وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى: رێژه‌ى مردن له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌نێوان (68 بۆ 70) ساڵه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/05/2019‌ :: 411‌ جار بینراوە
بۆ هه‌زار هاوڵاتی ته‌نها 10 پزیشك هه‌یه‌

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

به‌پێى داتا و زانیارییه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تێكرایى رێژه‌ى مردن له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ نێوان (68 بۆ 70) ساڵه‌ و ساڵانه‌ش خه‌رجى ته‌ندروستى بۆ هه‌ر تاكێك ته‌نها 200 دۆلاره‌ و بۆ هه‌ر هه‌زار هاوڵاتییەکیش ته‌نها 10 پزیشك هه‌یه‌.


به‌پێى ئه‌و داتا و زانیاریانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ى "نیشانده‌ ته‌ندروستییه‌كان" تێكراى رێژه‌ى مردن له‌ نێر و مێ-دا له‌ نێوان (68 بۆ 70) ساڵه‌ و به‌پێى دوایین ئاماریش ساڵانه‌ له‌هه‌ر 100 هه‌زار دایكی دووگیان، 8.4 %یان گیانلەدەستدەدەن.

له‌باره‌ى مردنى منداڵیش نیشانده‌ره‌ ته‌ندروستییه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌ریده‌خه‌ن: ئه‌و منداڵانه‌ى ته‌مه‌نیان له‌ خوار یه‌ك ساڵه‌ له‌هه‌ر هه‌زار منداڵ 15 منداڵیان ده‌مرن، ئه‌وانه‌شى له‌ خوار ته‌مه‌نى هه‌شت مانگین یه‌ك منداڵ ده‌مرێت، منداڵانى خوار ته‌مه‌ن پێنج ساڵه‌ش 18 منداڵه‌ له‌ هه‌ر هه‌زار منداڵ ده‌مرن.

هه‌ر به‌پێى ئاماره‌كان ژماره‌ى بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كانى هه‌رێم له‌ ساڵى 2012 878 بنكه‌ بووه‌ له‌ئێستاشدا بۆته‌ 961 بنكه‌ى ته‌ندروستى و ژماره‌ى نه‌خۆشخانه‌ گه‌وره‌كانیش له‌ 64 نه‌خۆشخانه‌ بۆته‌ 76 نه‌خۆشخانه‌، ژماره‌ى پزیشكانیش له‌ پێنج هه‌زار و 84 پزیشك بۆته‌ شه‌ش هه‌زار و 567 پزیشك، زیاتر له‌ 5 هه‌زار كارمه‌ندى ته‌ندروستى و پزیشكیش مۆڵه‌تى بێ موچه‌یان وه‌رگرتووه‌، یاخود وازیان له‌ كاره‌كانیان هێناوه‌.

به‌پێى ئاماره‌كان بێت: له‌ هه‌ر هه‌زار هاوڵاتی له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌نها 10 پزیشكیان به‌رده‌كه‌وێت، له‌كاتێكدا به‌پێى ستاندارده‌ جیهانییه‌كان ده‌بێت 23 پزیشك بێت.

له‌ باشترین حاڵه‌تدا بودجه‌ى كه‌رتى ته‌ندروستى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ساڵى 2013 بوو كه‌ 5.6% بووه‌، به‌وپێیه‌ش ساڵانه‌ خه‌رجى هه‌ر تاكێك له‌ كه‌رتى ته‌ندروستى هه‌رێم ته‌نها 200 دۆلارە، له‌كاتێكدا له‌ ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له‌ 17% و له‌ وڵاتانى دراوسێى وه‌كو ئوردن و توركیا 8%ە.

هەر به‌پێى ئاماره‌كان: رێژه‌ى كوتان بۆ نه‌خۆشیه‌ گواستراوه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ 89%، ئاستى رێژه‌ى نه‌خۆشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان و شێرپه‌نجه‌  به‌پێى ئاماره‌كانى رێكخراوى ته‌ندروستى جیهانى به‌راورد به‌ زۆربه‌ى وڵاتان له‌ ئاستێكى  باشتردایه‌.

پ: ئەڤین
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure