماوه‌ته‌وه‌ و تێیدا گیانى له‌ده‌ستداوه‌، ته‌رمه‌كه‌یان گواستۆته‌وه‌ بۆ په‌یمانگه‌ى پزیشكى دادوه‌ریى و دواى توێكاریكردنى بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ جه‌ڵته‌ى دڵ گیانى پاكى سپاردووه‌.

به‌ناوى زانكۆى سلێمانى و به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى كه‌مپى ناوشار، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى ئاڕاسته‌ى خۆمان و خانه‌واده‌ به‌ڕێزه‌كه‌یان و هاوڕێكانى ده‌كه‌ین، له‌خواى گه‌وره‌ داواكارین به‌ به‌هه‌شتى به‌رینى شاد بكات.

انا لله‌ و انا الیه‌ راجعون.
راگه‌یاندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌شه‌ناوخۆییه‌كان
2ى ئایارى 2019

داڕشتنەوە: ئا. ح
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure