وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ عێراقه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 29/04/2019‌ :: 456‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

وه‌زیری ده‌ره‌وی توركیا رایده‌گه‌یه‌نێت: قه‌باره‌ی بازرگانییان له‌گه‌ڵ عێراق بۆ 20 ملیار دۆلار به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێت: به‌یه‌كه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ش ریشه‌كێش ده‌كه‌ین.


مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، كه‌ ئێستا به‌ سه‌ردانێكى چه‌ند رۆژه‌ له‌ عێراقه‌ و شه‌وى رابردوو گه‌یشته‌ هه‌ولێر، له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر نووسیویه‌تی: ئه‌نقه‌ره‌ سوره‌ له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی بازرگانی له‌گه‌ڵ به‌غدا.

ئۆغڵۆ له‌و تویته‌یدا كه‌ له‌ دوای دیداری له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نووسیویه‌تی ده‌شڵێت: توركیا سوره‌ له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بازرگانی له‌گه‌ڵ عێراق، به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی قه‌باره‌كه‌ بگاته‌ 20 ملیار دۆلار.

جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌: ئه‌نقه‌ره‌ به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا، تێده‌كۆشێت بۆ ریشه‌كێشكردنی ره‌گی (په‌كه‌كه‌) له‌ عێراق.

ده‌رباره‌ى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ واسق هاشمی، چاودێر و لێكۆڵه‌ری سیاسی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ عێراق له‌ چوارچێوه‌ی زنجیره‌ سه‌ردانێكی چه‌ند ده‌وڵه‌تێكدایه‌، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌كه‌ لە ئوردن و میسر دواتریش سعودیه و ئێران‌ رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ عێراق واژۆكرد، توركیاش ده‌یه‌وێت به‌و ئاڕاسته‌یەدا بجوڵێت.

هاشمی ئاشكراشیكرد: توركیا نایه‌وێت بازاڕی عێراقی له‌ده‌ست بچێت، به‌تایبه‌ت كه‌ قه‌باره‌ی ئاڵۆگۆڕی له‌گه‌ڵ عێراق زیاتر له‌ 16 ملیار دۆلارە، به‌م سه‌ردانه‌ش ده‌یه‌وێت ئاسۆی هاریكاری فراوانتر بكات، هه‌روه‌ك ئامانجێكی تری سه‌ردانه‌كه‌ كردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی نوێی وڵاته‌كه‌یه‌تی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئامانجێكی تری تێپه‌ڕاندنی كێشه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان و كۆنترۆڵكردنی سنوره‌، له‌وانه‌شه‌ رێگه‌خۆشكه‌ر بێت بۆ سه‌ردانی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆكی توركیا بۆ عێراق و سه‌ردانی عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ ئه‌و وڵاته‌.

روونیشیكرده‌وه‌: ئاسایش و ئابووری دوو دۆسیه‌ی هاوبه‌شی عێراق و توركیان، ئه‌و دوو دۆسیه‌یه‌ پاڵنه‌ری گرنگن بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك گرژی و شڵه‌ژانی تێكه‌وت.

وتیشی: "توركیا هه‌وڵده‌دات هه‌ڵوێستێكی هه‌بێت له‌ عێراقدا، هه‌روه‌ك هه‌ریه‌كه‌ له‌ سعودیه‌ و ئێران و ئوردن و میسر كردوویانه‌، پێشتریش به‌ڵێنی پێنج ملیار دۆلار قه‌رزی بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق داوه‌".

داڕشتنەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure