چیرۆكی هاوسەرگیرییەكەی هتلەر و ئیڤا براون

هەواڵ / که‌لتور :: 29/04/2019‌ :: 548‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


خۆشەویستییەكی نهێنیی 14 ساڵ و هاوسەرگیرییەكی سەیری یەكڕۆژە و پاشان خۆكوشتنی هەریەك لە ئەدۆڵف هیتلەر (1889-1945) سەركردەی نازیەت و ئیڤا براون (1912-1945)، رووداوێكی هێندە جێی سەرنجە كە لەدوای كۆتاییهاتنی دووەم جەنگی جیهان بووە جێی سەرسامیی هەموو جیهان.

چیرۆكی یەكتربینینی ئەم دوو (عاشق!!)ە كاتێك بووە كە ئیڤا-ی تەمەن17 ساڵ لە میونخ چاوی بە ئەدۆڵف دەكەوێت. ئەوسا ئیڤا یاریدەدەری وێنەگرێكی تایبەتی هیتلەر دەبێت و یەكەم وێنەی لەو رۆژەدا تۆماردەكات، ئیدی دوای ئەوە زۆربەی وێنە فۆتۆییەكانی هیتلەر ئیڤا چركاندوونی.

دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ئەو یەكەم رۆژی یەكتر بینین و یەكتر ناسینەیاندا، چیرۆكی خۆشەویستیی نێوانیان دەستپێدەكات، بەڵام زۆر بەنهێنی و تەنانەت وەك باسدەكرێت ئەوەندە بە شاراوەیی بووە كە تەنیا لە دوو بۆنەدا ئەم دوو عاشقە (بەئاشكرا) بەیەكەوە بینراون. ئەوانیش: یەكەمجار لە خولی یارییە ئۆڵۆمپیە زستانەییەكانی ساڵی 1936دا دەبێت و وێنەیەكیان بڵاودەكرێتەوە كە بە تەنیشت یەكەوە دانیشتوون. دووەمجاریش لە بۆنەی هاوسەرگیریی خوشكێكی ئیڤا براون و ئەفسەرێكی سوپاكەی هیتلەردا دەبێت و بەیەكەوە دەردەكەون.
 
ئەم خۆشەویستییە هەروا بە نهێنی ماوەتەوە، هەتا ئەوكاتەی هیتلەر و سوپاكەی لە جەنگی دووەمی جیهانیدا شكستدێنن، هیتلەر ئیڤا براون دەبات و دەچێتە بارەگا (پارێزراوەكەی!!) لە شاری بەرلین. لە 29ی نیساندا، كە ئەدۆڵف هیتلەر دەگاتە دوا قەناعەتی ئەوەی چارەنووسی نەك هەر لە مەترسیدایە، بەڵكو (چەند ساتێكی كەمی لە ژیاندا ماوە) بڕیاردەدات هاوسەرگیریی لەگەڵ ئیڤا براون-دا بكات. هەروایشی كرد، لەو رۆژەدا ئەندامێكی ئەنجومەتی شارەوانیی بەرلین-ی بانگ كرد بۆ ئەوەی واژۆ لەسەر بەڵگەنامەی هاوسەرگیریەكەی (ئیڤا براون و ئەدۆڵف هیتلەر) بكات. بەمەیش ناوی ئیڤا لە ئیڤا براون-ەوە كرایە ئیڤا هیتلەر و خۆیشیان بەڵگەنامەی هاوسەرگیرییەكەیان واژۆ كرد.

هیتلەر كە ئاگاداری چارەنووسی مۆسۆلینی-ی سەركردەی فاشیەتی ئیتالیا و هاوبیری بوو كە لە 28ی نیساندا لەگەڵ هاوسەرەكەی هەڵواسران و بەوپەڕی تراژیدیی كۆتایی بە ژیانیان هێنرا، ویستی ئەمانیش هەمان چارەنووسیان نەبێت، بۆیە تەنیا رۆژێك دوای هاوسەرگیرییەكەی، بە دەمانچەكەی خۆی گولـلەیەكی نا بە دەم-ی خۆیەوە و خۆی كوشت. دوای چەند ساتێكی كەم ئیڤا هیتلەر-یش بە ژەهری سیانید خۆی كوشت.

چیرۆك و بەسەرهاتی خۆشەویستییەكەی ئەدۆڵف هیتلەر و ئیڤا براون، كە هەتا دوای جەنگی جیهانییش بە نهێنی مابووەوە، بەم شێوە تراژیدییە چووە لاپەڕەكانی مێژووەوە.

ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure