"په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند روون نییه‌"

هەواڵ / عێراق :: 01/05/2019‌ :: 373‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى به‌رنامه‌ى كاری حكومه‌تى عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 1ى ئایارى 2019 رایگه‌یاند: چه‌ندین تێبینیمان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ زۆر ورده‌كارى هه‌یه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ى حكومه‌تدا بوونى نییه‌، به‌تایبه‌ت ورده‌كارى په‌یوه‌ندى هه‌رێم به‌ به‌غداوه‌.


رائد فه‌همى ئه‌ندامى لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى كاره‌كانى حكومه‌ت و سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتلافى سائیرون، له‌ لێدوانێكدا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: تاووتوێى سێكته‌ره‌كانى به‌رنامه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى-مان كردووه‌، له‌سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كان تێبینى خۆمانمان تۆماركردووه‌، به‌ڵام پێش بڕیاردان پرسیارى خۆمان ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كردووه‌.

رائد فه‌همى جه‌ختیشیكرده‌وه‌: گرنگترین ئه‌و سێكته‌رانه‌ى گفتوگۆى جددى له‌سه‌ركراوه‌، جه‌ختیان له‌سه‌ركراوه‌ته‌وه‌، پرسى نه‌وت و ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ پاڵاوگه‌كانى نه‌وته‌وه‌، سه‌ربارى بوونى پڕۆژه‌ى پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌كان و ته‌رخانكردنى دارایى ئاماده‌ بۆیان و بوونى پلان و نه‌خشه‌ى جێبه‌جێكردن، به‌ڵام هێشتا به‌باشى جێبه‌جێناكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ غاز روونیشیكرده‌وه‌: چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك هه‌ن له‌ به‌رنامه‌ى حكومه‌تدا بۆ غازى هاوه‌ڵى نه‌وت و غازى ئازاد، به‌ڵام دیارینه‌كراوه‌، ئه‌و پڕۆژانه‌ى پێداویستى عێراق پڕ ده‌كاته‌وه‌ یان نا، هه‌روه‌ها له‌ به‌راوردكردنى ئه‌و پاره‌یه‌ى كه‌ بۆ هاورده‌كردنى سوته‌مه‌نى ته‌رخانكراوه‌، به‌هه‌ده‌ردانێكى گه‌وره‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامى په‌ككه‌وتنى ته‌واوكردنى ئه‌و پرۆژانه‌دا.

وتیشى: "زۆر ورده‌كارى هه‌ن له‌ به‌رنامه‌كه‌ى حكومه‌تدا بوونى نییه‌، به‌تایبه‌ت ورده‌كارى په‌یوه‌ندى هه‌رێم به‌ به‌غداوه‌، هه‌روه‌ها چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌یاساكان و جێبه‌جێكردنیان، یان جێبه‌جێنه‌كردنیان زۆر روون نییه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: له‌ به‌رنامه‌ى كارى حكومه‌تدا باسى گرنگى ئه‌نجومه‌نى فیدراڵى نه‌كراوه‌، له‌ ته‌واوكردنى په‌یكه‌رى دامه‌زراوه‌یى ده‌وڵه‌تدا، هه‌روه‌ك چه‌مكى مافى مرۆڤیش له‌ به‌رنامه‌ى حكومه‌تدا بوونى نییه‌، بۆیه‌ ده‌بینین هه‌ندێك بڕگه‌ى به‌رنامه‌ى حكومه‌ت پرسى گشتى و ئامانجى ئینشائین و ماوه‌كانیشى بۆ هه‌ندێك پڕۆژه‌ زۆر ورد نین.

باسى له‌وه‌شكرد: پێش ئه‌وه‌ى بڕیار بده‌ین چه‌ند پرسیارێكمان ئاڕاسته‌ى حكومه‌ت كردووه‌، چونكه‌ لیژنه‌ى به‌داواداچوونى جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌كه‌ى خۆى هه‌یه‌، داوامانكردووه‌ خشته‌ى جێبه‌جێكردنى حكومه‌تمان بده‌نێ.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure