رەوشت

هەواڵ / چاوی تۆ :: 02/05/2019‌ :: 148‌ جار بینراوە

سامانی وەستا بەکر

یەکێک لە گرنگتـرین ئەو دەزووەی هەڵکردن و بەردەوامـی و مانەوەی مرۆڤەکانـی پێکەوە گرێداوە ئەو ڕێککەوتنە واژۆنەکراوەی نێوان مرۆڤەکانە کە پێـی ئەوترێ (ڕەوشـت).


هەڵبەتە هەمان ڕێککەوتنـی واژۆنەکراو لەنێوان کۆی پێکهاتەکانـی سـروشتدا بوونـی هەیە و کاری پێئەکرێ. بۆ نموونە ئاژەڵەکان لە سەرەتای دروستبوونیانەوە تا ئەمڕۆ وابەستەی ئەو ڕەوشتەن کە سـروشت بۆی دیاریکردوون و لەسەری ئەڕۆن. خۆ ئەگەر مرۆڤ دەست لە سـروشتـی ژیانیان وەرنەدات ئەوا ئەوان هیچ کاتـێ دەستبەرداری رەوشتـی بۆماوەیی خۆیان نابن و بەردەوام ئەبن.

ئەگەر مرۆڤ لە سـروشت جیاکرێـتەوە ئەوا بە ئاسانـی بۆت دەرەکەوێ سـروشتـی ڕەوشتـی دیاریکراوی سروشت ڕێزی لێئەگیرێ و لەسەر ڕێچکەی خۆی گوزەر دەکات و ئەوەی هۆکارە بۆ کۆی بێڕێزییەکان و دەرچوون لەو گرێبەستە واژۆنەکراوە، مرۆڤە.

پێشێلکردن یان پچڕاندنـی دەزووی ئەو گرێبەستە گرنگە واژۆ نەکراوە، هێندەی پچڕاندنـی تاڵێک دەزووی باریک ئاسانە. هیچ شتێک هێندەی ئەو کارە ئاسان نییە بەڵام گەڕانەوە سەر سروشتـی ڕەوشت یان گرێدانـەوەی دەزووەکە کارێکـی تائاستێکـی زۆر گرانە و لایەنـیکەم کاتێکـی زۆری پێویستە وەک ئەشزانین هەمیشە کات هاوکار نییە و هەندێ جار تەمەن بەشـی پێویستیەکانـی ئەو کاتە ناکات.

کەم تا زۆر بە شێوازی جیاواز لە کۆی سەر ئەم زەمینەدا لادان و پچڕاندنی دەزووی بەهاکانـی ڕەوشت تائاستێک بووە بە پیشەی ئەو خەڵکانەی کە خواستـی ئەو لادانانەیان هەیە، جا ئیـتـر بۆ دەستکەوتـی مادی کۆمپانیا زەبەلاحەکان بـێ یان سیاسییە درۆزنەکان بـێ یان بازرگانە چاوچنۆکەکان،  بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە کۆی ئەم زەمینەدا هەندێ لە بەهاکانـی ڕەوشت گرنگیی پێئەدرێ کەس ناوێرێ لە سنوورەکانـی نزیک بێتەوە و لێـی لابدات یان بیپچڕێنـێ.

بە پێچەوانەوە لە هەندێک شوێنیشدا ڕێـز بۆ هیچ بەهایەکـی ڕەوشتـی سروشتـی ڕاگری پێکەوە ژیان ناگیـرێ و کۆمەڵگە بەرەو فەوتان و هەرەس ئەبرێ.

بۆ نموونە لە ڕۆژئاوا ڤیدیۆ و وێنەگرتن لە شوێنە گشتیەکاندا سەربەخۆ و بەپێـی ئارەزووەکانـی هەر تاکێک نییە بەڵکو ئەگەر کەسـی دەرکەتوو لە وێنە چرکاوەکەدا پرسـی پێنەکرابـێ ئەوە بەپێـی یاسا ئەتوانـێ تووشـی سزادانت بکات، هەر بۆیە لە فێرگە و باخچەی ساوایان و کۆبوونەوە و چالاکییەکاندا وێنە و ڤیدیۆگرتن ڕێگە پێنەدراوە ئەگەر پێشتـر مۆڵەتت بۆ وەرنەگرتبـێ.

نهێنـی هەر مرۆڤێک تایبەتمەندیەکانێتـی کە هەرگیـز ئامادەنابـێ و ناتوانـێ وەک ئەوەی سروشت لە سروشتـی کەسایەتـی هەر مرۆڤێکدا  دیاریکردووە بە ئامادەبوونـی خەڵکانیتر بەرجەستەی بکات.
تایبەتمەندییەکانـی مرۆڤ جیاوازن، هەر ئەوەش هۆکاری نهێنیـی مرۆڤەکانن. ئەو کار و ڕەفتارەی مرۆڤەکان لە شوێنە گشتییەکاندا ئەیانکەن هەمان کار و ڕەفتار نین کە مرۆڤەکان لە تەنهایـی و پەنهانیدا ئەیانکەن، واتە ئەو کاتەی مرۆڤەکان پێکەوەئەبن بەشێک لەو ڕەفتارانەی ئەیانکەن و ئەیاننوێنـن سەد لەسەد سروشتـی مرۆڤەکان نیـن بەڵکو بۆ خۆ گونجان و هەڵکردن لەگەڵ ئەوانـیتردا ئەکرێن، بەڵام کاتێک مرۆڤ سەربەخۆیی تەواوی خۆی وەردەگرێ و تەنها دوو چاو لە کۆی چاوەکان کە ئەویش چاوەکانـی خودی مرۆڤەکەیە ڕەفتار و کرداری ئەبینـن، ئیـتـر لەو کاتەدا  مرۆڤ سەربەخۆیی خۆی وەردەگرێ و ئەو پێویستییانەی کە ناتوانـێ بەئامادەبوونـی مرۆڤەکانـی تر پڕی بکاتەوە لەو سات و کاتەدا تەواوی پێویستییەکانـی خۆی تێـردەئەکات.

کەواتە ئازادیی سەد لەسەدی مرۆڤەکان تەنها لە تەنهایـی مرۆڤدا بـێ چاودێریی فەراهەم و بەرجەستە ئەکرێ و هەر نزیکبوونەوەیەک لێـی پێشێلکردنـی ئازادیی سروشتـی مرۆڤە.
کاتێکیش دوو مرۆڤـی پێگەشتوو و سەربەخۆ لە کارێکـی پێکەوییدا بەشدارئەبن و دوور لە بەشداریی خەڵکانـیتر مافـی سەربەخۆی و سروشتـی ئازادیی پێبەخشراو بەرجەستە ئەکەن ئیتـر هەر دزەتەماشایەک یان کامێرایەکـی چاودێریی ئەچێتە قاڵبـی تاوانـی پێشێلکردنـی سروشتی ئازادیی پێبەخشراوە و کارێکـی ئاست نزم و دوور لە ڕەوشتە، کەسـی دزەتەماشاکەر تاوانبار و  تێکدەری شیرازەی کۆمەڵگەیە و تەنها نەفرەت ئەچنێتەوە.

بەڵام هەموو کاتـێ دزەچاودێری زیانبەخش نییە و ناشچێتە چوارچێوەی تێکدانـی شیرازەی کۆمەڵگە تا ئەو شوێنەی بە یاسا ڕێکخرابـێ و لە بازنەی خۆشگوزەرانـی و پاراستنـی مرۆڤدا بەکاربهێنرێ.

لێرەوە هەست بەو تاوانە زۆرانە ئەکرێ کە بەرامبەر مرۆڤ لەلایەن خودی مرۆڤەوە ئەکرێ و ڕۆژانە چەندین جار مافـی سروشتـی ئازادیی مرۆڤەکان ئەبەزێنـرێ و بە تاوانیش ئەژمار ناکرێن چونکە بەشێک لەو بەزاندنـی ئازادییە سروشتییەی مرۆڤ ئەگەر تاوان بێت ئەوا ئەو تاوانە هۆکارە بۆ پاراستنـی مرۆڤەکان لە تاوانێکـی گەورەتر و نەخوازراوتر، هەر بۆیە مرۆڤەکان لێـی بێدەنگ ئەبن و بەڵکو هەندێ جار بەخۆشحاڵیشەوە سوپاسگورازی بەزاندنـی سروشتـی ئازادییەکان ئەبن چونکە خود لێـی سوودمەندە، نموونەی ئەو بەزاندنـی سروشتـی ئازادییەی مرۆڤیش کامێـرای چاودێریی شوێنە گشتیەکانـن کە لە چەندین تاواندا ڕۆڵـی یەکلاکەرەوە و خاڵـی کۆتایان لە سەر ئیسپاتکردنـی بوونـی تاوان و دەستنیشانکردنـی تاوانبار هەیە.

کاتێک مرۆڤەکان لە تەنهایـی ڕەوان و خوددا سەد لەسەدی ئازادییە سروشتییەکانـی بەرجەستە ئەکات و ئەم کارەش کارێکـی گشتگیـرە و کۆی مرۆڤایەتـی ئەگرێتەوە، ئیتـر بۆ ئەبـێ لە کاتـی ئاشکرابوونـی لەلایەن کەسانێکـی ترەوە بە ئابڕووچوون ئەژمارکرێ و شەرمەزاریی بۆ مرۆڤ دروست بکات، لە کاتێکدا کەسـی بەرامبەریش هەمان کار و فەرمان لە تەنیاییدا بەرجەستە ئەکات؟!

ئەو کاتەی مرۆڤ سنووری ئازادیی سروشتـی کەسێکـیتر ئەبەزێنـێ و لە پەنهانیدا بەبـێ پرس تەماشای ئەکات، بگرە لەوەش زیاتـر کامێرا بۆ تۆمارکردن دائەنـی، ئەوە تەنها تاوان نییە و بەس بەڵکو ئەمە ئەبێتە هۆکاری لێکترازانـی کۆمەڵگە و پشێوویی جڤاکـی، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو کاری لەو جۆرە ئاستێکـی نزمـی کەسایەتـی و بـێڕەوشتیشە.

کاتێکیش کە بازنەی ڕەوشت کەلێنـی تێئەکەوێت ئیتـر ئەو گرێبەستە واژۆنەکراوەی نێوان مرۆڤەکان بوونـی نامێنێت و پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردن کارێکـی ئاستەم ئەبێت و بـێ متمانەیی ڕابەرایەتـی کۆمەڵگە ئەکات و گرێدانەوەی دەزووی متمانەبوون بەیەکتـر زۆرترین وزە و کاتـی ئەوێت.

کەواتە بۆ ڕاگرتنـی شیرازەی کۆمەڵگە و پێکەوەژیان و متانەبوون بە مرۆڤە هاوڕێکان و دەستوەرنەدان و پێشێلنەکردنـی سروشتـی ئازادییەکانـی تاک، ئەبـێ دەزووی گرێبەستـی واژۆنەکراو نەپچڕێنرێ و ڕەوشتـی نەبەزاندنـی سنووری ئازادیی مرۆڤ وابەستەی ڕەوان بێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure