تەعریب و ئاواره‌كردنى كورد له‌ كه‌ركوك ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 29/04/2019‌ :: 759‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

لەدوای روخانی رژێمی سەدام جارێكیتر و بەشێوەیەكی جیاواز هەڵتەكاندن و دووبارە ئاوارەكردنەوەی هاووڵاتیانی كورد و نیشتەجێكردنی عەرەبی هاوردەی پێشوو لەشوێنەكانیان دەستیپێكردووەتەوە و زیاتر لە ملیۆنێك دۆنم زەوی كشتوكاڵیش لەبەردەم هەڕەشەی تەعریبكردنەوەدایە.


تەعریبی سەرگەڕان
لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان، عەرەبە هاوردەكان بەپاڵپشتی پارێزگاری كاتی كەركوك هەوڵی گەڕانەوەیان بۆ گوندە كوردنشینەكان چڕكردووەتەوەو بەنوسراوی فەرمیش پارێزگار داوای لەهێزە سەربازییەكان كردوە هاوكاریان بكەن لەنیشتەجێبوون.

ناحیەی سەرگەڕان سەر بەقەزای دوبزە لە رۆژئاوای پارێزگای كەركوك و 40 گوند لەخۆدەگرێت كە تەنیا دوو گوندیان عەرەبنشینن.

ئەو عەرەبانەی هەوڵی گەڕانەوە دەدەن بۆ ناحیەكە، سەر بەعەشیرەتی شمەرن و لەلایەن (عەلی حەواس) كەسایەتییەكی عەشیرەتەكەوە پاڵپشتی گەڕانەوەیان كراوە، تاوەكو لەجێگەی خێزانە كوردەكانی سەرگەڕان نیشتەجێبن كە 38 گوندە.

لەسەردەمی رژێمی بەعسدا دوای ئاوارەكردنی كوردەكان، ئەو عەرەبە هاوردانە لەشوێنەكانیان نیشتەجێكراون و سودمەندبوون، بەڵام لەدوای ساڵی 2003 بەپێی مادەی 140 گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان و جارێكی دیكەش بەوەرگرتنی 20 ملیۆن دینار سودمەندبوونه‌وه‌.

لەئێستاشدا ئەو كەسایەتییەی شمەر لەنامەیەكی دەستنوسدا كە ئاراستەی پارێزگاری كاتی كەركوكی كردوەو وێنەیەكی دەست دواڕۆژ كەوتووە، خێزانە كوردەكان بە ناعێراقی وەسف دەكات و  دەڵێت: "ئەو كوردانە لەدژی حكومەتی توركیا و ئێران وەستاونەتەوە".

راكان سەعید پارێزگارى كاتیی كه‌ركوكیش لەسەر نوسراوەكە هامشێكی بۆ فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی سەڵاحەدین كردوەو داوادەكات هاوكار بێت بۆ نیشتەجێكردنی عەرەبە رەسەنەكان و خەڵكە زیادەڕۆكانیش كە مەبەستی كوردە دەربكرێن.

لەوبارەیەوە ئەحمەد عەزیز یەكێك لەدانیشتوانی گوندی پەڵكانە كە یەكێكە لەگوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان، بۆ دواڕۆژی وتی: "زۆربەی خێزانە كوردەكانی سەرگەڕان تاپۆی ساڵی 1937یان هەیە، بەڵام ئێستا ئیدارەی كەركوك مافی داوەتە عەرەبە هاوردەكان كە ساڵی 1975 لە شوێنی خێزانە كوردەكان نیشتەجێبوونە".

ئه‌و هاووڵاتییه‌ كورده‌ وتیشی: "لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017، بەردەوام ئەم عەرەبانە دەگەڕێنەوەو لەلایەن راكان جبوری پارێزگاری كاتی كەركوكه‌وه‌ پاڵپشتی دەكرێت، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە خاكەكەمان داگیربكەن".

كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر گوندەكانی شوان و پردێ
لەسنوری ناحیەی شوان و پردێ (ئاڵتون كۆپری)ش فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك داوای لەموختارەكان كردوە زانیاری ورد لەسەر گوندە كوردنشینەكانی هەردوو سنورەكە كۆبكەنەوە.

جوان حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدواڕۆژی راگەیاند: هێزە سەربازییەكانی عێراق لەرێگەی موختاری گوندەكانەوە كارتی زانیاریان بەسەر گوندنشیناندا دابەشكردوەو داوای داتاو زانیاری سەیریان كردوە، كە لەنێو زانیارییەكاندا داوا دەكات وێنەی ئەندامانی خێزانەكان و تەنانەت ناوی ئەو كەسانەش بنوسن كە هاتووچۆیان دەكەن بەمیواندارێتی.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەن كە سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤیشە نەیشاردەوە كە لەلایەن بەشێك لەگوندنشینانی سنوری كەركوكەوە ئاگاداركراوەتەوە كە عەرەبە هاوردەكانی پێشوو بە پاڵپشتی هێزی چەكدار چوونەتە سەریان و داوایان لێكردون گوندەكانیان چۆڵ بكەن.

بەبیانووی ناوچەی نەوتیی، گوندە كوردنشینەكان دەڕوخێنن
لەسنوری كەركوكیش لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تاوەكو 5ی مانگی داهاتوو مۆڵەت دراوەتە دانیشتوانی گوندەكانی (هەنجیرە، باجوان و جۆبلەیجە) بۆ ئەوەی سنورەكە بەجێبهێڵن، بە بیانووی گەڕانەوەی موڵكدارێتی زەوییەكە بۆ وەزارەتی نەوت.

دانیشتوانی ئەو گوندانەش نایشارنەوە كە كۆمپانیای نەوتی باكور لەرێگەی دادگاوە فشاری دروستكردوە بۆ ئەوەی دووبارە ئاوارەبكرێنەوە، بەبیانووی ئەوەی گوندەكانیان بەشێوەی زیادەڕۆیی لەسەر زەوی كۆمپانیاكە دروستكردوە.

لەوبارەیەوە جەماڵ شكور ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت: "گوندەكانی باجوان و هەنجیرەو جوبلەیجە لەساڵی 1963 روخێنراون و خەڵكەكەی ئاوارەكراون و دواتر لە ساڵی 1970 گەڕاونەتەوەو لەساڵی 1975 جارێكی دیكە ئاواربوونەتەوەو كۆمپانیای نەوتی باكوریش زەوییەكانیانی داگیركردوە".

وتیشی: "لەدوای ساڵی 2003وە بەپێی مادەی 140ی دەستور خەڵكەكەی گەڕاونەتەوەو بەهەمەهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك شوێنێكی نوێیان بۆ دابینكراوەو گوندەكانیان لەسەر دروستكردووەتەوەو نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریشیان بۆ دابینكراوە، بۆیە لەئێستادا بەبیانووی ئەوەی خاوەندارێتییه‌كەی بۆ وەزارەتی نەوت دەگەڕێتەوە، هەوڵدەدرێت دوبارە ئاوارەبكرێنەوە كە ئەمە جێگەی قبوڵكردن نییە و لەگەڵ وەزیری نەوتدا لەهەوڵداین بۆ رێگری لەو هەنگاوە".

ئەوەشی خستەڕوو كە لەساڵی 2015 كۆمپانیای نەوتی باكور دیواربەندی بۆ بیرە نەوتییەكان دروستكردووە كە 27 مەتر لەگوندەكانەوە دوورە، ئەوەش دانپێدانانێكە بەشەرعییەتی ئەو گوندانە و ئەوەشی ئێستا رودەدات سیاسییە.

ئەگەرچی بەپێی بڕگەی 4ی مادەی 140 تەواوی ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانە هەڵوەشێندراونەتەوە،  بەڵام هێشتا وەزارەتی كشتوكاڵ هەڵینەوەشاندووەتەوەو بەردەوامه‌ لەپێدانی نوسراوی فەرمی بەعەرەبە هاوردەكان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە كەركوك.

لەیلان، هۆشداری لە رژانی خوێن دەدرێت
بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان كە لەنەتەوەی توركمانە، هۆشداری دەداتە حكومەتی بەغدا و لایەنە پەیوەندیدارەكان و دەڵێت: "ئەگەر كێشەی زەوی و زار چارەسەر نەكرێت و لەمە زیاتر بخایەنێت، ئەوە كێشەی گەورەی لێدەكەوێتەوەو خوێن دەڕژێت".

رەنگە ناحیەی لەیلان كەمترین كێشەی تاوەكو ئێستا بەخۆیەوە بینیبێت لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان، چونكە بەڕێوەبەری ناحیەكە لەگەڵ خاوەن زەوییە رەسەنەكان وەستاوەتەوە كە كوردن و قورسایی خۆشی بەكارهێناوە بۆ رێگری لەزیادەڕۆیی عەرەبەكان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەوتووەتە ژێر فشارێكی زۆرەوەو چەند جارێكیش دادوەر بانگهێشتی كردوەو تەوقیفی كردوە، بەبیانووی رێگریكردن لەجێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا.

محەمەد وەیس بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان بەدواڕۆژی وت: "تاوەكو ئێستا دوو جار كۆمەڵێك عەرەب بەفەرمانی دادگا هاتوونەتە سەر گوندی تەرجل، بۆ ئەوەی زەوییەكان وەربگرنەوە كە پێشتر لەلایەن سەدام حسێنەوە پێیان بەخشراوه‌، بەڵام لەلایەن خەڵكی گوندی تەرجلەوە رووبەڕوویان بوونەتەوەو رێگریان لێكردوون".

وتیشی: "دەسەڵاتدارانی حكومەتی عێراق ئاگاداردەكەمەوە كە ئەگەر ئەم كێشانەی پەیوەندی بە زەوییە كشتوكاڵییه‌كانەوە هه‌یه‌ چارەسەر نەكرێن، ئەوا لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوەو پەرەدەسێنێت بۆ خوێن رشتن".

رونیشیكردەوە: تەرجل گوندێكی كوردنشینە تاوەكو ساڵی 1988 خەڵكەكەی راگوێزراون و عەرەبی هاوردە لەشوێنیان جێگیربوون، بەوپێیەی لەیلان هاوسنورە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بۆیە لەرێگەی ئەو عەرەبانەوە پشتێنەی ئەمنی دروستكراو ئەو عەرەبانەشی هێنرانە ناوچەكە خەڵكی (حەویجە، مه‌حمودیە و ناوچەكانی دیكەن).

بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان ئەوەشی خستەڕوو كە ماوەی 15 ساڵە گرێبەستەكانی عەرەبەكان هەڵوەشێندراونەتەوەو بەپێی یاساش ئەگەر ماوەی 5 ساڵ گرێبەستەكەت كارانەكەیتەوە ئەوە هەڵەوشێندرێتەوە، بەڵام وادیارە لایەنێك دەیەوێت بەهەموو دەسەڵاتی خۆی جارێكی دیكە عەرەبەكان بگەڕێنێتەوە كە ئەمە مەحاڵە.

سەرسوڕمانی خۆشی نیشاندا كە حكومەتی عێراق هیچ گرنگییەك بەچارەسەركردنی كێشەی زەوییەكانی كەركوك نادات، لیژنەیەكیش لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە دروستكراوە كەچی هیچ رێشوێنێك نەگیراوەتەبەر.

"گوندی تەرجل 1459 خانوو لەخۆدەگرێت و سەرجەمیانیش لەسەر زەوییە كشتكاڵییەكان ئەنجامدراون كە ئێستا عەرەبە هاوردەكان بەپاڵپشتی وەزارەتی كشتوكاڵ و دادگا داوای دەكەنەوە".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure