گرژی دەکەوێتە نێوان عێراق و بەحرەین

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 28/04/2019‌ :: 224‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

له‌ماوه‌ى كه‌متر له‌ 24 كاتژمێردا، عێراق و به‌حرەین گرژییه‌ك كه‌وتووەته‌ نێوانیان كه‌ ئاسته‌كانى میدیا و لێدوانى تێپه‌ڕاندووه و په‌ره‌ى سه‌ندووه‌ بۆ ئاستى باڵاى دیپلۆماسى.

سه‌ره‌تاى كێشه‌كه‌ له‌ پاكێجێكى موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكى ره‌وتى سه‌دره‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ دوێنى بۆ ده‌ربازكردنى عێراق له‌ تێكه‌وتنى له‌ شه‌ڕى نێوان هه‌ردوو جه‌مسه‌رى ئێران له‌لایه‌ك و ئیسرائیل و ئه‌مریكا له‌لایه‌كى تر بڵاویکردەوە.

موقته‌دا  له‌یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانى پاكێجه‌كه‌یدا، جه‌خت له‌ راگرتنى شه‌ڕ له‌ یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و سوریا ده‌كاتەوە به‌ زووترین كات، ده‌ستهه‌ڵگرتنى ده‌سه‌ڵاتدارانیان له‌ ده‌سه‌ڵات، كاركردن بۆ چاككردنى بارودۆخه‌كانیان له‌ رێگه‌ى هه‌وڵى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، ئاماده‌كارى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى پاك و بێگه‌رد تیایاندا به‌دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانى هه‌موو وڵاتان و پاراستنیان له‌ تیرۆر و داعش.

ئه‌و وتانه‌ى موقته‌دا سه‌در، ده‌سه‌ڵاتدارانى به‌حره‌ینى توڕه‌كرد، وەک یه‌كه‌مین هه‌نگاویش، خالد بن ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته‌ له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر، ده‌ڵێت: "موقته‌دا سه‌در نیگه‌رانى خۆى له‌ ده‌ستوه‌ردانى وڵاتان له‌ كاروبارى عێراق ده‌رده‌بڕێت، پێشئه‌وه‌ى په‌نجه‌ بخاته‌سه‌ر برینه‌كانى عێراق و قسه‌كانى ئاڕاسته‌ى رژێمى ئێران بكات كه‌ وڵاته‌كه‌ى كۆنترۆڵ كردووه‌، رێگه‌یه‌كى سه‌لامه‌تى هه‌ڵبژاردووه‌، وته‌كانى ئاراسته‌ى به‌حرین كردووه‌.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین ده‌شڵێت: "خوا یارمه‌تى عێراق بدات لەدەست ئەو، هه‌روه‌ها هاوشێوه‌كانى له‌ خه‌ڵكه‌ بێئه‌قڵ و خۆسه‌پێنه‌كان".

ئه‌و تویته‌ى خالد بن ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین، گڕى له‌ پوشى وشكى هه‌وادارانى موقته‌دا سه‌در و ئیئتلافى سائیرون به‌ردا، كه‌ له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 45 كورسى په‌رله‌مانیان هه‌یه‌، ئه‌و شه‌پۆله‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌ى لایه‌نگرانى سه‌در، هه‌ڵمه‌تێكى ده‌ربڕینى ناڕه‌زایه‌تى په‌رله‌مانى به‌دواى خۆیدا هێنا، زۆرینه‌ى هه‌ره‌ زۆرى په‌رله‌مانتاران له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ و ئیئتلاف و هاوپه‌یمانێتییه‌ك و ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كه‌ى عێراق، كه‌وتنه‌ خوێندن له‌ مه‌مله‌كه‌تى عه‌ره‌بى به‌حره‌ین و به‌ ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ كرێگراوى ئیسرائیل و سعودییه‌كان له‌قه‌ڵەمدا.

هه‌ر به‌و ئاراسته‌ى ناڕه‌زایه‌تییه‌دا، دره‌نگانى شه‌وى رابردوو، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، ئه‌و وتانه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ینى ئیدانه‌كرد، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌یاننامه‌كه‌ى موقته‌دا سه‌در كردوویه‌تى، ئه‌و وتانه‌ى وه‌زیریشى به‌ هه‌ڵوێستى دیبلۆماسى به‌حره‌ین زانى، كه‌ قسه‌ى نه‌شیاوى وتووه‌، ئه‌و وتانه‌ش واته‌ "بێڕێزى كردن به‌ عێراق".

وه‌زاره‌تى ده‌رەوه‌ى عێراق له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌: عێراق كه‌ توانیویه‌تى داعش له‌گۆڕنێت، كه‌ چه‌ندین سوپاى گه‌وره‌ى ناوچه‌كه‌ نه‌یانتوانى له‌ گۆڕى بنێن، ده‌توانێت به‌رگرى له‌ ئازادییه‌كانى خۆى و سه‌ربه‌خۆیى خۆى بكات، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر هه‌موو وڵاتان سنورى خۆیان بزانن، پابه‌ندى راستییه‌كان و ئاكارى دیبلۆماسى بن، عێراق ئه‌مڕۆ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌، به‌هێز ده‌بێت، له‌ كه‌سیشى قبوڵ ناكات ده‌ستبخاته‌ كاره‌كانیه‌وه‌، هه‌روه‌ك  بێڕێزى له‌كه‌س قبوڵناكات، به‌رامبه‌ر بەها نیشتیمانى و ئاینییه‌كانى.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا داواى له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین كرد، به‌فه‌رمى داواى لێبوردن بكات، له‌ بێڕێزییانه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ كردوویه‌تى، باڵوێزخانه‌كه‌شى له‌ به‌غدا هه‌ڵوێستى خۆى ئاشكرا بكات.

له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین، (به‌یانى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 28ى نیسانى 2019)، نیهاد ره‌جه‌ب عه‌سكه‌ر ئه‌لعانى هه‌ڵسوڕێنه‌رى كاره‌كانى باڵیۆزخانه‌ى عێراق له‌ مه‌نامه‌ى پایته‌ختى وڵاته‌كه‌ى بانگهێشتكرد، ناڕه‌زایه‌تى فه‌رمى وڵاته‌كه‌ى له‌سه‌ر وته‌كانى موقته‌دا سه‌در پێداوه‌، هه‌روه‌ها به‌رپرسیارێتى ئاسایش و سه‌لامه‌تى باڵوێزخانه‌ى به‌حره‌ین له‌ به‌غدا و كونسوڵییه‌تى وڵاته‌كه‌ى له‌ نه‌جه‌ف و كارمه‌ندان تیایدا ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى عێراق.

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌حره‌ین له‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كه‌یدا بۆ به‌رپرسه‌ دیبلۆماسییه‌ عێراقییه‌كه‌، ئه‌و وتانه‌ى موقته‌دا سه‌درى به‌ مایه‌ى تێكدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا له‌قه‌ڵه‌مداوه.

به‌حره‌ین داواى له‌ عێراق كردووه‌، كه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ میدیاى و ده‌ركردنى به‌یاننامه‌یه‌ راگرێت كه‌له‌ دژى وڵاته‌كه‌ى ده‌ستیپێكراوه‌.

له‌سه‌ر ئاستى مه‌زهه‌بى و ئاینى وه‌ك ناڕه‌زایه‌تییه‌كى سپى و نه‌رم له‌ به‌رامبه‌ر به‌حره‌ین و هه‌ڵوێستى به‌رپرسانى، به‌یانى ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى و زاناى ئایینى به‌تایبه‌ت شوێنكه‌وتوانى ره‌وتى سه‌در، به‌ چەپکە گوڵه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر كونسوڵگه‌رى به‌حره‌ین وه‌ستان و خۆپیشاندانیان ئه‌نجامدا.

به‌یانى ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق، وه‌ك مامه‌ڵه‌ى هاوشێوه‌ى به‌حره‌ین بانگهێشتى باڵوێزى به‌حرینى كرد، بۆ بیناى وه‌زاره‌ت و  یاداشتى ناڕه‌زایه‌تى عێراقى له‌باره‌ى هه‌مان پرسه‌وه‌ پێدا.

پ: ئەڤین
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure