كه‌ركوك.. یه‌كێتی و پارتی دژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنن و عه‌ره‌بیش ئاماده‌یه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 28/04/2019‌ :: 498‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

حیزب و كوتله‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان هه‌ڵبژاردن له‌مساڵدا ئه‌نجامبدرێت و خۆیان ئاماده‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌رچی یه‌كێتی و پارتیشه‌ پێیانباشه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دوابخرێت.


وه‌كو ئاماده‌كاری بۆ خۆڕێكخستنه‌وه‌و یه‌ك وتاریی و پرۆسەی هەڵبژاردن، ئه‌و پێكهاته‌یه‌ له‌شاره‌كه‌، زۆربه‌ی حیزب و كوتله‌ عه‌ره‌بییه‌كانی كه‌ركوك له‌هه‌نگاوێكدا لیژنه‌یه‌كی هه‌ماهه‌نگی باڵایان له‌نێو خۆیاندا پێكهێناوە، هه‌رچی حیزبه‌ كوردییەكانیشه‌ تاوه‌كو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ خاوه‌نی یه‌ك هه‌ڵوێست بن له‌پرسه‌ جیاوازه‌كاندا و رۆژ له‌دوای ڕۆژیش زیاتر له‌یه‌كتر ده‌ترازێن.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی عه‌ره‌ب له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان نزیکدەبێتەوە کە بڕیارە 16ی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ له‌دوای زیاتر له‌ 12 ساڵ بۆ یه‌كه‌مجار ئەنجامبدرێت، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ بۆ دواخستنی هه‌یه‌.

رۆژی شه‌ممه‌ 27ی نیسانی 2019 له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا به‌ئاماده‌بونی راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، 13 حیزب و هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی پێكهێنانی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵای عه‌ره‌بی كه‌ركوكیان راگه‌یاند.

حیزب و هاوپه‌یمانێتیه‌ به‌شداره‌كان له‌ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی عه‌ره‌بی بریتین له‌ (پڕۆژه‌ی عه‌ره‌بی له‌كه‌ركوك، پارتی جه‌ماهیری نیشتیمانی، هاوپه‌یمانی نه‌سر، به‌ره‌ی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو، پارتی چاره‌سه‌ر، یه‌كێتی هێزه‌ نیشتیمانیه‌كان، به‌یارق خێر، گردبونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ چاره‌سه‌ر، پاتی سوری عێراقی، پارتی خه‌یاری عه‌ره‌بی و پارتی ئیستیقامه‌ی نیشتیمانی).

مه‌حمود زێدان عوبێدی سه‌رۆكی گردبونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ چاره‌سه‌ر، به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: زۆربه‌ی حیزب و هاوپه‌یمانێتیه‌ كاریگه‌ره‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵای عه‌ره‌بی-یان پێكهێناوه‌، به‌شێكی زۆر كه‌م له‌حیزبه‌كان ماون كه‌ ئومێده‌وارین ئه‌وانیش په‌یوه‌ندی بكه‌ن.

وتیشی: "ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ بۆ یه‌كهه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی كه‌ركوك له‌پرسی ئاواره‌كان، دووباره‌ بونیادنانه‌وه‌ی گونده‌ روخاوه‌كان، پرسه‌ ئه‌منی و سیاسییه‌كان و ئاماده‌كاریشه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و هاندانی خه‌ڵك بۆ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران".

 له‌به‌رامبه‌ریشدا ململانێ و خاڵه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوانیان وایكردوه‌ حیزبه‌ كوردستانییه‌كان رۆژ له‌دوای رۆژ زیاتر له‌یه‌كتر بترازێن و هیچ ئاماده‌كاریه‌كیشیان نه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ كه‌متر له‌ شه‌ش مانگی ماوه‌.

یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه‌ حیزبی یه‌كه‌مه‌ له‌كه‌ركوك و له‌دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌ ته‌نیا توانیوێتی شەش كورسی له‌كۆی 12 كورسی به‌ده‌ستبهێنێت، له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادایه‌، به‌وپێیه‌ی دۆخه‌كه‌ و ئاماده‌كارییه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نییه‌.

شه‌مسه‌دین مه‌حمود لێپرسراوی به‌شی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتیمانی كودستان به‌دواڕۆژی وت: "یه‌كێتی له‌گه‌ڵ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پاێزگاكانه‌ به‌كه‌ركوكیشه‌وه‌ بۆ مانگی نیسانی 2020، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر له‌به‌رده‌ستدابێت بۆ خۆئاماده‌كردن و به‌هیوای به‌ره‌وپێشچونی هه‌نگاوێكی زیاتری دۆخی ئه‌منییه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا".

وتیشی: "یه‌كێتی به‌به‌رده‌وامی به‌شدار ده‌بێت له‌كۆبونه‌وه‌ی مانگانه‌ی حیزبه‌ كودستانییه‌كانی كه‌ركوك و هه‌میشه‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م حیزبه‌ كوردستانییه‌كان به‌یه‌ك لیست به‌شداربن، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، چونكه‌ ده‌نگده‌ری كورد دڵشكاوه‌ و ئه‌گه‌ر یه‌ك لیست نه‌بین، مه‌ترسی له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانمان دروستده‌بێت".

هه‌رچی پارتیشه‌ مه‌رجی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كه‌ركوك و به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژادنه‌كان ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شاره‌كه‌ كه‌ له‌ئێستادا تاكه‌ پارێزگایه‌ له‌لایه‌ن سوپاوە به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

كاوه‌ ئه‌حمه‌د كارگێڕی لقی كه‌ركوكی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: پارتی پێشنیازی خۆی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌كانی كه‌ركوك و به‌غداش كه‌ ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌بێ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی شاره‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت ئه‌وه‌ وەک كورد و توركمان زه‌ره‌مه‌ند ده‌بین و یه‌كێتیش ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ بیربكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌.

وتیشی: "له‌عێراقدا به‌ته‌نیا كه‌ركوك ده‌سه‌ڵاته‌كانی له‌ژێر ده‌ستی سوپادایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر له‌م دۆخه‌دا هه‌ڵبژاردن بكرێت به‌ته‌نیا عه‌ره‌ب سودمه‌ند ده‌بێت، ئه‌مانه‌شمان له‌گه‌ڵ توركماندا گه‌ڵاڵه‌كردووه‌ و له‌زۆربه‌ی خاڵه‌كاندا هاوڕان له‌گه‌ڵمان، به‌تایبه‌ت ئێستا كه‌ به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وانیش نیگه‌رانن له‌هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی جبوری".

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: كه‌ پارتی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌دایه‌ بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی كورد و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و یه‌ك لیستیی بۆ هه‌ڵبژادنه‌كانی كه‌ركوك، به‌ڵام له‌دوای ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌.

پ: ئەڤین
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure