شیكردنه‌وه‌ بۆ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌كرێت

هەواڵ / جیهان :: 30/04/2019‌ :: 689‌ جار بینراوە

تاگ :: داعش جیهان

دواڕۆژ

یه‌كه‌مجار كه‌ ئەبوبەکر بەغدادی لەبەردەم کامێرادا دەرکەوت، هاوینی ساڵی 2014 بوو، کاتێک لە مینبەری مزگەوتێک لە موسڵ خۆی وەک "خەلیفە"ی یەکەمی خەلافەتی ئەم سەردەمە ناساند.


خەلافەتەکەشی لەسەر ڕووبەڕێکی گەورەبوو لە عێراق و سوریا كه‌ هه‌شت ملیۆن کەس له‌و رووبه‌ره‌ نیشته‌جێبوون، لەماوەی ئەم چەند ساڵەی پێشوودا تەنیا تۆماری دەنگی بڵاودەکردەوە، بەڵام ڕۆژی دووشەمە ڤیدیۆیەکی نوێی بڵاوبووەوە.

کاتی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەش جێی سەرنجە، چونکە پێش مانگێک دوایین ناوچەی خەلافەتەکەی كه‌ باغۆز بوو کەوت و لە ئێستادا ڕۆڵی ناوبراو ناڕوونە، هەروەها بەهۆی دیارنەمانی بەغدادییەوە، لەلایەن ئەو گروپە توندڕەوانەوە رەخنەی لێگیرا کە تاوەکو مردن لە شارۆچکەی باغۆز بۆ سەرکردەکەیان شەڕیان کرد.

لە ڤیدیۆکەدا دیارە ئەبوبەکر بەغدادی متمانەی بەخۆیەتی و ئەو جلوبەرگە ئاینییەی لابردووە کە پێشتر لە موسڵ پێوەی دەردەکەوت و لەسەر زەوی لە پەنا کلاشینکۆفیکەوە دانیشتووە تاوەکو ورەی سەربازەکانی بەرزبکاتەوە (هاوشێوەی ئوسامە بن لادن و ئەبو مسعەب زەرقاوی).

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا بەغدادی کارەکانی ئەم ڕێکخراوە "تیرۆرستییە" بەڕێوەدەبات و لەنێوان کەتیبە جێماوەکانی داعشدا دەجوڵێتەوە، هەروەها لە ڤیدیۆکەدا تەنیا نییە تاوەکو پیشانی جیهانی بدات هێشتا شوێنکەوتووی ماوە.

گومانی ئەوە دەکرێت بەغدادی لەگەڵ ژمارەیەکی کەم خەڵکیدا گەشت بکات، لەوانەش برا گەورەکەی (جومعە) لەگەڵ عەبدولـلەتیف جبوری کە شۆفێر و پاسەوانەکەیەتی و لە منداڵییەوە دەیناسێت.

چەند پسپۆڕێکی تایبەتی ئەمریکی شیكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر گرته‌ ڤیدیۆکە كردووه‌ تاوەکو چەند بەڵگەیەک لەسەر شوێنەکەی دیاری بکەن و گومانی ئەوە دەکەن یان لە بیابانە فراوانەکەی سوریا بێت یاخود لە شوێنێکی نهێنی لە پارێزگای ئەنبار بێت لە عێراق.

بەغدادی ئەو پیاوەیە کە هەموو جیهان بەدوایدا دەگەڕێت و 25 ملیۆن دۆلار بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی وه‌كو دیاری ته‌رخانكراوه‌، به‌ڵام پاسەونییەکی زۆر بەهێزی هەیە وایکردووە ماوەی ئەم چەند ساڵە بە زیندوویی بمێنێتەوە.

لە ڤیدیۆکەدا بەغدادی تەنانەت دیوارەکانیشی بە پەڕۆیەکی سپی داپۆشیوە تاوەکو بەڵگە لەسەر شوێنەکەی نەدات بەدەستەوە لەگەڵ ئەو دۆشەک و فەرشەی لەزۆربەی ماڵە عەرەبییەکاندا هەیە، چەند چالاکوانێکیش گومانی ئەوە دەکەن ئەو دۆشەک و سەرینانە لە باکوری سوریا و لەدەرەوەی دیمەشق دروستکرابن، یان دواتر هاوردە کرابێت بۆ باكورى رۆژئاواى عێراق.

بەغدادی دەیەوێت لە ڕێگەی ڤیدیۆکەوە پیشانی ڕۆژئاوای بدات کە "ڕەنگە خەلافەتەکەیان بە جه‌سته‌ لەناو بردبێت، بەڵام ناتوانن ئایدۆلۆژیاکەی پشتەوەی لەناوبەرن".

وەرگێڕان: هیڤی فەرهاد
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure