پەرلەمان میوانداری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات

هەواڵ / عێراق :: 28/04/2019‌ :: 160‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت: لەم هەفتەیەدا میوانداری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن.

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق (ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی نیسانی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ لیژنەکە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا لەبارەی یاسا پێشنیارکراوەکان، لەنێوانیاندا یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

وتیشی: "لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردا رۆژی سێشەممەی داهاتوو میوانداری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و یاساکانی".

بانگێشته‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیارە له‌ 16ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامبدرێت و بەپێی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2018 پڕۆسەکە لە کەرکوکیش به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو 25ی نیسان مەعەن هیتاوی، سەرۆکی کۆمسیۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کەرکوک رایگەیاند: لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا دەنگدان بەکارتی بایۆمەتری دەبێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتیان سەردانی بنکەکان بکەن، بەمەبەستی نوێکردنەوەی ناوەکانیان لە تۆماری دەنگدەران کە بۆ 11ی ئایار درێژکراوەتەوە.

وتیشی: لە کەرکوک 600 هەزار کەس لە کۆی یه‌ك ملیۆن و 12 هەزار كه‌س ناوی خۆیان تۆمارکردووە، بەوەش نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران گەیشتووەتە 60%.

ئا: ن.ر
پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure