وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا: له‌ به‌سڕه‌وه‌ ده‌چمه‌ هه‌ولێر

هەواڵ / کوردستان :: 28/04/2019‌ :: 751‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كه‌ ئێستا له‌ به‌غدایه‌ رایگه‌یاند: به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدام كردووه‌و ده‌چمه‌ به‌سره‌ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر.


محه‌مه‌د حه‌كیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق دوای كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوتا توركیه‌كه‌ى (مولود چاوشئۆغڵو) له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: وه‌كو عێراق جه‌ختمان كرده‌وه‌ كه‌ نابێت سنووره‌كانمان به‌كاربهێنرێت بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر وڵاتانى دراوسێ به‌تایبه‌ت توركیا.

وتیشی: "گفتوگۆمان له‌باره‌ى ئه‌نجامدانى كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئابووری كردووه‌، جگه‌ له‌باسكردنى به‌شداری توركیا له‌ پڕۆژه‌ی ستراتیژی و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق، هه‌روه‌ها پرسی ئاو پرسێكی هه‌ستیاره‌ و گفتوگۆی وردمان له‌باره‌وه‌ كردووه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، باسی ئاسانكاریمان كرد بۆ بارهه‌ڵگره‌ توركه‌كان تا له‌لای ئێمه‌وه‌ بگه‌نه‌ وڵاتانى كه‌نداو.

لای خۆیه‌وه‌ مه‌ولود چاوشئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند: به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدام كردووه‌ و ده‌چمه‌ به‌سره‌ و له‌وێشه‌وه‌ دێمه‌وه‌ بۆ شاری هه‌ولێر.

وتیشی: "له‌م سه‌ردانه‌مدا سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكى په‌رله‌مان و عه‌ممار حه‌كیمیشم بینیوه‌".

چاوشئۆغڵو ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد: كه‌ له‌كۆتایی ئه‌مساڵدا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ردانى عێراق ده‌كات و هه‌ماهه‌نگیشمان هه‌یه‌ تا سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بێته‌ توركیا.

باسی له‌وه‌شكرد: له‌م سه‌ردانه‌مدا تێبینی ئه‌وه‌م كردووه‌ دۆخی عێراق دۆخێكی ئاساییه‌ و عێراق وه‌ك وڵاتێكی دۆست بۆ ئێمه‌ بایه‌خی زۆری هه‌یه‌ و ده‌ستی هاوكاری بۆ درێژده‌كه‌ین.

رونیشیكرده‌وه‌: ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بین له‌گفتوگۆكانمان له‌سه‌ر ئاو، وشكه‌ساڵی كۆتایی پێدێنین و ده‌مانه‌وێت ئه‌زموونى خۆمان له‌باره‌ى ئاو بگه‌یه‌نینه‌ به‌غدا، تا ئه‌وانیش سوودی لێببیینن.

له‌ كۆتایی وته‌كانیدا، وه‌زیری ده‌روه‌ی توركیا وتی: "به‌هۆی جه‌نگی داعشه‌وه‌ كونسوڵگه‌رییه‌كانمان له‌به‌سڕه‌ و موسڵ داخست، بۆیه‌ ئه‌مڕۆ هاتووین ئاسانكاریی بكه‌ین ئه‌و دوو كونسوڵگه‌رییه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و له‌نه‌جه‌ف و كه‌ركوكیش كۆنسوڵگه‌ریی ده‌كه‌ینه‌وه‌".

ئا: ئارام غه‌فور
پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure