مه‌سیحییه‌كان هه‌رێمی كوردستان جێده‌هێڵن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 29/04/2019‌ :: 1080‌ جار بینراوە
له‌ ماوه‌ى ساڵانى 2003 تا ساڵى 2017 زیاتر له‌ 90 كلێسا له‌ عێراق ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

به‌هۆی مه‌ترسییه‌كانی "تیرۆر" 138 هه‌زار هاووڵاتی مه‌سیحی عێراقی روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری مه‌سیحییه‌كانیش ده‌ڵێت: له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیانی مه‌سیحی دانیشتووی هه‌رێم رۆیشتوون بۆ ئه‌وروپا و ته‌نیا له‌ سلێمانی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ 21 خێزان كۆچیان كردووه‌. 


له‌ ساڵی 2014 ئه‌وكاته‌ی داعش هێرشی كرده‌سه‌ر پارێزگای موسڵ و ناوچه‌كانی تری عێراق، به‌ سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی مه‌سیحی ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپا بوون و به‌هۆی به‌رده‌وامیی كێشه‌كانی ناوخۆی عێراقیش تاوه‌كو ئێستا زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ئاواره‌بوون نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان.

خالید ئه‌لبێرت، به‌ڕێوه‌به‌ری كاروباری مه‌سیحییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی وت: "له‌سه‌ره‌تای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی داعش له‌ عێراق 138 هه‌زار هاووڵاتی مه‌سیحی له‌ سنوری پارێزگای موسڵ و ده‌وروبه‌ری ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بوون". 

وتیشی: "به‌هۆی مانه‌وه‌ی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌رده‌وامیی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌ مه‌سیحی نشینه‌كان، خه‌ڵكێكی زۆری مه‌سیحی بێئومێدبوون، ئه‌مه‌ وایكرد نه‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان و به‌شێكی زۆریان جارێكی تر له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كۆچیان كرد بۆ وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئه‌وروپا، به‌جۆرێك زیاتر له‌ 100 هه‌زار هاووڵاتی مه‌سیحی ئێستا له‌ وڵاتانی توركیا، ئوردن و لوبنان نیشته‌جێن و حه‌زده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ پارێزگای موسڵ، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا دۆخی ئه‌منی گونجاونییه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م هاووڵاتیانه‌". 

سه‌باره‌ت به‌و ئاوارانه‌شی كه‌ له‌ هه‌رێم نیشته‌جێبوون، ئه‌و به‌رپرسه‌ مه‌سیحیه‌ی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ هه‌ولێر كه‌مپی ئاشتی هه‌بوو كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ مه‌سیحییه‌كان و تائێستا هه‌شت هه‌زار هاووڵاتی مه‌سیحی له‌و كه‌مپه‌وه‌ رۆیشتوون و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان له‌ پارێزگای موسڵ و نزیكه‌ی سێ هه‌زار خێزانی تر له‌ هه‌رێمی كوردستان تائێستا ماونه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌مانه‌ خاوه‌نی كار و پیشه‌ی خۆیانن و هه‌ندێكی تریش لێره‌ خانوویان كڕیوه‌. 

خالید ئه‌لبێرد ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: دۆخی ئه‌منی عێراق له‌ئێستادا كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ست حه‌شدی شه‌عبی كه‌ ئه‌و هێزه‌ كێشه‌یه‌ بۆ سه‌ر گیانی مه‌سحییه‌كان و رۆژانه‌ كێشه‌یان بۆ دروستده‌كه‌ن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌و مه‌سیحیانه‌شی كه‌ له‌ عێراقه‌وه‌ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و به‌شێكی زۆریشیان چوونه‌ته‌ ئه‌وروپا كه‌ به‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كۆچیان كردووه‌ بۆ ئه‌وروپا و وڵاتانی عه‌ره‌بی ژماره‌یان نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س ده‌بێت. 

ناوبراو ئاشكراشیكرد: له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتی مه‌سیحی دانیشتووی هه‌رێم كۆچیان كردووه‌ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و تا ئه‌م بارودۆخه‌ش له‌ عێراق به‌رده‌وام بێت ناگه‌ڕێنه‌وه‌، گه‌رچی دۆخی ئه‌منی له‌ هه‌رێمی كوردستان باشه‌، به‌ڵام دۆخی ئه‌منی عێراق خراپه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش هه‌یه‌. 
 
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ جۆنسن سیاوش، وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆنگره‌ى مه‌سیحییه‌كانى رۆژهه‌ڵات كه‌ له‌ به‌یروتى پایته‌ختى لوبنان به‌سترا، رایگه‌یاندبوو: مه‌سیحییه‌كانی عێراق په‌راوێزخراون و له‌ سه‌رچاوه‌ى بڕیارى سیاسى دوورخراونه‌ته‌وه‌ و به‌ پاره‌یه‌كى زۆرى هه‌ندێك لایه‌نى نامۆ، ماڵ و موڵكه‌كانيان ده‌كڕن و ده‌يانكه‌نه‌ شوێنی ئایینی.

وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو: ژماره‌ى مه‌سیحییه‌كان له‌ عێراق رۆژ به‌ رۆژ له‌ كه‌مبوونه‌وه‌دایه‌ و له‌ئێستادا ته‌نیا 500 هه‌زار مه‌سیحى له‌ عێراقدا ماون.

به‌پێی ئامارێكی كاروباری مه‌سحییه‌كانیش له‌ ماوه‌ى ساڵانى 2003 تا ساڵى 2017، زیاتر له‌ 90 كلێسا له‌ عێراق ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و 900 هاووڵاتى مه‌سیحیش رفێنراون و كوژراون.

سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی مه‌سیحییه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی له‌ ئاماره‌كه‌ی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی كاروباری مه‌سیحییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقافدا هاتووه‌: ئه‌و مه‌سیحیانه‌ی كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دانیشتووی سلێمانین ژماره‌یان 100 خێزانه‌ و به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ 21 خێزان كۆچیان كردووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ عێراق ئاواره‌بوون و روویان له‌ پارێزگای سلێمانی كردووه‌ ژماره‌یان 400 هاووڵاتی بووه‌ و له‌ ئێستادا نزیكه‌ی 200 هاووڵاتی ماونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی تر زۆربه‌یان كۆچیان كردووه‌ بۆ ئه‌وروپا و به‌شێكیشیان گه‌ڕانه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كانی خۆیان.  

خالید ئه‌لبێرت سه‌باره‌ت به‌ دۆخی مه‌سیحییه‌كان له‌ پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌شی وت: "ژیان و گوزه‌رانی مه‌سحییه‌كان له‌ سلێمانی و سه‌رجه‌م شوێنه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ و له‌ باریكی ئه‌منی باشدان و رێزیان لێده‌گیرێت".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure