حكومه‌تى هه‌رێم داوایه‌كى به‌غداى ره‌تكرده‌وه‌

هەواڵ / کوردستانی :: 29/04/2019‌ :: 1163‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

حكومه‌تى هه‌رێم داوایه‌كى به‌غدا بۆ پێدانى مۆڵه‌تى هاورده‌ و هه‌نارده‌كردن به‌شێوه‌یه‌كى مه‌ركه‌زى ره‌تكرده‌وه‌، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى بازرگانى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "پێدانى مۆڵه‌تى هاورده‌ و هه‌نارده‌كردن چاره‌سه‌ربووه‌ و هه‌فته‌ى داهاتوو بڕیارى كۆتایى له‌باره‌وه‌ ده‌درێت".


نه‌وزاد ئه‌ده‌هه‌م، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم (ئەمڕۆ دووشەممە 29ی نیسانی 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: حكومه‌تى عێراق داوایكردووه‌ كه‌ پێدانى مۆڵه‌تى هاورده‌ و هه‌نارده‌كردن به‌شێوه‌یه‌كى مه‌ركه‌زى بێت و ته‌نیا له‌ به‌غداوه‌ مۆڵه‌ت بدرێت، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم داواكه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دوێنێ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ركرا.

وتیشی: "حكومه‌تى عێراق ره‌زامه‌ندیدا پێدانی مۆڵەت ببێتە ئەلیکترۆنی و ھەر کەسێک دەتوانێ لە ماڵی خۆیەوە بۆ ھاوردەکردنی ھەر کەلوپەلێک داواکاری پێشکەش بکات، به‌وشێوه‌یه‌ ھەرێمیش ھاوشێوەی بەغدا مافی مۆڵەتدانی ھەیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ دوو سێرڤەر دادەنرێت و ھاوشێوەی بەغدا بە یەک جۆر مەرج مۆڵەتی ھاوردە و هەناردە بدات بە بازرگانان".

ئەوەشی خستەڕوو: هه‌فته‌ى داهاتوو، شاندێكى وه‌زاره‌تى بازرگانى هه‌رێم ده‌چێته‌ به‌غداو رێککەوتنی کۆتایی دەکرێت و له‌هه‌رێمه‌وه‌ مۆڵه‌ت ده‌درێته‌ بازرگانان.

دوێنێ یەکشەممە شاندێكى باڵاى حكومه‌تى عێراق كه‌ له‌ وه‌زیرانى دارایى و پلاندانان، پیشه‌سازی و بازرگانی و رۆشنبیری، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى و پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق پێكهاتبوون، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و ژماره‌یه‌ك وه‌زیرى و به‌رپرسانى وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure