سلێمانى: بۆ مانگى ره‌مه‌زان هۆشدارى ده‌درێته‌ دوكانداران

هەواڵ / ئابوری :: 29/04/2019‌ :: 314‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، زریان محەمەد

له‌ سلێمانى ئاماده‌كارییه‌كان بۆ مانگى ره‌مه‌زان راگه‌یه‌نرا و قایمقامیش رایدەگەیەنێت: له‌و مانگه‌دا رێگرى ته‌واو له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى كاڵا و شتومه‌ك ده‌كرێت و هه‌ر فرۆشیارێك پابه‌ندنه‌بێت رووبه‌ڕووى سزاى یاسایى ده‌كرێته‌وه‌.


(ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 29ی نیسانی 2019) لیژنه‌ى ئه‌منى سلێمانى و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و یه‌كێتى زانایان كۆبوونه‌وه‌ و پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامى سلێمانى له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پلانیان بۆ مانگى ره‌مه‌زان داناوه‌ و هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كى پێویستیش كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌بێ هیچ گرفتێك هاووڵاتیان ئه‌و مانگه‌ به‌ڕێبكه‌ن.

له‌باره‌ى نرخى كاڵا و شتومه‌ك و چاودێرى بازاڕ، قایمقامى سلێمانى رایگه‌یاند: له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا چاودێریه‌كى وردى بازاڕ ده‌كرێت و هاوشێوه‌ى مانگه‌كانى تر رێگه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخ نادرێت و هه‌ر فرۆشیارێك پابه‌ندنه‌بێت به‌ مه‌رج و رێنماییه‌كانه‌وه‌ رووبه‌ڕووى سزای یاسایى ده‌كرێته‌وه‌.

ده‌رباره‌ى كردنه‌وه‌ى چێشتخانه‌ و رێستۆرانته‌كان له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا، وتی: "مه‌رج و رێنمایى دانراوه‌ بۆ كاركردنى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ مانگى ره‌مه‌زاندا كراوه‌بن و پێویسته‌ رووى پێشه‌وه‌ى چێشتخانه‌ و رێستۆرانته‌كان داپۆشن و رێز له‌ مانگى ره‌مه‌زان و رۆژوانان بگرن".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure