داواكاری گشتی له‌باره‌ى به‌ندكردنی كارمه‌نده‌كه‌ی هاتوچۆ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 30/04/2019‌ :: 802‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید

فەرمانگەی داواکاری گشتی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەکات، بەندكردنی پۆلیسەكەی خورماڵ لەسەر بابەتێکی دیکە بووەو پەیوەندی بەداواكردنی مۆڵەتی شۆفێرییەوە نەبووە، کارمەندێکی هاتوچۆی خورماڵیش دەڵێت: "دۆسیه‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی ئازاری ساڵی 2017 كاتێك كارمه‌ندێكی مه‌فره‌زه‌یه‌كی بنكه‌ی هاتوچۆ داوای به‌ڵگه‌ یاساییه‌كانی له‌ به‌رپرسێك كردووه‌".


حاکم بەختیارعەلی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی هەڵەبجە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: ئەوەی لە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لێوەدەکرێت کە گوایە لەسەر ئەوەی ئەندامێکی داواکاری گشتی داوای مۆڵەتی شۆفێری لێکرابێت لەلایەن کارمەندێکی هاتووچۆی خورماڵەوە بەوجۆرە نییە، بەڵکو ئەو دادوەرە سکاڵاکەی لەسەر جۆری ئەو پسوڵەیە تۆمارکردووە کە کارمەندی هاتوچۆکە بۆی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: کارمەندەکەی هاتوچۆ داوای ئاگرکوژێنەوەی لە دادوەرەکە کردووە، دادەوەرەکەش پێیوتووە کە لە سندوقی ئۆتۆمبێلەکەیدایە و دەتوانێت سەیری بکات، بەڵام کارمەندەکەی هاتووچۆ پسوڵەیەکی سەرپێچی بۆ نوسیوە کە گوایە ئاگرکوژێنەوەی پێنییە، دواتر دادوەرەکە سکاڵای تۆمارکردووە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی گشتی داواکاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا دادوەرەکە لە کارمەندەکەی هاتوچۆ خۆشبووە، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە بڕگە یاساییەکەیە لەبەردەم دادوەری هەڵەبجەدایە و ئەو بڕیاری لێدەدات و هێشتا کەیسەکە ماوەتەوە.

هەر ئەمڕۆش بەشێک لە کارمەندانی هاتوچۆی خورماڵ و هەڵەبجە لەبەردەم دادگای هەڵەبجە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوای ئازادکردنی کارمەندەکەی هاوڕێیان دەکرد.

كارزان عه‌زیز، یه‌كێك له‌ كارمه‌نده‌ به‌شداربووه‌كانی گردبونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وایدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: ئه‌و دۆسیه‌ی ئه‌و كارمه‌نده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی ئازاری ساڵی 2017 كاتێك كارمه‌ندێكی مه‌فره‌زه‌یه‌كی بنكه‌ی هاتوچۆی خورماڵ به‌ناوی میقداد كه‌مال به‌ ئه‌ركی یاسایی خۆی هه‌ستاوه‌ و داوای به‌ڵگه‌ یاساییه‌كانی له‌ به‌رپرسێك كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: دواتر له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ كه‌سه‌كه‌ سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر كارمه‌نده‌كانی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ تۆماركردووه‌، به‌ڵام به‌ فه‌رمانی وه‌زیری ناوخۆ نابێت هیچ كارمه‌ندێكی وه‌زاره‌ت به‌ بێ ئاگاداری وه‌زیر بڕواته‌ به‌رده‌م دادگا، بۆیه‌ ئێستا جارێكی دیكه‌ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ جوڵێنراوه‌ و ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ ئه‌و كارمه‌نده‌مان به‌ بڕیاری دادوه‌ری هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ندكراوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure